پێشەکی
بەهۆی پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەری میدیا لەسەر بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادبووە. ئەم کاریگەرییە لە کاتی جەنگ و پشێوی ئەمنییەکاندا زیاتر دەبێت، چونکە زانیاری و هەواڵ دەتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەڵوێستی خەڵک، باری دەروونی کۆمەڵگە و حاڵەتی ئەمنی و سیاسی وڵاتان دابنێن.بۆیە لەکاتی ئەم جەنگەی ئێستادا پرسی رووماڵی میدیایی بۆردوومان و هێرش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، گرنگی زۆری پێدەدرێت و بەشێکی پسپۆرانی میدیایی باس لەوە دەکەن، ئەم پرسە گرنگە پێویستی بە رێکخستەوە هەیە.
رۆژنامەوانی جەنگ (War Journalism) یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی راگەیاندن، کە تایبەتە بە روماڵکردنی ملمـلانێ و جەنگە سەربازییەکان. لە ئەم جۆرە رۆژنامەوانییەدا، رۆژنامەنووسان بەردەوام دەبێت هاوسەنگی نێوان مافی خەڵک بۆ زانیاری و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی سیاسەتی میدیایی لە کاتی جەنگدا جیاوازتر و هەستیارتر بێت لە سیاسەتی راگەیاندنی کاتی ئاسایی.
چەمکی رۆژنامەوانیی جەنگ
رۆژنامەوانیی جەنگ، بریتییە لە گواستنەوە و شیکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە ملمـلانێ سەربازییەکان، جەنگ، بۆردومان، کۆنترۆڵی ناوچەکان و کاریگەرییە مرۆیی و سیاسییەکانیانی جەنگ. ئەم جۆرە رۆژنامەوانییە لە ڕاستیدا یەکێکە لە قورسترین بوارەکانی پیشەی رۆژنامەوانی، چونکە رۆژنامەنوسان زۆرجار لە ناوچەی مەترسیدا کار دەکەن و دەبێت لە هەمان کاتدا پابەندبن بە بنەماکانی پیشەیی و ئێتیکی میدیایی.
میدیا لە کاتی جەنگدا تەنها گواستنەوەی هەواڵ ناکات، بەڵکو کاریگەریی لەسەر دروستکردنی رایگشتی و هەڵوێستی سیاسییش هەیە. بۆیە لە زانستی راگەیاندندا دوو جۆر رۆژنامەوانی هەیە:
رۆژنامەوانیی جەنگ (War Journalism)
رۆژنامەوانیی ئاشتی (Peace Journalism)
رۆژنامەوانیی جەنگ
لە رۆژنامەوانیی جەنگدا زۆرجار جەخت لەسەر لایەنەکانی جەنگ، هێز و سەرکەوتن دەکرێت، بەڵام لە رۆژنامەوانیی ئاشتیدا گرنگی بە چارەسەر و کەمکردنەوەی ملمـلانێ دەدرێت.
ئەرکی میدیا لەکاتی جەنگ
ئاشکرایە کە سەرەکیترین ئەرکی میدیا گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییە. بەڵام لەکاتی جەنگدا ئەم ئەرکە فراوانتر دەبێت و چەند لایەنێکی دیکەش لەخۆدەگرێت. یەکەمین ئەرک بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستکراوە، چونکە هەواڵی ناڕاست دەتوانێت دڵەڕاوکێ و ترس لەناو کۆمەڵگەدا دروست بکات.
هەروەها میدیا دەبێت لایەنی مرۆیی رووداوەکان رەچاوبکات. جەنگ تەنها ملمـلانێی سەربازی نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، منداڵان، ژنان و کەسانی سڤیل هەیە. بۆیە روماڵێک کە لایەنی مرۆیی رەچاوبکات لەکاتی جەنگدا دەبێتە بەشێکی گرنگ لە کارکردنی میدیا.
لە لایەکی دیکەوە، میدیا دەبێت هەوڵ بدات رێگری بکات لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری هەڵە و چەواشەکاری لە کاتی جەنگدا. رۆژنامەنووس دەبێت پارێزگاری بکات لە دروستی زانیارییەکان، سەرباری ئەوە پاراستنی لایەنی ئاسایشی نەتەوەیی، شوێنە هەستیارەکان و ئەو ناوچانەی جێی مەبەستی لایەنی ئەنجامدەری هێرشن "دوژمن"، هەروەها دوورکەوتنەوە لە دەرخستن و پیشاندانی شوێنی زیانبەرکەوتوو، زانیاریی ورد لەبارەی زیانەکان و قوربانییەکان. ئەمەش پێویستی بە رۆژنامەنووسی شارەزا و بەئەزموون هەیە کە بتوانێت زانیارییەکان بە وردی دیاری بکات کە کامیان بۆ بڵاوکردنەوە شیاوە و چ زانیارییەک دەبێت بپارێزرێت.
کاریگەریی میدیا لەسەر باری دەروونی کۆمەڵگە:
یەکێک لە گرنگترین رۆڵی دامەزراوە میدیاییەکان لە کاتی جەنگدا،کاریگەرییەتی لەسەر باری دەروونیی هاوڵاتییان . بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی توندوتیژی، بۆردومان و وێرانکاری دەتوانێت ترس و دڵەڕاوکێی گەورە لە کۆمەڵگەدا دروست بکات.
