سەرۆکی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان پارێزراو نین لە هەوڵی تیرۆرکردن، ئەمریکا، سەرۆکایەتی کردن لە کۆشکی سپی میژوویەکی پڕ لە هەوڵی تیرۆرکردنی هەیە، لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، چەندین سەرۆک رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوونەتەوە. چەندین هەوڵیان پوچەڵکراونەتەوە و چوار هەوڵیان بووەتە هۆی کوشتنی سەرۆکانی ئەمریکا، لێرەدا باس لەو سەرۆکانە دەکەین کە روبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بونەتەوە.
ئەندرو جاکسۆن – 1835، حەوتەم سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 30ی کانونی دووەمی ساڵی 1835 لە کۆنگرێس لەلایەن ريچارد لۆرانس بە دوو دەمانچە هێرش کرایەسەری، بە شێوەیەکی سەیر، هەردوو چەکەکە کاری نەکرد و ئەمە بووە هۆی رزگاربوونی. ئەم رووداوە بووە یەکەم هەوڵی تیرۆر لە مێژووی سەرۆکایەتيى ئەمریکا.
ئەبراهام لینکن – 1865، 16ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە شەوی 14ی نیسانی 1865 بە گولـلەیەک تیرۆر کرا. ئەم رووداوە لە دوای کۆتایی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا روویدا و کوشتنی لینکن بووە یەکەم تیرۆری سەرکەوتوو دژی سەرۆکێکی ئەمریکا، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مێژووی سیاسی و سیستەمی پاراستن و ئاسیشی سەرۆک دانا.
جەیمس گارفیڵد – 1881، 20 سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 2ـى تەممووزی 1881 لە وێستگەی شەمەندەفەر لەلایەن تەقەکەرێکەوە بە دوو گولـلە بریندار کرا. سەرەڕای ئەوەی برینەکانی قورس نەبوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێشکەوتوو گیانی لەدەستدا و ئەم رووداوە کەميى توانای پزیشکی ئەو سەردەمەی دەرخست.
ویلیام مەکینلی – 1901، 25ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 1901 بە چەکی بێدەنگ بريندار کرا. سەرۆک لە سەرەتادا باش بوو، بەڵام دوای چەند رۆژێک بەهۆی سەختی برینەکانييهوه گیانی لەدەستدا، ئەمە بووە هۆی زیادکردنی سیستەمی پاراستنی سەرۆک لە ئەمریکا.
تیودۆر رۆزڤێلت – 1912، رۆزڤێلت 26ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو (بەڵام لەو کاتەدا کاندید بوو بۆ خوولى داهاتوو)، لە 1912 تەقەی لێکراو رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوهوە و سەرەڕای برینداربوونی، نزیکەی 90 خولەک وتاری خوێندەوە و تا کۆتایی بەردەوام بوو.
فرانکلین ڕۆزڤێلت – 1933، 32ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 1933 لە مهیامی لە لایەن چەکدارێکەوە هێرشیکرایەسەر. گولـلەکان بەر سەرۆک نەکەوت، بەڵام سەرۆکی شارەوانی شیکاگۆ کوژرا، کە نیشانی ئەوەیە هەڕەشەکان زۆرجار دەوروبەریش دەگرنەوە.
هاری ترومان – 1950، 33ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 1950 هێرشێکی چەکداری کرایە سەری و گولـلەباران کرا لەو هەوڵەدا یەکێک لە پاسەوانەکانی کوژرا، بەڵام سەرۆک بە سەلامەتی مایەوە و ئەم رووداوە بووە هۆی توندترکردنی پاراستنی سەرۆک.
جۆن کەنەدی – 1963، 35ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 1963 لە دالاس بە گولـلە لەدوورەوە تیرۆر کرا. ئەم رووداوە یەکێکە لە گەورەترین کارەساتە سیاسییەکانی ئەمریکا، هێشتا گومان و پرسیار لەسەر روونی رووداوەکە هەیە.
