د. ئاکۆ حه‌مەکه‌ریم
بۆ تێگەیشتن و پێشبینیکردنی بڕیار و سیاسەت و فەلسەفەی هەر سەرکردەیەک، پێویستە سەرەتا لە کەسایەتی و بیرکردنەوە و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێبگەین، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرکردەیەکی سیاسی تەقلیدی نییە، بەڵکو ئەو بزنسمان و پێشکەشکار و براندێکی جیهانییە و یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە زۆرترین مشتومڕی لە ناوخۆی ئەمریکا و جیهاندا دروستکردووە.
ترمپ یەکێکە لەو سەرکردانەی کە لەجیهاندا زۆرترین مشتومڕی بە لێدوان و قسە و پۆستەکانی دروستکردووە و وێنایەکی وای پیشانداوە کە ناڕوونە و نا توانرێت لێ تێبگەیت. بۆیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی چەمکێک بۆ سیاسەتی و رێباز و بنەماکانی ترەمپ بەکاردێت کە پێشبینی نەکراوە (Unpredictability)، بەو مانایەی سەر بە رێباز و قوتابخانەی هزرییە کلاسیکییەکان نییە و نا‌توانیت لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لێکدانەوە بۆ سیاسەتەکانی بکەیت.
لەگەڵ ئەوانەشدا دەتوانین لە ترەمپ تێبگەین، رەنگە باشترین رێگە بۆ تێگەیشتن لە ترەمپ کتێبەکەی بێت به‌ناوی هونەری رێککەوتن (The Art Of Deal) کە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆنی شوارتز نوسراوە و لە ساڵی 1987 بڵاوکراوەتەوە و یەکێکە بووە لە پڕفرۆش‌ترین کتێبەکان. پێشئەوەی باسی کتێبەکەی بکەین بە پێویستی دەزانم باسێکی فیلمی شاگردەکە یان راهێنراوەکە (The Apprentice) کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە و باس لەسەردەمی لاوێتی دۆناڵد ترەمپ دەکات و لەلایەن عەلی عەباسی کە بەرەگەز ئێرانییە دەرهێنراوە و وەک خۆی دەڵێت فلیمەکە لە رووداوە راستەقینەوە وەرگیراوە.
ترەمپ لە فلیمەکەدا کە باسی ساڵانی حەفتاکان دەکات وەک گەنجێکی بەتەماحی هەڵپەکەرە دەردەکەوێت و دەیەوێت بەزووترین کات بگاتە لوتکەی دەوڵەمەندی لە نیویۆرک و چاوی بە (رۆی کۆهین) دەکەوێت کە پارێزارێکی لێزانی دڵرەقی بێبەزییە، ترەمپی بەدڵ دەبێت و دەستی دەگرێت و فێری نهێنییەکانی سەرکەوتنی دەکات، كۆهین سێ یاسا به ترەمپ ده‌ڵێت و ئه‌ویش لەگوێ دەگرێت و دەیکات بە بەرنامه و یاسای خۆی.
سێ یاسا کە ترەمپ لەژیانی واقعی خۆیدا جێبەجێ کردووە بریتین له:
یەکەم/ بەردەوام هێرش بکە: هێرش بکە، هێرش بکە، هێرش بکە؛ بۆ سەر نەیار و کێبڕکێکارەکانت بۆ ئەوەی بەردەوام لە دۆخی بەرگریدا بن و نەتوانن هێرش بکەنە سەرت. ئەم تەکنیکە یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ترەمپ کە لە کەمپینەکانی هەڵبژاردن لەدژی هێلاری کلینتۆن و جۆ بایدن و کامالا هاریس بەکاردەهێنا، بەردەوام هێرشی دەکردە سەریان و بەکەسانی نەزان و بێ مستەوا و بی بەرنامە و درۆزن وەسفی دەکردن.
دووەم/ هەرگیز دانمەنێ بەهەڵەدا: دان بە هیچ شتێکدا مەنێ، ئینکاری هەموو شتێک بکە. ترەمپ بەردەوام کە رووبەڕووی رەخنە و کەمکورتی دەبێتەوە بەردەوام ئینکاری لێ دەکات، دەیان جار رووبەڕووی دادگا و لێپیچنەوە کرا هەرگیز نەیوت هەڵەم.
