درەنگانی شەوی یەکشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد، بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران و بەتایبەت کارەبای وڵاتەکە، کە خۆی بە "وێرانکردنی ئێران" وەسفی کرد، ئەمە وەک فشارێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و بۆ ئەوەش تەنها ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتیدا بە کۆماری ئیسلامی.
لەبەرامبەردا ئێران لەبری نەرمی نواندن سەبارەت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، لەڕێی وتەبێژی سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند، کە وەڵامی هەر ئەگەرێکی لەو شێوەیە دەدەنەوە و ژێرخانی وزە و تەکنەلۆجیای زانیاریی پەیوەندیدار بە هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
هەر لەوبارەیەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی کرد بەوەی کە ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی لەوشێوەیە بکەن بە هەمان شێوەی خۆیان وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە رۆژانە لێدوانی جیاواز لە زاری دۆناڵد ترەمپەوە دەدرێت لەبارەی جەنگەوە، هەندێکجار ئاماژە بە کۆتاییهاتن و بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکان دەکات، لەلایەکی تریشەوە بانگهێشتی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دەکات بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی گەرووی هورمز، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێریشدا لە دوو لێدوانی دژبەیەکدا سەرەتا هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئێرانی کرد، دواتر رایگەیاند کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرش رادەگرن بۆسەر ناوەندەکانی وزەی ئێران و دەچنە دانوستانەوە.
ژێرخانی وزەی ئێران
کۆماری ئیسلامیی ئێران، خاوەنی ١١٠ وێستگەیە کە بە گاز کاردەکەن، تەنها ژمارەیەکی کەمیان پشت بە وزەی خاوێن دەبەستن. ئەمە بەپێی ئەو داتایانەی پێگەی "OpenInfraMap" بڵاویکردووەتەوە، کە پێگەیەکی هەواڵگریی سەرچاوە کراوەیە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ژێرخانی وزە، زانیارییەکانی لە ڕێگەی هەوڵی خۆبەخشەکانیەوە کۆکردووەتەوە.
گەورەترین سێ وێستگەی وزە کە بە غاز کاردەکات:
یەکەم: وێستگەی دەماوەند بۆ وزە، نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتەوە دوورە لە تارانەوە، توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار و ٨٦٨ مێگاواتە.
دووەم:وێستگەی شەهید سەلیمی، دەکەوێتە پارێزگای مازندەران و نزیک دەریای قەزوین، توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار و ٢١٥ مێگاواتە.
سێیەم: وێستگەی شەهید رجائی، ١١٠ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتەوە دوورە لە تارانی پایتەختەوە، توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار و ٤٣ مێگاواتە.
ئێران زۆرینەی وزەی کارەبای بە پستبەستن بە وزەی قورس بەرهەمدەهێنێت، بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم وزەیە گەیشتووەتە ٣٤٠ هەزار گێگاوات. هەروەها یەکێکی تر لە سەرچاوەکان وێستگە ئەتۆمییەکانە، کە ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشتی پێدەبەستێت و لەو ساڵەدا بڕی بەرهەمهێنانی پێنج هەزار و ٧٤٠ گێگاوات بووە.
لەلایەکی ترەوە، ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە نزیکەی ٣.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمدەهێنێت، هەروەها ١.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کۆندێنسێت و شلەمەنیەکانی دیکە بەرهەم دەهێنێت، کە ٤.٥%ی دابینکردنی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.
بەپێی ئاماری کۆمپانیای FGE Energy، کۆی توانای پاڵاوتنی ناوخۆیی ئێران 2.6 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.
داتاکانی کلیەر ئاماژە بەوەدەکەن کە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٨٢٠ هەزار بەرمیل سووتەمەنی لە رۆژێکدا هەناردە کردووە، لەنێویاندا گازی شل (LPG)، لە کێڵگەی زەبەلاحی پارسی باشوورەوە.
ئێران گازی سروشتی لە کێڵگەی دەریایی پارسی باشوورەوە بەرهەمدەهێنێت کە نزیکەی ٪٧٠ ی کۆی گازی بەرهەمهێنراوی ئێران پێک دەهێنێت. بەهۆی گەمارۆکان و سنووردارکردنییەوە، زۆربەی ئەو گازەی کە تاران لە کێڵگەی پارسی باشوورەوە بەرهەمیدەهێنێت، بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ئێران تەرخان دەکرێت.
کێڵگەی پارسی باشوور دەکەوێتە پارێزگای بوشەهر لە باشووری ئێران و بەشێکە لە گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی لە جیهاندا، لەناوچەی سنووری ئاویی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر لە کەنداوی عەرەب.
ڕووبەری ئەم کێڵگەیە نزیکەی ٩٧٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە ٣٧٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لەناو ئاوەکانی خاکی ئێران و ٦ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە دیوی قەتەرەوەیە.
خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە تەواوی کێڵگەکە نزیکەی ١٨٠٠ تریلیۆن پێ سێجا غازی تێدایە، کە بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی غازی جیهانی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ. بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا بەرهەم دەهێنێت، کە یەکسانە بە ٦% بۆ ١٠%ی بەرهەمی جیهانی.
داتاکانی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی بەرهەمی گازی سروشتیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ٢٧٦ ملیار مەتر سێجا و بەکارهێنانی ناوخۆیی ٩٤%ی ئەو بڕە پێکدەهێنێت. هێرشەکانی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا کە بە شەڕی ١٢ رۆژە ناودەبرێت، چوار یەکەی قۆناغی ١٤ی کێڵگەی پارسی باشووری کردە ئامانج.
بەپێی خەمڵاندنەکان، تەواوی کێڵگەکە نزیکەی 1.8 تریلیۆن پێ سێجا غازی تێدابێت، کە بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی غازی جیهانی بۆ ماوەی 13 ساڵ. بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا بەرهەم دەهێنێت، کە یەکسانە بە ٦% بۆ ١٠%ی بەرهەمی جیهانی.
بڕیاری راگرتنی هێرش و دەستپێکردنی دانوستان
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە بڕیاریداوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ واتە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هیچ هێرشێک بۆ سەر ناوەندەکانی وزە و ژێرخانی وزەی وڵاتەکە ناکەن، ئەمەش دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە بڕیاری هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران دێت، هەر دوای لێدوانەکەی ترەمپ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەرێگەی محەمەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، هیچ دانووستانێک لەئارادا نییە.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ سێ شەممە رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرنوتی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە ستیڤ ویتکۆفی راگەیاندووە، کە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رەزامەندیداوە لەسەر دەستپێکردنی دانوستان.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە لەسەر ١٥ خاڵ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە دانوستاندان، باسی لەوەشکرد لێکتێگەیستنی باش هەیە لەنێوانیاندا و دانوستانەکان باش دەچنە پێشەوە، بەڵام ئیسرائیل بێئاگایی لەو ١٥ خاڵە راگەیاند کە ترەمپ باسی لێوەکرد.
هەریەکە لە پاکستان، پاکستان، تورکیا و میسر بەشێکن لەو نیوەندگیرییەی لەنێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەڕێوەدەچێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە وادەی پێنج رۆژەکەی دۆناڵد ترەمپ کۆتایی دێت، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەو وادەیە درێژبکرێتەوە.