ڤیژن پرێس

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە لوتکەی سلێمانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە ژێر یەک چەتردا راگەیاندرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لوتکەی سلێمانی، کە لە 17 و 18ـی ئەم مانگە، لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە گراند میلینیۆمی شاری سلێمانی رێکخرابوو، باسی لە رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ "لەم نزیکانە رێوڕەسمێکمان هەیە، هێزەکانی پێشمەرگە هەموویان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە، لەم ڕۆژانەدا، ئەوە بە فەرمی رادەگەيه‌نین."

دوای ئەو لێدوانە فەرمییە، ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، بە ئامادەبوونی هەر یەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی بەرگری عێراق و بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە شاری هەولێر، پرۆسەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی راگەیاند. 

پێشمەرگە هێزی هەموو کوردستانە

نیچیرڤان بارزانی: پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە دەستکەوتێکی گەورە و گرنگی دەبێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندەیە، لەمەودوا پێشمەرگە حزبی نییە و هێزی هەموو کوردستانە.

وتیشی: "پرۆسەی ریكخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە، وادەکات هیچ هێزێک لە دەرەوەی کارگێڕی وەزارەتی پێشمەرگە کار نەکات، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و بەم هەنگاوە هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یەک فەرماندە، یەک هێز و پێشمەرگە".

پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد؛ پێشمەرگە موڵکی هیچ حزبێک نییە، بەڵکو هێزی سەرجەم هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە و گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد و هەموو لایەک چەندین ساڵە لەو پێناوەدا کاریان کردووە. 

هەنگاوە مەیدانییەکان

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیکەربەندیی هێزەکاندا دروست دەکات لەوانە:

تێکەڵکردنی یەکەکانی 70 و 80

هێزەکانی سەر بە هەردوو فەرماندەیی یەکەی 70 و یەکەی 80 خراونەتە ناو پەیکەربەندییەکی سەربازیی مۆدێرن و رێکخراو و لە ژێر فەرماندەیی دەڤەری یەک و دەڤەری دووی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە. لەگەڵ رێکخستن و یەکخستنەوەی، هێزی پێشمەرگە بەسەر لیواکان، فیرقەکان و فەرماندەیی ناوچە سەربازییەکان دابەش دەبن.

سەرجەم یەکە نوێیەکان لەژێر چەتری یەک سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دیاریکراودا ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن.

گرنگی یەکخستنەوەکە

یەکخستنی یەکەکانی 70 و 80 وەک بڕبڕەی پشتی بەرنامەی چاکسازیی لە هێزی پێشمەرگە دادەنرێت؛ ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە فرەیی لە هێزی چەکدار و کۆکردنەوەی تەواوی پێکهاتە سەربازییەکانە لەژێر سایەی یەک دامەزراوەی نیشتمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

رۆڵی هاوپەیمانان

پرۆسەکە بەرهەمی هەوڵێکی چەندین ساڵەی ناوخۆی کوردستانە، کە بە پشتیوانیی راستەوخۆی دۆستانی کورد بە تایبەتی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیاندا و وتی: "ستایشی بێپایانی هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێدەکەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان."

دەستپێکی پرۆسەکە

هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆسەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سەرەتاکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و درووستکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەیکەلی کابینەی وزارییدا دەگەڕێتەوە.

دوای سەرهەڵدانی گروپی داعش و پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی 2014 و دەستپێکردنی پرۆسەی پڕچەککردن و مەشق و راهێنانی پێشمەرگە وەک هاوبەشی سەرەکیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە، لە ساڵی 2016 بە سەرپەرشتی و هاوکاریی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان، لە پێناو گۆڕینی پێشمەرگە بۆ هاوبەشێکی نیشتمانی فەرمی، کە توانای پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی هەبێت بەپێی ستانداردە سەربازییەکان جیهانییەکان، پڕۆسەی کرداریی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەستیپێکرد.

نوێکردنەوەی لێکتێگەیشتن 

واشنتۆن و هەولێر؛ لەساڵی 2022 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان نوێکردەوە، کە جەختی لەسەر بەردەوامیی چاکسازییە پێکهاتەییەکان و یەکخستنی یەکە سەربازییەکان دەکردەوە؛ لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراقدا.

راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بە شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن رادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە؛ پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە.

یەکخستنەوەی تەواوەتی

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و رێگەخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین. وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە.

دابەشکاریی نوێ

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە؛ لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییە ریشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، (لیوا و فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) جێگیر کراوە ئەوانیش:

ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی دوو ناوچەی فەرماندەیی کە دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە.

پێکهێنانی 11 فیرقەی پیادە لەگەڵ ژمارەیەک لیوا لەژێر چەتری وەزارەتدا.

کۆتاییهێنان بە پەیکەربەندییە کۆنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەت.

فشاری بەردەوام بۆ یەکخستنەوە

هۆکاری سەرەکی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ فشاری بەردەوامی شەقام و داواکاریی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە پێناو یەکخستنی پێشمەرگە و کردنی بە هێزێکی نیشتیمانی لە ژێر چەتری حکومەت و یەک فەرماندەیی، هاوکات لەگەڵ هاوکاریی و فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لەپێناو یەکڕیزیی پێشمەرگە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کەمبوونەوەی رۆڵی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. 

لێکەوتەکانی لەسەر پەیوەندیی هەولێر و بەغدا

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی و سەربازی، بوونی هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو و پیشەیی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەبێت. وەک ئاسانکاریکردن بۆ هەماهەنگیی سەربازیی هاوبەش بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش. کاراکردنی زیاتری لیوا هاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە.

بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی فیدراڵی و بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانیان، لە مەشق و راهێنان، چەک و پێداویستی و کەرەستەی سەربازیی، سەرباری مووچە و شایستە داراییەکانیان.

دەرئەنجام

راگەیاندنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێکردووە: دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە لە رووی پەیکەری سەربازییەوە. بەڕأی چاودێران دەستپێکی تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە؛ مانەوە و سەرکەوتنی ئەم دامەزراوەیە پەیوەستە بە بڕیاری سیاسیی ناوخۆیی و لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە، بۆ ئەوەی پێشمەرگە وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی دەوڵەتیی بمێنێتەوە لە دەرەوەی چوارچێوە حیزبییەکان.