سێهەم/ بەردەوام خۆت بەسەرکەوتوو پیشانبدە تەنانەت ئەگەر دۆڕاویش بیت: لە سەردەمی قەیرانی پەتای کۆڤید-١٩دا، ترەمپ رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوەوە، بەڵام خۆی بەسەرکەوتوو نیشان دەدا. باشترین نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 دوای دۆڕانی بەرامبەر جۆ بایدن، ترەمپ وتی من بردوومەتەوە و بە و ساختەکاریم لێ‌کرا.
ئەم سێ یاسایە بەشێوازێکی جیاواز و وردتر ترەمپ لە کتێبەکەی (هونەری رێککەوتن) باسی دەکات، کە چەندین بنەما و یاسا دادەنێت بۆ ئەنجامدانی سەفقەیەکی سەرکەوتوو، کە خۆی هەم لە بزنس هەم لە سیاسەت بەکاری دەهێنێت و زۆرێک لەو بنەمایانەی کە لە کتێبەکەیدا باسی کردووە، لە کۆشکی سپی چ لە سیاسەتی ناوخۆیی و چ لە سیاسەتی دەرەوەیدا، جێبەجێ کردووە.
بەگشتی دەتوانین چەند بنەمایەک لە شێوازی کاری ترەمپ دیاری بکەین:
- باشترین ئۆفەر
ترەمپ جەخت لەسەر گرنگی دانوستانی بەهێز و توند دەکاتەوە، پێیوایە دەبێت هەر لەسەرەتاوە بتوانیت ئۆفەرێکی بەهێز پێشکەش بکەیت کەناوی دەنێت "باشترین ئۆفەر"، ئەگەر ئۆفەر بەرامبەریشت بەدڵ نەبوو ئەوا لێ دووربکەوە. لە دانوستاندن لەسەر نافتا (NAFTA) ترەمپ توانی رێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکوور (نافتا) لە بەرژەوەندی ئەمریکادا ئەنجامبدات.
ترەمب ده‌یه‌وێت سه‌ركه‌وتنی خێرا و رێككه‌وتنی خێرا به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌و نایه‌وێت شه‌ش مانگ به توێژینه‌وه‌كانه‌وه به‌سه‌ر ببات و به‌لایه‌وه گرنگ نییه مێژووی كێشه‌كان بزانێت و كاریگه‌رییه‌كانیان له 10 ساڵی داهاتو بزانێت، ئه‌و ئه‌م روداوانه وه‌ك رێككه‌وتن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ده‌بینێت، غه‌زه و مه‌له‌فی ئه‌تۆمی ئێران وه‌ك ئاڵوگۆڕی بازرگانی ته‌ماشا ده‌كات. كه‌سانی نزیك و چوارده‌وریشی هه‌ر كه‌سانی بازرگان و بزنسمانن كه ئه‌وانیش هه‌ر رێككه‌وتن و مامه‌ڵه و دانوستان و رێككه‌وتنی بازرگانی ده‌كه‌ن.
- سەرکەوتن بەهەر نرخێک
بیرکردنەوەی ترەمپ بیرکردنەوەیەکی میکیاڤیلییانە، هەموو ئامرازێک بەکاربهێنە لەپێناو سەرکەوتن، گرنگ نییە ئامرازەکان یاسای و شەرعییە یان. ترەمپ سەرکەوتنی دەوێت بەهەر نرخێک بێت win-at-all-costs .
تره‌مپ یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی دۆڕان ره‌ت ده‌كاته‌وه و به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت براوه بێت، له هه‌ر دۆخێكیشدا هه‌ست بكات به‌ره‌و دۆڕان ده‌ڕوات هه‌رگیز دان به شكست و هه‌ڵه‌كانیدا نانێت و هه‌ر رێككه‌وتنێكیش له دۆخی دۆڕاندا ئه‌نجام بدات به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ریده‌خات كه سه‌ركه‌وتنی مه‌زنه و كه‌س پێش تره‌مپ نه‌یتوانیوه ئه‌و كاره بكات.
- پۆپۆلیستی
تره‌مپ بەزمانی جەماوەری و پۆپۆلیستانە قسە دەکات و گۆێ بەئەتەکێت و پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی نادات و كه‌سێكه قسه‌كانی له جددی ناچن، پێناچێت ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانڵێت له ده‌می كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی و سه‌رۆكی وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكاوه بێته ده‌ره‌وه. بۆیە زۆرجار قسە و پۆستی پێچەوانەی دژ بەیەک دەکات.
