هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمی ناو دەوڵەتی عێراقی فیدراڵە، لە ئێستادا بەهۆی ژمارەیەک لە ئاڵنگاریی و ناکۆکییەوە سیستمی فیدراڵیی لە عێراق لە قەیراندایە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو لایەنەبێت کە هاوسەنگی بۆ باری لاری فیدراڵییەت لە عێراق دەگێڕێتەوە.

لەمبارەیەوە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و باس لە داهاتووی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق دەکات، توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر رۆڵی گوتاری سیاسیی کورد لە بەغدا و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

 توێژینەوەکە باس لەوەدەکات کە دەستوری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بنەمایەکی یاسایی بۆ فیدراڵیەت داناوە و ماف و دەسەڵاتێکی فراوانی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە بەردەوام ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سیاسی، ئابووری و دامەزراوەیی بووەتەوە.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە دابەشبوونی ناوخۆیی نێوان حیزبە کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی لاوازبوونی گوتاری سیاسی کورد لە بەغدا. ئەم دابەشبوونانە کاریگەری نەرێنیان هەبووە لەسەر یەکگرتوویی هەڵوێستی کورد و توانای دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی. هەروەها لاوازی هەماهەنگی دامەزراوەیی نێوان هەولێر و بەغدا، و نەبوونی دادگای فیدراڵی کارا، بۆتە هۆی درێژبوونەوەی ناکۆکییە دەستوورییەکان.

لە ڕووی ئابوورییەوە، توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاستێکی بەرز پەیوەستە بە دۆسیەی نەوت و دابەشکردنی داهات. پشتبەستنی زۆری هەرێم بە بودجەی فیدراڵی و ناکۆکییەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت، بوونەتە هۆی شڵەژانی سیاسی و دارایی. هەروەها پشتبەستنی ئابووری عێراق بە نەوت، سیستەمی فیدراڵی لاواز کردووە و دەرفەتی جۆراوجۆرکردنی داهاتی کەمکردووەتەوە.

توێژینەوەکە سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێم پێشنیار دەکات: سیناریۆی سەقامگیری، سیناریۆی شڵەژان، و سیناریۆی چاکسازی. لە کۆتاییدا جەخت لە گرنگی یەکخستنی گوتاری سیاسی کورد، کاراکردنی ماددە دەستوورییە دواخراوەکان، و چاکسازی دامەزراوەیی و ئابووری دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و زامنکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە عێراق.