ڤیژن پرێس
وەزارەتی پەروەردە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی دیاریکرد. نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار و 150 هەزار مامۆستا، چاوەڕوانی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانن. مامۆستایان لە خولی مەشق و راهێناندان، زیاتر لە 20 ملیۆن کتێبی نوێی پرۆگرامەکانی خوێندن چاپکراون. پێداویستییە هونەری و لۆجستییەکان ئامادەن و چاوەڕوانی یەکەم زەنگی ساڵی نوێن.
مامۆستایانی کەرتی پەروەردە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستبەکاربوون و پەیوەندییان بە ناوەندەکانی خوێندنەوە کردووە، خولی مەشق و راهێنانی مامۆستایان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەردەوامە بۆ نوێکردنەوەی شێوازەکانی وانەوتنەوە و پرۆگرامەکانی خوێندن.
کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی و خوێندکار دەکات لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەکاندا. لە کاتێکدا ناوەندەکانی خوێندن رووبەڕووی قەرەباڵغی و کەمیی ژێرخان دەبنەوە، گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان و هێنانەکایەی سیستمە نوێیەکانی وەک پرۆسەی بۆڵۆنیا دەیانەوێت پرۆسەی خوێندن بەپێی پێوەرە مۆدێرنەکان دابڕێژنەوە.
دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن
پەیمان خواجە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزارەتی پەرودە ساڵنامەی خوێندنی 2026 -2027ـی پەسەند کرد، رۆژی یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026 دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت.
ئامادەکارییەکان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بۆ ئەمساڵی خوێندن 32 باڵەخانەی نوێ ئامادە کراون. تەختەی زیرەک بۆ 370 پۆلی خوێندن دابین دەکرێت. لە 32 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەش رێکخستنەوەی میلاک کراوە.
وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد: لە دوو ساڵی رابردوودا 12 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردە خانەنشین کراون، پێش راگرتنی لەجیاتی دانانی مامۆستایانی خانەنشین، هەزار و 10 مامۆستا لەجێگەیان دانراون.
وەرگرتنی قوتابیانی نوێ
وەزارەتی پەروەردە، رێکار و مەرجەکانی وەرگرتن و تۆمارکردنی منداڵان و قوتابیانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان دیاریکردبوو، بە جۆرێک پرۆسەی وەرگرتن لە باخچەی منداڵان و پۆلی یەکی بنەڕەتی لە 15ـی تەمموزی 2026 دەستیپێکرد، تاوەکو 19ـی ئابی 2026 بەردەوام بوو.
مەرجەکانی تەمەن بۆ وەرگرتن بۆ باخچەی ساوایان(حکومی) بەمشێوەیە بوو:
قۆناغی یەکەم: ئەو منداڵانەی لە نێوان (1/1/2022 تا 31/12/2022) لەدایکبوون.
قۆناغی دووەم: ئەو منداڵانەی لە نێوان (1/1/2021 تا 31/12/2021) لەدایکبوون.
پۆلی یەکی بنەڕەتی، تەنیا ئەو قوتابیانەی گرتەوە لە نێوان (1/1/2020 تا 31/12/2020) لەدایکبوون.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە پێویستە تا ـی ئابی 2026 سەرجەم پۆلەکان جیا کرابێنەوە، ناوی منداڵان و خوێندکاران لە سیستمی ئەلیکترۆنی (E-parwarda) تۆمار بکرێن. رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2026 وەک دوا مۆڵەت بۆ دابەشکردنی بەشەوانەی مامۆستایان و جێگیرکردنی خشتەی خوێندن دیاریکراوە.
سەبارەت بە وەرگرتن لە پەیمانگاکان، وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە: وەرگرتن بەپێی رێنماییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان دەبێت، بەڵام بۆ ئەو پەیمانگە پیشەییانەی کە بە سیستمی ئینگلیزی دەخوێنن، پێشکەشکردن تەنها بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
داتا و ئاماری قوتابخانەکان
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی پەروەردە، ژێرخانی کەرتی پەروەردە لە باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12 قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کۆی گشتی ژمارەی ناوەندەکانی خوێندن دەگاتە 7هەزار و 585 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان.
لەم ژمارەیە زۆرینەی رەهایان سەر بە کەرتی گشتی (حکومین)، کەرتی تایبەت (ناحکومی) خاوەنی 492 قوتابخانەیە.
لەم ناوەندانەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی و خوێندکار سەرقاڵی خوێندنن. سەرباری گەشەی کەرتی تایبەت، هێشتا قورسایی سەرەکی لەسەر کەرتی گشتییە، ملیۆنێک و 600 هەزار قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکان دەخوێنن، کە دەکاتە رێژەی زیاتر لە 90%.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە وەزارەتی پەروەردە 660 ناوەندی خوێندنی ئەهلی هەیە، لەو ژمارەیە 160 باخچەی ساوایان و 90 خوێندنگەیان نێودەوڵەتیین. کە بە سیستمی خوێندنی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی دەخوێنن.