ترەمپ بەگوتاری پۆپۆلیستی توانی دووخولی سەرۆکایەتی ئەمریکا بباتەوە، به بەرزکردننەوەی دروشمی (America First) ئه‌مریكا یه‌كه‌مجار، به‌ڵام زۆرینه‌ی ره‌خنه‌گرانیی سیاسی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه تره‌مپ ئه‌م دروشمه‌ی بۆ تره‌مپ یه‌كه‌مجار گۆڕیوه، چونكه ئه‌و سه‌رنجی ته‌واوه‌تیی له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی خۆیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی تێكه‌ڵ كردووه و خۆشی وه‌ك باشترین سه‌ركرده‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ناوده‌بات، به‌رده‌وام له هه‌وڵی تێكدانی وێنه‌ی سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆیدایه به‌تایبه‌ت جۆ بایدن كه به (Sleepy joe) بایدنی خه‌واڵوو ناوی ده‌بات و ئۆباماش به خراپترین سه‌رۆك له مێژووی ئه‌مریكا ده‌ناسێنێت.
یه‌كێكی دیكه له تایبه‌تمه‌ندییه پۆپۆلیستییه‌كه‌ی له كه‌سایه‌تیی تره‌مپدا هه‌یه ئه‌وه‌یه له هه‌ڵمه‌ته‌كانیه هه‌ڵبژاردندا به‌رده‌وام به‌ڵێنیده‌دا كه (زه‌لكاوه‌كه پاك بكاته‌وه) و ده‌یوت حكومه‌تی ئه‌مریكا و واشنتۆن به‌ده‌ست گروپێك له گه‌نده‌ڵكارانه‌وه كۆنتڕۆڵكراوه و خۆی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵكارییه ده‌ناساند كه دۆخه‌كه چاك ده‌كاته‌وه.
یه‌كێكی دیكه له دروشم و كاره‌كانی تره‌مپ دانانی سنورێك بوو بۆ چوونی كۆچبه‌ر بۆ ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت له مه‌كسیكه‌وه به‌جۆرێك باسی دۆخه‌كه ده‌كات كه ئه‌م كۆچبه‌رانه ژیانیان له ئه‌مریكا تێكداوه و ئه‌م دێت و ئه‌مریكییه‌كان له‌و مه‌ترسییه رزگار ده‌كات.
- زۆرترین فشار
یەکێکی تر لە بنەماکانی ترەمپ بریتییە لە "زۆرترین فشار" لە بەرامبەرەکەت تا ناچاری رێککەوتن یان ملکەچی دەکەیت. رەنگە باشترین نموونە کشانەوە بێت لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، ترەمپ پێوابوو کە "رێکەوتنێکی خراپە" و پێویستە رێکەوتنێکی نوێ ئەنجام بدرێت، بۆ فشار خستنەسەر ئێران کشایەوە.
بۆ ئەوەی زۆرترین فشار بخاتە سەر چین، ترەمپ سیاسەتی سەپاندنی باج و تەعریفەی گومرگی بەسەردا سەپاند. رێژەی تەعریفەی گومرگی بەسەر شمەکی چیندا زیاد بکات بۆ لە 100٪.
- مامەڵەی گەورە
لەکتێبی هونەری رێککەوتنەکەدا، ترەمپ جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە مامەڵە لەگەڵ کەسانی گەورە بکەیت Deal With The Top نەك بچوک، بەواتەیەکی تر "مامەڵەی گەورە" بکە نەک "مامەڵەی بچووک". لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ هەمیشە هەوڵی داوە خۆی وەک "مامەڵەکاری گەورە" پیشان بدات، دیارترین نموونەش هەوڵدانی بوو بۆ رێککەوتن لەگەڵ رووسیا، هەروەها لە تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ هیواداربوو لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکووردا رێککەوتنێکی مێژوویی واژو بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
بەهەمان شێوە، پێوایە پێویستە مرۆڤ گەورە بیربکاتەوە Think Big لەم بارەیەوە ترەمپ دەڵێت "ئەگەر بڕیارە بیربکەیتەوە ئەوا گەورە بیر بکەرەوە، زۆربەی خەڵک بیر لەشتی بچووک دەکەنەوە، چونکە زۆربەی خەڵک لە سەرکەوتن دەترسن لە بڕیاردان دەترسن لە بردنەوە ئەترسن".
- بەکارهێنانی میدیا
یەکێکی تر لە رێساکانی ترەمپ ئەوەیە کە پێویستە بە بەهێزی لە میدیا دەرکەوێت و راگەیاندنەکان لە بەرژەوندی خۆت بەکاربهێنیت. لەم بارەیەوە دەڵێت: دەبێت وێنەیەکی بەهێز دروست بکەیت نەک لەسەر بنەمای دەستکەوتە ڕاستەقینەکانت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی کە خەڵک چۆن دەتبینن. بەواتایەکی تر گرنگ نییە لە واقعدا سەرکەوتووی یان نا، گرنگ ئەوەیە خۆت بەسەرکەوتوو نیشان بدەیت و خەڵکیش وا بتبینن.
