ڤیژن پریس
ئەمریکا رەزامەندی نیشاندا لەسەر گرێبەستی فرۆشتنی هێلیکۆپتەر و کەرەستەی سەربازیی بە عێراق، بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار، بەغدا داوای چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووی کردووە، ئەمریکاش چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی زەیدییە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گروپە چەکدارەکان، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی زیاتری سەربازیی پێشکەش بکات.
عێراق چەک و کەرەستەی سەربازیی زیاتری دەوێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: بڕیارێکی تایبەتی دەرکردووە بۆ فرۆشتنی کەرەستەی سەربازیی دەرەکیی بە حکومەتی عێراق، بۆ فرۆشتنی هێلیکۆپتەری جۆری (Bell 412EPX) و هێلیکۆپتەری جۆری (Bell 407M) و پارچەی یەدەگ و کەرەستە پەیوەندیدارەکانیان بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوە، حکومەتی عێراق داواکاریی فەرمی پێشکەشکردووە بۆ کڕینی هێلیکۆپتەرەکان و مووشەکی جۆری (GAU-19) و مووشەکی (M260) عەیارە (2.75) ئینجی، هەستەوەری کارۆبینین/ژێرسووری (L-3 WescamMX-15HDI) و سیستمەکانی دۆزینەوەی هەڵدانی مووشەکی (AN/AAR-60 Block 2) و رادیۆی فرێکوێنسی زۆر بەرز (VHF)، پارچەی یەدەگ، کەلوپەلی تایبەتی پشتیوانیی سەر زەوی، لایەنی تەکنیکی و راهێنان لەسەر کەرەستە سەربازییە نوێیەکان.
رێککەوتنەکە، راهێنانی فڕۆکەوان و تیمی چاکسازیی، خزمەتگوزاریی پاڵپشتی ئەندازیاریی، هونەریی و لۆجستی، لەلایەن ئەمریکا و ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، پرۆسەکە پاڵپشتی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە، لە رێگەی هاوکارییکردنی هاوبەشە ستراتیجییەکان، ئەو پرۆسەی فرۆشتنە توانای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو باشتر دەکات، بەتایبەتی بەهێزکردنی تواناکانی لە بواری گواستنەوە بە هێلیکۆپتەر، چاودێریی و بە ئامانجگرتنی ئامانجە زەمینی و ئاسمانییەکان.
کۆمپانیای دروستکەری هێلیکۆپتەرەکان
کۆمپانیای سەربازیی (بیڵ تکسترۆن) کە بارەگای سەرەکیی لە ویلایەتی تێکساسە، لایەنی سەرەکیی گرێبەستەکەی نێوان عێراق و ئەمریکایە بۆ دابینکردنی ئەو هێلیکۆپتەر و کەرەستە سەربازییانە.
دوای ئەنجامدانی گرێبەستەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داواکارییەکانی عێراقی ئاراستەی کۆنگرێس کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات، کۆنگرێسی ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لەماوەی 30 رۆژدا پێداچوونەوە بە گرێبەستەکە بکات.
سایتی "زە درایڤ" بڵاوی کردەوە، عێراق لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە دەیەوێت دەستبەرداری هێلیکۆپتەرە سەربازییەکانی جۆری (ئێم ئەی-17)ـی روسیا بێت و بیگۆڕێت بە هێلیکۆپتەری ئەمریکی.
هۆکاری بڕیارەکەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ کەمی پارچەی یەدەگی ئەو هێلیکۆپتەرە روسییانە بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە، عێراق پەلەی کردووە لە پلانی گۆڕینی سیستمی بەرگرییەکەی و نوێکردنەوەی بە تەکنەلۆجیای ئەمریکی.
هێلیکۆپتەری Bell 407M
ئەم جۆرە لەلایەن کۆمپانیای Bell Textronـی ئەمریکییەوە پەرەی پێدراوە بە تایبەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازی و ئاسایشییەکان بە تێچوویەکی کەمتر، بەراورد بە هێلیکۆپتەرە جەنگییە قورسەکان.
توانای هەڵگرتنی چەکی جۆراوجۆری هەیە بەهۆی باڵەکانییەوە، وەک موشەکی ئاڕاستەکراوی لێزەری (APKWS/Hellfire)، موشەکی (70mm) و رەشاشی قورسی جۆری (M134 Minigun).
