شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل، ئێران و خۆپاراستنی هەرێمی کوردستان لە تێوەگلان 

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران چ لێکەوتەیەکی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟

هەرێمی کوردستان چۆن خۆی لە تێوەگلان لەم شەڕە بپارێزێت و بێلایەن بێت؟

رۆڵی کورد و هەڵوێستی لەم شەڕەدا

زیاتر لە ١٤ رۆژە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکردووە، هەرێمی کوردستان دراوسێی وڵاتی ئێران و وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت، بۆیە ئەگەری تێوەگلانی لەم شەڕەدا چاوەڕوانکراوە و بەدوور نازانرێت. 

لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و هەریەکە لە مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، زۆرینەی بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەبوون کە داوا لە کورد کراوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بکات بۆ هێرشەکانی بۆسەر ئێران، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە کە نایانەوێت کورد بچێتە ئەو شەڕەوە و زیانیان پێبگات. 

  کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک و گروپە چەکدارەکانی عێراق لەلایەکی دیکە بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا دەیان شوێنی مانەوەی ئەمریکییەکان، کونسوڵخانە، بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانان، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێک لە یەکەکانی هێزی پێشمەرگە و تەنانەت هۆتێل و یەکەکانی نیشتەجێبوونیشی کردووەتە ئامانج، به‌هۆی ئەو هێرشانەوە شەهید و برینداریش هەن. 

ئێران هۆشداری بە هەرێمی کوردستان داوە  کە لە ئەگەری هەر دەستوەردانێک یان بەشداریکردن و هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی وڵاتەکەیان، وەڵامی توندیان دەبێت، لەمبارەیەوە هەرێمی کوردستان لەڕێی وتەبێژەکەیەوە دڵنیاییدا کە هەرێمی کوردستان بێلایەن دەمێنێتەوە و نابێتە بەشێک لەو شەڕە. 

دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کورد لەم شەڕەدا

کورد چ لە رۆژهەڵاتی کوردستان چ لە باکوور و باشووریش لەم شەڕەدا دەکرێت دەرفەتی باش وەربگرن بۆ داواکاری و بەرەوپێشچوونی زیاتر، لەگەڵئەوەشدا بێ ئاڵنگاری و سەلماندنی نییەت باشی نییە، یەکەم کاری لایەنی کوردی لە هەر بەشێکی کوردستان یەکگرتوویی ناوخۆییە بەتایبەت کورد لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، پێویستە یەکگرتووییان بپارێزن لەناوخۆدا بۆئەوەی بتوانن گوتارێکی هاوبەش پیشانبدەن. 

یەکێک لەو دەرفەتانەی لەبەردەم کورد-دایە، هەڵکەوتەی هەرێمی کوردستانە لەووی جوگرافییەوە، کە دەکرێت وەک دەرفەتێک سوودی لێوەربگیرێت، لەهەمان کاتدا ئاڵنگارییشە بۆ کورد، واتە جوگرافیای هەرێمی کوردستان کە دراوسێی کۆماری ئیسلامی ئێرانە هەم دەرفەتە و هەم ئاڵنگاری، لەمێژووی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لە هاوبەشی و هاوسنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تەنگانە و نەهامەتییەکانی کورددا هاوکاریی کوردی کردووە، لەگەڵئەوەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە مەترسیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت و مەترسیبن بۆسەر ئەمنییەتی وڵاتەکەی، ئەمە سەرباری ئەوەی رێوشوێنی توندی هەیە سەبارەت بە بابەتە نەتەوەیی و چالاکییەکانی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیاترە لە پەیوەندی دراوسێیەتی نێوان دوو وڵات، چونکە ئەو پەیوەندییە ڕەگ و ریشەی مێژویی هەیە و وێرای بوونی سنوری نزیکەی (١٦٠٠) کیلۆمەتری نێوانیان، چەندین مەرزی نێو دەوڵەتی و خاڵی سنوری دیکە لەنێوانیان هەیە. هاوکات ئەو پەیوەندییە لەماوەکانی رابردوو سوودی بۆ هەر دوو لا هەبووە لەروی ئابوری و ئاڵو گۆری بازرگانی کەسالانە، بەهاکەی بە تێکڕا نزیکەی (٦) ملیاد دۆلار دەبیت. 