ترەمپ بە شێوەیەکی بەرفراوان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنێت بۆ ئاڕاستەکردنی پەیامەکان بۆ گەلی ئەمریکا و جیهان. زۆرجار ترەمپ هەڵای میدیایی لە سەرهەندێک بابەت دروست دەکات بۆ ئەوەی لەسەنتەردا بمێنێتەوە و ڕایگشتی لە بەرژەوەندی خۆی راکێشیت و میدیا لە ژێر کۆنتڕۆڵ‌دا بمێنێتەوە.
تره‌مپ به‌رده‌وام له‌كاتی لێدوانه فه‌رمییه رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا هه‌وڵده‌دات په‌یامنێر و ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه بشكێنێته‌وه كه سیاسیه‌تی كاری ده‌زگاكه‌یان دژی سیاسه‌ته‌كانییه‌تی، له رابردوودا چه‌ندین جار ئه‌و كاره‌ی كردووه و هه‌ر پرسیارێكی به‌دڵ نه‌بێت به رۆژنامه‌نووسه‌كه ده‌ڵێت: تۆ له میدیایه‌كی چه‌واشه‌كار كار ده‌كه‌یت و تا ئاستی شه‌خسیش سوكایه‌تیی به میدیاكاران ده‌كات.
له‌م ئیداره نوێیه‌ی تره‌مپدا، شتێكی جیاواز به‌دیده‌كرێت ئه‌ویش به‌كارهێنانی پلاتفۆرمی (Truth Social) كه خۆی تایبه‌ت به خۆی دروستی كردووه، ئه‌م پلاتفۆرمه مێژووی دروستكردنه‌كه‌ی بۆ دوای رووداوی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر بینای كاپیتۆڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه له 6/1/2021 كاتێك به‌كارهێنانی (تویته‌ر، فه‌یسبووك، ئینستاگرام) له تره‌مپ قه‌ده‌غه‌كرا، ئێستا ئه‌و پێگه‌یه بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی لێدوانه زۆر گرنگه‌كانی تره‌مپ.
- متمانەی رادەبەدەر
تره‌مپ متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به خۆی هه‌یه و متمانه‌ی به هیچ كه‌سێكی دیكه نییه، به‌ته‌واوه‌تیی پشتی به بیركردنه‌وه‌كانی خۆی به‌ستووه و پێی وایه زۆر باش شاره‌زای سیستمی سیاسی ئه‌مریكا و خودی ئه‌مریكییه‌كانه.
ئیلیۆت ئه‌برامز كه پارێزه‌ره و له چه‌ند ئیداره‌یه‌كی رابردووی ئه‌مریكا و ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ كاری كردووه ده‌ڵێت له‌كاتێكدا تره‌مپ به‌رامبه‌ر جۆ بایدن له خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییدا دۆڕا، هه‌موو جیهان پێی وابوو كه كۆتایی به تره‌مپ هاتووه و جارێكی دیكه نه ده‌بێته‌وه به سه‌رۆك و نه ناوی ده‌بیسترێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌وت و به‌رده‌وام دڵنیابوو له‌وه‌ی جارێكی دیكه ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه ده‌ست، ئه‌و كاره‌ی كرد و مێژوویه‌كی ده‌گمه‌نی له وڵاته‌كه دووباره كرده‌وه.
ئه‌و خۆی به‌وه نابینێت كه كار بۆخۆی ده‌كات، پێی وایه كارێك ده‌كات كه سیاسییه‌كانی پێش خۆی توانای چاره‌سه‌ركردنیان نه‌بووه، چونكه له‌وه لاوازتر بون له كێشه‌كه تێبگه‌ن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
- وەلائی تەواویی
تره‌مپ له پێكهێنانی تیمیی ئیداره‌كه‌یدا مه‌رجی وه‌لائی ته‌واوه‌تی داناوه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وانه‌ی له چوارده‌وری كارده‌كه‌ن هه‌مووان به‌رده‌وام هاوڕای بیروبۆچوونه‌كانی بن و دژی نه‌وه‌ستنه‌وه. تیمێكی شه‌خسی بۆ كاره‌كانی داناوه و تیمێكه ده‌گمه‌ن رای جیاوازی له رای تره‌مپ تێدا دروست ده‌بێت. تەواو پێچەوانەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترمپ کە زۆر لە ستافەکەی کەسایەتی بەهێزی کۆمارییەکان بوون و زۆربەیان وازیهێنا یاخۆد دەرکران.