هێلیکۆپتەرەکە کامێرای زۆر پێشکەوتووی گەرمیی لە جۆری(Thermal Imaging) و لێزەری لەسەر جێگیر کراوە کە دەتوانێت بە شەو و رۆژ و لە کەشوهەوای تەموومژاویدا ئامانجەکان لە مەودای دوورەوە چاودێریی بکات و بیپێکێت.
بەهۆی بەکارهێنانی پەروانەی چوارپەڕی و بزوێنەری بەهێزی جۆری (Rolls-Royce 250-C47E/4)، توانای مانۆڕی خێرا و سەقامگیریی بەرزی هەیە لە بەرزاییەکان و کەشوهەوای گەرمدا.
هێلیکۆپتەرەکە بۆ پشتیوانیی ئاسمانی نزیک، هاوکاریکردنی هێزە پیادەکان لە سەر زەوی، لێدانی ئامانجە جوڵاو و نەجوڵاوەکان، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی، چاودێریکردنی سنوورەکان، ناسینەوەی ئامانجەکان لە ئاسمانەوە، ئاسایشی ناوخۆ و دژەتیرۆر، گواستنەوەی خێرای هێزە تایبەتەکان بۆ شوێنی رووداوەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تاکتیکی، گواستنەوەی سەربازی و بەهاناوەچوون بەکاردەهێنرێت.
هێلیکۆپتەرەکە توانای گواستنەوەی 6 سەرباز و گواستنەوەی برینداری هەیە لە ناوچە سەختەکاندا.
هێلیکۆپتەریBell 412EPX
هێلیکۆپتەرەکە فرەئەرک و بەهێزە، بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیای Bell Textronـی ئەمریکی و Subaruـی ژاپۆنییە. بە خۆڕاگریی و کارکردنی لە کەشوهەوای سەختدا ناسراوە.
توانای بارکردنی زیاتر لە پێنج تۆنی هەیە، سیستەمی ئەلیکترۆنی پیشکەوتووی هەیە، لە رێگای شاشەیەکی دیجیتاڵییەوە زانیاریی ووردی دۆخی فڕین و بزوێنەرەکان نیشان دەدات.
خاوەنی دوو بزوێنەری جۆری (Pratt & Whitney PT6T-9)یە کاتێک یەکێک لە بزوێنەرەکان لەکاربکەوێت، توانای خۆڕاگریی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر. کابینەیەکی فراوانی هەیە کە جێگەی 14 سەرنشین و فڕۆکەوانی تێدا دەبێتەوە.
بەهۆی سەقامگیریی لە کاتی وەستان لە ئاسماندا، بۆ پڕۆسەی گەڕان و دۆزینەوە و رزگارکردنی لێقەوماوان لە چیا و دەریاکان بەکاردەهێنرێت.
توانای هەڵگرتنی بەرمیل و تانکیی ئاوی هەیە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان و ناوچە سەختەکان، دەشتوانرێت وەک ئەمبوڵانسی ئاسمانی بەکاربهێنرێت، بە دانانی چەند تەختەیەکی نەخۆش و ئامێری فریاگوزاریی سەرەتایی.
گرنگترین بەکارهێنانی بۆ گواستنەوەی هێزەکانی پۆلیس، پاسەوانی سنوور، گەڕانی پاراستنی ئاسایش و گواستنەوەی تاکتیکی، هەروەها لە بواری کەرتی نەوت و غاز و گواستنەوەی کارمەندان بۆ وێستگە و کێڵگە نەوتییە دوورە دەستەکان لەسەر وشکانی و دەریا، بەکاردەهێنرێت.
سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا
دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات سەردانی ئەمریکای کرد، رۆژی 14ـی تەمموزی 2026 لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەی دووقۆڵیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا.
سەردانەکەی زەیدی و تیمەکەی بۆ ئەمریکا، ماوەی یەک هەفتەی خایاند، ئامانجی بەغدا گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی بوو لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی ئاسایشییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووری فراوان، بەتایبەت کە بڕیارە تا 30ـی ئەیلولی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی بێت، هاوکات دوا وادەیە بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان.