پرسی هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە، کە لەمیدیادا بە گروپی (پرۆکسی) بەواتای هاوپەیمان  یاخود لایەنداری ئێران ناو دەبرێن  تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی هەرێم، چەندین جاری دیکە لە چاوپێکەتنی میدیایی وراگەیەندراوی فەرمیدا، بەرپرسانی هەرێم بێلایەنی هەرێمیان لەم جەنگە دووپات کردووەتەوە. ئاشکرایان کردووە ئەوان نابن بەبەشێک لەم جەنگە. رێگەش نادەن لەخاکی هەرێمی کوردستانەوە هێرش بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دوو هێز هەژموونی باڵایان دەبێت، ئەوانیش هەریەکە لە (تورکیا و ئیسرائیل) دەبێت، بۆیە کورد دەبێت لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بە وریاییەوە مامەڵە بکات بە لەبەرجاوگرتنی ئەو داهاتووەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دێتەئاراوە، ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات درێژکراوەی رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر و دواترە، ئەمانە زنجیرە سیناریۆیەکی دارێژراون لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ رێکخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان جێگیرە و ئەمریکاش بەپێی مامەڵەکردنی لەماوەی رابردوودا، مەبەستیەتی هەرێم وەک ناوچەیەکی ئارامی سەقامگیر لەم دۆخەدا بمێنێتەوە، بۆیە ئەمە دەکرێت دەرفەت بێت و هەرێمی کوردستان بتوانێت رۆڵی کاریگەری هەبێت نەک پاشکۆ بێت و بەکاربهێنرێت. 

هەرێمی کوردستان چۆن بێلایەن بێت؟

هەرێمی کوردستان دەبێت هەوڵی ئەوە بدات لەم شەڕەدا بە بێلایەنی و بە ئاشتی دەرباز ببێت و دوورکەوێتەوە لە تێوەگلان، کورد دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەردوولادا بکات وەک لایەنێکی ئاشتی،بە بۆ چوونی چاودێران گوتاری سیاسیی کورد تا ئێستا زۆرباشە، هێزە سیاسییەکانیش بەباشی کۆنترۆڵی هەڵوێستەکانیان کردووە، ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بێت کورد هەماهەنگی هەبێت لەگەڵیاندا، لەوکاتەدا میلیشیا چەکدارەکانی عێراق و وڵاتی ئێرانیش بێدەنگ نابن و کاردانەوەیان ئەبێت. 

هەرێمی کوردستان، دەبێت بەجۆرێک مامەڵە بکات کە کۆتایی شەڕەکە بە نزیکەیی یەکلایی ببێتەوە، لەبەر رۆشنایی ئەوەدا بڕیار بدات چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیای ئەمریکی و ناوخۆش بڵاوکراوەتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ مەسعود بازرانی و بافڵ تاڵەبانی بەشێوەی راستەوخۆ هیچ داوایەکی هەماهەنگی و هاوکاری لێنەکردوون سەبارەت بە شەڕ دژی ئێران. 

ئەمە بۆ کورد و هەرێمی کوردستان، خاڵێکی ئەرێنییە، لەگەڵ ئەوەشدا پاراستنی ئەو حزبانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، دەکرێت بەڵگەیەک بێت بەدەست کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ئەنجامدانی بۆردومان.

زیاد بوونی هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئێران مەترسی جدی هەیە کە لەخاکی هەرێمی کوردستانەوە هێرشی بکرێتە سەر. بۆیە بەردەوام هێرش دەکات و ناوچە جیاوازەکان بۆردومان دەکات. وێڕای دڵنیایی کردنەوەی بەرپرسانی ئەمنی کۆماری ئێسلامی ئێران، لەلایەن بەرپرسانی عێراو  هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئێران بەردەوامە لە کردە سەربازییەکانی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان، بۆیە بێلایەنی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستە بە کردار بسەلمێندرێت، بوئەوەی  هەرێمی کوردستان لە گرژییەکان پارێزراو بێت.