- پرۆسه‌ی بڕیاردان
تره‌مپ شێوازی بڕیاردانی ئه‌مریكاشی به‌پێی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی گۆڕیوه، به‌جۆرێك پرۆسه‌ی بڕیاردانی له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه گۆڕیوه بۆ له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، به‌و واتایه‌ی له‌جێی ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و لایه‌نه باش و خراپه‌كانی هه‌ر بڕیارێك لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا بكرێت و بخرێنه به‌رده‌م سه‌رۆك بۆ بڕیاردان، شته‌كه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و تره‌مپ بێ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بڕیار ده‌دات و جێبه‌جێیان ده‌كات.
ئه‌م بازرگان و كه‌سایه‌تییه سیاسییه بۆ جێبه‌جێكردنی بیروبۆچوونه‌كانی خۆی، پێكهێنانی ئه‌م ئیداره‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پێشووی ته‌واو جیاوازه، ئه‌مجاره دڵنیاییه ته‌نها چوار ساڵی سه‌رۆكایه‌تیی له‌به‌رده‌ستدایه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یه‌وێت بیانكات بۆیه هه‌رچی پێ راسته و ده‌یه‌وێت ده‌یكات، بۆی گرنگ نییه ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌یدات له 10 ساڵی داهاتوودا لێكه‌وته‌كانی چی ده‌بێت و زیاتر وه‌ك بازرگان و سه‌رمایه‌دارێك ته‌ماشای جیهان ده‌كات، نه‌ك وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین وڵاته‌كان.
10.لەڕووی دەروونییەوە
جاستن فرانك، پسپۆڕی ده‌رونییه و یه‌كێك بووه له‌و پزیشكانه‌ی كه شیكاریی بۆ لایه‌نی ده‌روونی و كه‌سایه‌تی تره‌مپ كردووه، ئه‌و باس له ژیانی منداڵی تره‌مپ ده‌كات و ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه تره‌مپ باوكێكی توندوتیژی هه‌بووه و له‌و باوكانه بووه كه له منداڵه‌كانی داوه، بینینی ئه‌م دیمه‌نانه و گه‌وره‌بوونی تره‌مپ له‌و خێزانه‌دا نه‌یكردووه به قوربانیی ده‌ستی باوكی هاوشێوه‌ی براكانی دیكه‌ی، به‌ڵكو تره‌مپی كردووه‌ته وێنه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی باوكی و به‌جۆرێك گه‌وره بووه كه چیتر خێزانه‌كه‌ی له‌ڕووی توندوتیژی تره‌مپه‌وه نه‌یانتوانیوه جڵه‌وی بكه‌ن، هه‌ربۆیه ناردویانه‌ته قوتابخانه‌ی سه‌ربازیی، به‌ڵام سیفاتی توندوتیژی له تره‌مپدا كۆتایی نه‌هاتووه و به‌رده‌وام تا ئێستا له‌گه‌ڵیدایه.
ئه‌و پزیشكه ده‌رونییه ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه كه تره‌مپ كه‌سێك نییه بتوانرێت به ئاسانی له‌گه‌ڵی هه‌ڵبكه‌یت، كه‌سێكی خۆسه‌پێن و شكێنه‌ره‌وه‌یه كه هه‌میشه ده‌یه‌وێت خۆی فه‌رز بكات، له ڕووی ده‌رونییشه‌وه كێشه‌ی شڵه‌ژانی ده‌روونی هه‌یه (ADHD) هه‌ربۆیه قورسه ئه‌م كه‌سایه‌تییه كۆنتڕۆڵ بكرێت.
به‌گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و پسپۆڕه ده‌رونییه دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك سه‌رۆك بڕیاره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌سته‌كانی ده‌رده‌كات و به‌رده‌وام گومانی له خه‌ڵك و كه‌سانی چوارده‌وری هه‌یه، هه‌وڵده‌دات به‌رده‌وام به پێكه‌نین و ره‌فتاری هاوڕێیانه بیشارێته‌وه، به‌ڵام له ناخییه‌وه كه‌سێكی توڕه و ترساوه. بڕیاره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای گومان له خه‌ڵك و سه‌پاندنی خۆیه‌تی كه ئه‌و به‌هێزترینه و به ده‌سه‌ڵاتترینه له ژوره‌كه‌دا.