جێرالد فۆرد – 1975، 38ـههمين سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 1975 لە ماوەی 17 رۆژدا دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەڵام هەردوو هەوڵەکان سەری نەگرتن و سەرۆک رزگاری بوو.
رۆناڵد ریگن – 1981، 40ـهم سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە 1981 لەلایەن کەسێکەوە بە شەش گولـلە هێرش کرایە سەری. یەکێک لە گولـلەکان بەر جەستەی کەوت، بەڵام بە خێرایی چارەسەر کرا و رزگاری بوو.
لە دوای ساڵی 1981 هەوڵی تیرۆرکردنی رۆناڵد ریگن، پاراستنی سەرۆک و سیستەمی ئاسایشی کۆشکی سپی زیاتر پتەو کرا، ئەمجارەیان لە ساڵی 2005 جۆرج دەبلیو بوش-ی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە وڵاتی جۆرجیا رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بوهوە، بەڵام بوش لەو هەوڵی تیرۆرکردنە بە سەلامەتی رزگاری بوو.
دۆناڵد ترامپ_ 2024- 2026، نوێترين سەرۆکی ئەمریکا کە دووجار سەرۆکایەتی ئەمریکای کردووە، لە ساڵانی 2017 و 2025 بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، لە 13/7/2024 ترەمپ رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوەوە و گولـلە بەر گوێی کەوت، کە بە چەکی قەناس هەوڵەکە ئەنجامدرا، شەوی رابردووش 25/4/2026 لە هۆتێل هیڵتن لە نزیک کۆشپی سپی لە میانەی ئێوارەخوانێک، کە بۆ رۆژنامەنووسان بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە رێکخرابوو، تەقەیەکی زۆر لە ناوچەکە کراوە، بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی سەرۆک و بەرپرسانی ئەمریکا، تیمی پاراستنی ئاسایش سەرۆک بۆ کۆشکی سپی گواستراوەتەوە.
لە مێژووی ئەمریکادا، تیرۆرکردنی سەرۆکەکان یان هەوڵی تیرۆرکردنیان تەنها ڕووداوێکی توندوتیژی نییە، بەڵکو هەر هەوڵێکیان هۆکاری گۆڕانکاریيەکی گەورەيه لە سیستمی ئاسایش و پاراستنی سەرۆک. لەگەڵئەوەشدا بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی وڵات و بەرێوەبردنی ژیانی خەڵکە، بەڵام بە تەقاندنی گولـلەیەک رووبەڕووی سەرۆک گۆرانکاريى سیاسيى گەورە رودەدات، بەدرێژایی مێژووش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکەکانی ئەمریکا دووبارەبونهتەوە، سەرەڕای بەهێزکردنی ئاسایشی پاراستنی سەرۆک.
ئهم رووداوى تهقهكردنه له هۆتێل هيڵتن كه به گوتهى دۆناڵد ترهمپ بۆ مهبهستى تيرۆركردنى بووه، لەکاتێکدایە وڵاتهكه له جەنگێکی سەختدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ترەمپ بە کوشتنی رێبەری باڵای وڵاتهكه لە 28/2/2026 جەنگێکی دەستپێکرد کۆتاییەکەی روون نیيە، پێشوتریش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترمپ قاسم سولهيمانى، دیارترین سەکردەی سەربازيى ئێران، هەر بە بڕیارێکی دۆناڵد ترمپ کوژرا.
هەر ئەو کات ئێران ئاشکرایکرد هەوڵی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی سەرکردەکانیان دەدەن. لەزاری بەرپرسانی دیاری ئێران، باس لە تۆڵەکردنەوە لە خودی دۆناڵد ترەمپ کرا، بەڵام دوای کۆتا هەوڵی تیرۆری سەرۆکی ئەمریکا، هەر زوو ترەمپ بە دووری زانی ئێران پەیوەندی بەم هەوڵی تیرۆرکردنەوە هەبێت. بەڵام ئەوەشی باس کرد لێکۆڵینەوە لەو ئەگەرەش دەکەن .