ڤیژن پرێس

بە نزیکبوونەوەی 30ـی ئەیلوول، پرۆسەی کۆنترۆڵکردن و کۆکردنەوەی چەکی گروپە چەکدارەکان لە دەستی حکومەتی عێراق دەچێتە قۆناغێکی هەستیارەوە؛ بەڵام لە شەنگال دۆخەکە جیاوازە. سەرەڕای گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، گروپی دیکە و جیاواز هەن، رەنگە نەچنە ژێر باری رێککەوتن و بڕیارەکانەوە وەک ئەوەی بەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 2020ـی شەنگالی نێوان هەولێر و بەغدا هات، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە مامەڵە و رێککەوتنی جیاوازتر هەیە و تاقیکردنەوەکە لەوێ بۆ بەغدا قورسترە.

بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لێدوانی جیاوازیان هەیە لەسەر کۆنترۆڵی چەکی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان. قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی مانگی ئابدا رایگەیاند: 30ـی ئەیلوول بە مانای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی چەکدانان نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی پرۆسەکەیە.

بەڵام، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە 31ـی ئاب دەڵێت: گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەردەوامە، 30ـی ئەیلوول کاتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەسەر چەکدا. حکومەت رێگە نادات هیچ لایەنێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان چەکی بەدەستەوەبێت.

کۆبونەوەی تایبەت بە شەنگال

لە 1ـی ئەیلوولی 2026 کۆبوونەوەیەکی باڵا لە بەغدا بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، سەرۆکی نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لەبارەی بارودۆخی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکە، تەنیا باس لە (دەرکردنی هێزە چەکدارەکان) نەکراوە، بەڵکو چەند بڕیارێکی ئەمنی و کارگێڕیی لەسەر شەنگال دراون لەوانە:

1- رێکخستنەوەی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شەنگال و زیادکردنی هاوکاری نێوانیان بۆ ئەوەی یەک دەسەڵاتی ئەمنی هەبێت.

2- چالاککردنەوەی پۆلیسی ناوخۆیی و گەڕاندنەوەی رۆڵی حکومەت لە بەڕێوەبردنی شەنگال.

3- کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداریی لە شەنگال؛ ئەمە گرنگترین خاڵی ئەو کۆبوونەوەیە بوو بۆ بابەتی دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان.

4- گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆیان.

ئەنجامی کۆبوونەوەی یەکی ئەیلول دەری دەخات، بەغدا بەرەو یەکخستنی دەسەڵاتی ئەمنی، چالاککردنەوەی پۆلیسی ناوخۆ و کۆتاییهێنان بە دیاردەی گروپە چەکدارەکان لە شەنگال دەڕوات؛ بەڵام ئەوەی گرنگە، دەرکردنی سەرجەم گروپە چەکدارەکان هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوامە.

ئێزیدییەکان مەرجیان هەیە

حەیدەر شەشۆ سەرکردەی هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دۆخی ئەمنی و بەڕێوەبردنی شەنگال بە تەواوی جێگیر نابێت، مەگەر گەنجانی ئێزیدی لە پاراستنی ناوچەکەدا بەشدارییان پێبکرێت و لە بڕیارداندا رۆڵیان هەبێت. 

وتیشی: "ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی بەغدا نزیک بوون لە بنەماکانی رێککەوتنی ساڵی 2020ـی نێوان هەولێر و بەغدا"، بەڵام ناڕەزایی دەربڕیووە لە ئامادەنەبوونی نوێنەرانی شەنگال لە کۆبوونەوەکەدا.

زیاتر لە سەرچاوەیەک، باس لە پلانێکی بەغدا بۆ تێکەڵکردنی ژمارەیەک لە چەکدارە ئێزیدییەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن، بەڵام یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (YBŞ) ئەوەی رەتکردووەتەوە کە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو پرسە کرابێت.

سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان

بڕیاری حکومەتی عێراق لەبارەی چەکی گروپە چەکدارەکان و ئەوەی پەیوەندی بە دۆخی شەنگالەوە هەیە چەندین ئەگەر و سیناریۆی هەیە:

یەکخستن، نەک هەڵوەشاندنەوە

یەکخستنەوەی بەشێک لە هێزە ئێزیدییەکان لە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان. ئەم بیرۆکەیە پێشتر لە عێراق هاتووەتە ئاراوە؛ موراد ئیسماعیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق، داوای کردبوو (YBŞ) لە چوارچێوەیەکی ئەمنیی نیشتمانی و بێلایەن لە ناو وەزارەتی ناوخۆ یان بەرگریدا تێکەڵ بکرێت، بە مەبەستی یەکخستنی بڕیاری ئەمنی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

سڕکردنی چەک، نەک رادەستکردنی

ئەمە گرنگترین گۆڕانکارییە لە پرۆسەکەدا، سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە 30ـی ئەیلوول، گروپەکان چەکەکانیان بە تەواوەتی دانانێن، گفتوگۆکان بەرەو رێکخستنەوە یان سڕکردنی بەکارهێنانی چەکەکان دەچن.