لە زانستی دەروونناسی راگەیاندندا باس لەوەدەکرێت، بڵاوکردنەوەی وێنەکانی جەنگ بە شێوەیەکی زۆر و بەربڵاو، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەکرێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی دڵەڕاوکێ و ناجێگیری دەروونی. بۆیە میدیا دەبێت هاوسەنگی لەنێوان مافی خەڵک بۆ زانیاری و پاراستنی ئارامی دەروونیان بپارێزێت.
ئەزموونە جیهانییەکان لە روماڵی جەنگدا
مێژووی جەنگە جیهانییەکان پیشانیدەدات کە میدیا رۆڵێکی گەورەی لە ئاراستەکردنی رایگشتیدا هەبووە. لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، دەوڵەتان بە شێوەیەکی بەرچاو میدیا و پروپاگەندەیان بەکارهێناوە بۆ بەهێزکردنی لایەنی دەروونیی خەڵک و سەربازەکانیان.
جۆزیف گۆبلز، وەزیری پروپاگەندەی ئەڵمانیای نازی لەوبارەیەوە پێیوابووە، کە دووبارەکردنەوەی بەردەوامی یەک هەواڵ دەتوانێت ببێتە هۆکاری باوەڕپێکردنی لای خەڵک. دەڵێت: "میدیا دەتوانێت بیروباوەڕ و هەڵوێستی کۆمەڵگە بگۆڕێت.”
لە سەردەمی نوێدا، کەناڵە جیهانییەکان وەکو BBC و CNN سیستەمێکی تایبەتیان بۆ روماڵی جەنگ هەیە. ئەم دامەزراوانە رۆژنامەنووسانی تایبەت و راهێنراویان هەیە کە بە ناوی “War Correspondent” ناسراون و بەردەوام بۆ ناوچەکانی ملمـلانێی سەربازی و جەنگ دەنێردرێن.
مەترسییەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری سەربازی
یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکان لە کاتی جەنگدا بڵاوکردنەوەی زانیارییە سەربازییەکانە. گواستنەوەی شوێن، لۆکەیشن، وێنەی درۆن و موشەک یان ناوچە بۆردومان کراوەکان دەتوانێت یارمەتی دوژمن بدات بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی هێرشەکانی.
بۆیە زۆربەی وڵاتان سنوورێکی یاساییان بۆ ئەم بابەتە داناوە، لە هەندێک وڵاتدا بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیارییانە بە تاوانی یاسایی دادەنرێت، چونکە دەتوانێت ئاسایشی نەتەوەیی بخاتە مەترسییەوە.
بۆ رێکخستنی کارکردنی میدیا لە کاتی جەنگدا، زۆرجار پێویستە دەوڵەت یان حکومەت رێنمایی و یاسای تایبەت دەربکەن. لە هەرێمی کوردستانیش فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند رێکارێکی گرنگی دیاریکردووە، لەوانە:
بڵاونەکردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆی درۆن و موشەک
بڵاونەکردنەوەی شوێن و لۆکەیشنی ناوچە بۆردومان کراوەکان
وێنە نەگرتنی شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان
پشکنینی زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوە
هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا فەرمییەکانی حکومەت
ئەم رێکارانە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە هەستیارەکان دانراون.
میدیای کوردی و چالاکییەکانی لە کاتی ملمـلانێ
لە چەند ساڵی رابردوودا، میدیای کوردی بە شێوەیەکی فراوان لە روماڵی رووداوە سەربازییەکان بەشداربووە، بە تایبەتی لە کاتی شەڕی داعشدا. ئەم ئەزموونە نیشانیدا کە میدیا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی لە پشتگیریی و بەرزکردنەوەی هێز و ورەی خەڵک و سەربازاندا هەبێت.
بەڵام لە هەمان کاتدا، هەندێک کێشەش دەبینرێت، وەکو بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی هەستیار یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە، کە دەکرێت زیانی بۆ هەرێمی کوردستان و شوێنە هەستیارەکان و ئاسایشی نیشتمانی هەبێت. بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە رۆژنامەنوسان پێویستیان بە پەرەپێدانی راهێنان و خوێندن و زانستی راگەیاندنی جەنگ هەیە.
دوورکەوتنەوە لە دەرخستن، باسکردن و پیشاندانی شوێنە هەستیارەکان، هێڵەکانی بەرگری، پلانی هێزەکان و ناوچەکانی بەرگری، چەک و ئامادەکارییەکان چ بۆ جەنگ چ بۆ بەرگریکردن.
هەروەها دوورکەوتنەوە لە پیشاندانی زیانەکان و ناوچەی بۆردومانەکان و هۆکارەکانی بۆردوومانکرد و زانیارییە سەربازییەکان، ئەمانە سەرجەمیان دەچنە خانەی ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە لە کاتی جەنگدا میدیا بە چەکێکی دووسەرە دادەنرێت.
لە کۆتاییدا دەتوانرێت بڵێین کە میدیا لە کاتی جەنگدا یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکان بۆ ئاراستەکردنی رایگشتی و باری دەروونی کۆمەڵگە. بۆیە رۆژنامەنووسان دەبێت بە شێوەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکان بکەن.
پابەندی بە ئیتیکی پیشەیی، رەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوە، هەموویان بنەمای سەرەکی رۆژنامەوانی جەنگن.
لە هەمان کاتدا، دامەزراوە میدیاییەکان دەبێت سیاسەتێکی ڕوون و ستراتیجێکی پیشەییانەیان هەبێت بۆ روماڵی جەنگ. بەکارهێنانی ئەزموونی جیهانی و راهێنانی رۆژنامەنووسان دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ پەرەپێدانی میدیایەکی پیشەیی و بەرپرسیار لە کاتی ملمـلانێ و جەنگەکاندا.