ئامانجی سەرەکیی زەیدی، بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمریکا و کۆشکی سپی بوو بۆ چەککردن و کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان، لەبەرامبەر واژۆکردنی چەندین گرێبەستی گەورەی بواری ئابووری، وزە و سەربازیی.
سیاسەتی نوێی ترەمپ
دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی و خوولی دووەمی سەرۆکایەتی، لە سەرەتای ساڵی 2025، دۆناڵد ترەمپ سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو دەکات، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی، لەسەر بنەمای دەستکەوت و بەرژەوەندی ئابووری، لەو بوارەشدا چەندین گرێبەست و رێککەوتنی نوێی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و قەتەر ئەنجامداوە.
ئەمریکا و سعودیە
سعودیە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانیدا لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنی وەبەرهێنانی داوە سەرەتا بە600 ملیار دۆلار دەستی پێکرد و دواتر لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 فراوانتر کرا بۆ نزیکەی1 تریلیۆن دۆلار لە بوارەکانی ژێرخان، سەربازیی، تەکنەلۆژیا و پیشەسازیدا.
مانگی ئایاری 2025، هەردوو وڵات رێککەوتنێکی کڕینی چەک و بەرگرییان بە بەهای نزیکەی142 ملیار دۆلار واژۆ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوامە لە پەسەندکردنی فرۆشتنی چەک بە سعودیە، تەنیا لەم مانگەدا پاکێجێکی نوێی مووشەک و تەقەمەنی زیرەک بە بەهای 5 ملیار دۆلار و سیستمی مووشەکی پاتریۆت بە بەهای 9 ملیار دۆلار پەسەند کران.
پێشتریش لە ساڵی 2017، رێککەوتنێکی چەک لە نێوان ترەمپ و شای سعودیە بە بەهای 110 ملیار دۆلار بە شێوەی دەستبەجێ و 350 ملیار دۆلار لە ماوەی 10 ساڵدا واژۆ کرابوو.
سعودیە وەک هاوپەیمانی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ لەلایەن ئەمریکاوە ناسێنراوە بۆ پتەوکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی.
ئەمریکا و قەتەر
هاوکات لەگەڵ گرێبەستە گەورەکانی لەگەڵ سعودیە، ئەمریکا رێککەوتنی گەورەی سەربازی و ئابووری و وەبەرهێنانی لەگەڵ قەتەریش هەیە.
قەتەر گرێبەستێکی گەورەی بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی (ئێف-15) لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجام داوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی هێزە ئاسمانییەکانی. سەرەڕای بوونی بنکەیەکی ئاسمانیی گەورەی ئەمریکا (ئەلعەدید) لە قەتەر.
بەهای کۆی رێککەوتن و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و قەتەر کە لە ساڵی 2025 لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە واژۆ کران، دەگاتە43.5 ملیار دۆلار و زەمینە خۆش دەکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری فراوانتر کە بەهاکەی دەگاتە1.2 تریلیۆن دۆلار.
تەنیا لە بواری فڕۆکەوانی و بازرگانی، گرێبەستێکی گەورە بە بەهای 96 ملیار دۆلار لەنێوان هێڵی ئاسمانی قەتەر لەگەڵ کۆمپانیاکانی بۆینگ و جەنەراڵ ئەلیکتریک بۆ کڕینی 210 فڕۆکەی نوێ واژۆکراوە.
گرێبەستی کڕینی سیستەمی دژە درۆن لە کۆمپانیای ریتۆن بە بەهای 1ملیار دۆلار، لەگەڵ کڕینی درۆنی پێشکەوتووی MQ-9B لە کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکس بە بەهای 2 ملیار دۆلار.
سەرەڕای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک بۆ وەبەرهێنان بە بەهای زیاتر لە 38 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی بنکەی ئاسمانی ئەلعەدید و تواناکانی بەرگریی دەریایی و ئاسمانیی قەتەر.
لە نیسان و ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر گرێبەستی سەربازیی جیاواز داوە بۆ فرۆشتنی سیستمی بەرگریی موشەکی پاتریۆت و چەکی پێشکەوتوو بە قەتەر کە بەهاکەی نزیکەی 5 ملیار دۆلارە.