قوتابیان لە ناو پۆلەکاندا
پەروەردەی هەرێمی کوردستان ساڵانە رووبەڕووی ژمارەیەک ئاستەنگ دەبێتەوە، گرنگترینیان قەرەباڵغی ناو پۆلەکانە، کە بەپێی داتا و ئامارەکان تێکڕای ژمارە قوتابی لە یەک پۆلدا 35 بۆ 40 قوتابی تێدەپەڕێنێت.
میلاک و گرێبەستەکان
بەپێی دوایین ئامارەکان، وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە 148 هەزار مامۆستای میلاک و گرێبەستی هەیە، دابەشبوونی مامۆستایان بەسەر پارێزگاکاندا و زۆرترینیان لە سنوری پارێزگای سلێمانیین، ژمارەیان دەگاتە 45 هەزار و 120 مامۆستا، پارێزگای هەولێر 39 هەزار و 835 مامۆستا و خاوەنی زۆرترین رێژەی قوتابخانەی ئەهلییە. هەڵەبجە 3 هەزار و 745 مامۆستا. پارێزگای دهۆک خاوەنی 26 هەزار و 153 مامۆستایە.
شێوازی دوو دەوامی
بەهۆی کەمی رێژەی بینای قوتابخانە، رێژەی %29.5ـی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دوو دەوامیی تێدا دەکرێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ژمارەیەک قوتابخانەش هێشتا سێ دەوامیین.
سەقامگیری کەرتی پەروەردە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، وەزارەتی پەرورەردە، بە فەرمی گۆڕینی زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژی بۆ مامۆستای گرێبەست راگەیاند، وەک هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی میلاکاتی پەروەردە، کە بەهۆی خانەنشین بوونی ژمارەیەک زۆری مامۆستاوە کورتهێنانی بۆ درووست بووە.
راگرتنی پلەبەرزکردنەوە
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە داواکارییەکی سەرەکیی مامۆستایانە، بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەزاران مامۆستا بێبەش بوون لە زیادبوونی مووچەکانیان، کە کاریگەریی لەسەر ژیان و بژێوییان هەیە.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە لیستی ناوەکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە ناو بودجەی داهاتوو، ئەوەش پەیوەندی بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی و دواتر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بۆ ئەوەی ئەو مافە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.
دواکەوتنی مووچە
حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەك ملیۆن و 190 هەزار و 391 مووچەخۆری هەیە، مانگانە پێویستییان بە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەکانیان. قەیرانی دارایی و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کێشەی گەورەی دروست کردووە و دواجار دابەش نەکردنی مووچەی مامۆستایان، بووەتە هۆکارێک بۆ کەموکوڕییەکانی پرۆسەی خوێندن.
کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست
تائێستا چارەنووسی هەزاران مامۆستای وانەبێژ و گرێبەست لە نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی نەکراوەتەوە، شایستەی دارایی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە مانگانە زیاتر لە 18.5 ملیار دینارە، حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان دابین دەکات بەهۆی نەناردنی شایستەکانیان لەلایەن بەغداوە.
ئامادەکارییە لۆجستی و هونەرییەکان
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رووی لۆجستییەوە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە.
پەرتووکی خوێندن
بۆ ئەمساڵی خوێندن، نزیکەی 20 ملیۆن پەرتووکی پرۆگرامی خوێندن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چاپ کراون و پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئەو پەرتووکانە دەگەنە ناوەندەکانی خوێندن.
نۆژەنکردنەوە و سووتەمەنی
پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان بەردەوامە، نوسراو ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ قوتابیان لەناو پۆلەکانی خوێندندا بۆ وەرزی زستان.
مەشق و ڕاهێنان
بەبڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە یەکی ئەیلوولی ئەمساڵەوە، مامۆستایان بەشدارییان لە پرۆگرامێکی راهێنانی 19 رۆژیدا کردووە، بۆ ئاشنابوون بە شێوازە نوێیەکانی وانەوتنەوە و بەرزکردنەوەی توانای کادرانی کەرتی پەروەردە.
دەرەنجام
بەڕای شارەزایانی پەروەردەیی، سەرەڕای ئامادەکارییە لۆجستییەکان و دابینکردنی پەرتووک، بەڵام سەقامگیریی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بەندە بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هەستیارەکانی وەک شایستەی دارایی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، دامەزراندن و یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی مامۆستایانی گرێبەست، دۆسیەی مامۆستایانی وانەبێژ و وانەبێژانی لادراو.
سەقامگیری سیاسی ناوچەکە، سەقامگیری دارایی و ئابووری، ناکۆکییە ناوخۆییەکان و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە هەمانشێوە کاریگەرییان لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن و ناوەندەکانی خوێندن هەیە.