دواخستنی پرۆسەکە

بڕیارە بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی حکومەت و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نوێنەرانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان بدرێت سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی چەک. هەرچەندە هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر رێکارەکان نییە. ئەگەری زۆرە گفتوگۆکان بەردەوام بن و جێبەجێکردنی پرۆسەکە دوابکەوێت.

جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال

ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەولێر بگاتە میکانیزمێکی هاوبەش و رێککەوتنی ساڵی 2020ـی نێوانیان بکرێتە بنەما، هێزە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی رێکخراو بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان و یەبەشە دەستبەرداری دەسەڵاتی ئاسایش بێت، ئەوە نزیکترین سیناریۆ دەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ساڵی 2020ـی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال.

کاریگەریی لەسەر رێککەوتنی شەنگال

هاوکێشەی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و رێککەوتنی شەنگالی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هاوتەریبن و زۆر خاڵی هاوبەش و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە لەوانە:

کاریگەریی یەکەم: فشار بۆ جێبەجێکردنی بەشە ئەمنییەکەی رێککەوتنی شەنگال زیاد دەبێت، چونکە ئەگەر بەغدا بتوانێت پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێ بکات، ئەوا ئاسانتر دەتوانێت هەمان بنەما لە شەنگالیش جێبەجێ بکات.

کاریگەریی دووەم: مەترسیی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، ئەگەر یەبەشەیان هێزەکانی دیکە لە شەنگال نەمێنن، هێزی جێگرەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ بە خێرایی دروست نەکرێت، ئەوا بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت. ئەوەش لەگەڵ رێککەوتنی 2020 یەک ناگرێتەوە، چونکە بەپێی رێککەوتنەکە هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی 2500 کەسی درووست دەکرێت.

ئەو گرووپانەی ناویان هاتووە بریتین لە ئاسایشی ئێزیدیخان، یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخان، بەڵام بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە هێزە نزیکەکانیپەکەکەوە؛ بەپێی زانیارییەکان، بەغدا دەیەوێت ژمارەیەک لە فەوجەکانی حەشدی شەعبیش لە ناوچەکە دەربکات، کە7  گرووپی لە شەنگال هەن و ژمارەی ئەندامانیان بە نزیکەی2500  کەس خەمڵێنراوە.

شەنگال ئاڵنگارییە قورسەکە

ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە نیشانی بدات حکومەتی عێراق بیەوێت بە زۆر چەک بە یەبەشەدابنێت، یان لە 30ـی ئەیلوول لە شەنگال دەریان بکات. ئەوەی روونە پرۆسەی گفتوگۆ و کۆنترۆڵکردنی چەک بەردەوامە و شەنگال دەبێتە یەکێک لە ئاڵنگاریی و تاقیکردنەوە گرنگەکانی توانای بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بنەمای (چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا).

سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە: گروپە چەکدارەکان بەرەو رێکخستنی چەکەکانیان دەچن، نەک رادەستکردنی تەواوەتی چەکەکانیان. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەو وادەیە لەوانەیە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆ بێت، نەک کۆتایی پرۆسەکە.

تورکیا و فشارە ناوچەییەکان

فشارەکان تەنیا ناوخۆیی نیین، تورکیا لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام بوونی گروپەکانی نزیک لە پەکەکەیلە شەنگال بە مەترسییەک داناوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای "چەکدانان و کۆتاییهێنان بە بوونی ئەندامانیپەکەکەی لە باکوری عێراق، بە تایبەتی شەنگال و مەخمور" کردووە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پەکەکە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەستپێکردووە.

رێککەوتنی 2020؛ بنەمای نوێ

هەنگاوی نوێی بەغدا لەسەر بنەمای رێککەوتنی شەنگالی 2020 هەڵدەسەنگێنرێت؛ کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە ئەمنی و کارگێڕییەکانی ناوچەکە.

بەپێی رێککەوتنەکە، هێزە چەکدارەکان لە شەنگال دەردەکرێن و ئەرکی پاراستنی ئاسایش بۆ هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت دەگەڕێتەوە. مەبەستی سەرەکیی رێککەوتنەکە ئاسانکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆجێیی بوو لە شارەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق نەیانتوانیووە وەکخۆی جێبەجێی بکات.

جێبەجێکردنەکە جیاوازە

جیاوازیی سەرەکی ئەوەیە بەغدا کاتی بۆ جێبەجێکردنی داناوە و لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بۆ رێکخستنی دۆخی شەنگال بەڕێوەبردووە. بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نوێ نییە نیشانی بدات حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاری هێرشی سەربازی یان بەکارهێنانی فشار بۆ دەرکردنی ئەو گرووپانەی دابێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات دەسەڵاتی دەوڵەت لە شەنگال بەهێز بکات، بەڵام هەندێک لایەنی کوردی و ئێزیدی نیگەرانییان لە شێوازی بەڕێوەبردنی قۆناغی نوێ هەیە و داوای بەشدارییکردنی زیاتری خەڵکی ئێزیدی لە بڕیاردان دەکەن.