لە شاری سلێمانی ژمارەی بەشداربووانی بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا (سۆله‌ر سيستم) دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار بەشداربوو، بەپێی زانيارييه‌كانى وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانیش، شارەکە یەکەمی سەر ئاستی هەرێم و عێراقە لە بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆردا.

ئەو داتا و ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داویەتی بە ڤیژن پرێس، پیشانیدەدات سلێمانی وەک گەورەترین پارێزگای هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی بەرهەمهێنانی کارەبادایە لەڕێی وزەی پاکەوە، وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئەوە بە دڵخۆشکەر دەزانێت بۆ رووکردنە وزەی خاوێن لە بەرهەمهێنانی کارەبادا. 

سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی تایبەت بە ڤیژن پرێس وتی، سلێمانی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا لە پلەی یەکەمدایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێی وزەی خۆرەوە، کە ئێستا ئەو سیستمە بە رێگەیەکی گونجاو دادەنرێت بۆ رزگاربوون لە سەرچاوەی وزە ناخاوێنەکان. 

لە پارێزگای سلێمانی تا ٩/٤/٢٠٢٦ کۆی وزەی کارەبای بەرهەمهاتوو لە وزەی خۆرەوە دەگاتە ٨٥ مێگاوات کارەبا، کە کۆی بەشداربووانی سیستمەکە خۆی دەدات لە سێ هەزار و ١٦٦هاوبەش. 

یەکێک لەو هاوبەشانەی کە سیستمی وزەی خۆر (سۆلار) بەکاردەهێنێت قسەی بۆ ڤیژن پرێس کرد و وتی، "لە ١٢ سۆلار پەناڵ کە بۆ ماڵەکەی خۆم دامناوە سەرجەم پێداویستییەکانی ماڵەکەم پڕدەکاتەوە و کارەباش دەدەمەوە بە حکومەت"

ئاریان مەحمود باسی لەوەکرد، کە سوودی لە سیستمی وزەی خۆر وەرگرتووە، لەگەڵئەوەی لەو ماوەیەی کە دایناوە وەرزی بارانبارین بووە، بەڵام هێشتا توانیویەتی بڕێک کارەبا بەرهەمبهێنێت کە پێداویستییەکانی ماڵەكه‌ى پڕبکاتەوە و سەرباریش گەڕاندوویەتییەوە بۆ تۆڕی کارەبای گشتی. 

لەمبارەیەوە وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هەر هاوبەشێکی سیستمی کارەبای سۆلار، کە کارەبای زیاتری بەرهەمهێنا، حکومەت لێیوەردەگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ناو تۆماردەکات و دەبێتە هاوبەشێکی دەرەوەی تۆڕی کارەبای حکومەت، بەوەش هێندەی بڕی ئەو کارەبایەی دەیدات بە حکومەت، ئەگەر قەرزی کارەبای هەبێت لە قەرزەکەی کەمدەکرێتەوە، ئەگەر قەرزیشی نەبێت، کارەباکەی بۆ هەڵدەگیرێت و پێیدەدرێتەوە.

لە کۆی پارێزگای سلێمانی  لەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان داناوە (2611) هاوبه‌شیان ماڵانن، (450) هاوبەشی بازرگانی، (15) هاوبەشی پیشەسازی، (85) هاوبەشی كشتوكاڵی و (5) هاوبەشیشیان حکومیین. 

وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پارێزگاکە بەرەو ئەوە دەڕوات لە بەکارهێنەری کارەباوە ببێتە بەرهەمهێنەری کارەبا و رۆژ بە رۆژ ژمارەی هاوبەشانی سیستمی سۆلار روو لە زیادبوون دەکەن لە سلێمانی، ئێستا پارێزگاکە لەعێراقدا پلەی یەکەمی هەیە لە پشتبەستن بە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

لەمبارەیەوە وەزارەتی کارەبا دەستپێشخەرییەکی راگەیاند؛ کە ئامانج لێی هاندانی هاوڵاتییانە بۆ کڕینی سیستەمی وزەی خۆر و بەستنەوەی بە تۆڕی کارەباوە، ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی رابردوو لە کەمی کارەبا سەرچاوەی گرتووە، بە گەڕان بەدوای ئامرازی جێگره‌وه‌ بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

بەپێی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، تا کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو، تەنها لە پارێزگای سلێمانی هێندەی بەرهەمهینانی ٢٠٠٠ مێگاوات کارەبا، داواکاری بۆ تۆمارکردن و دانانی سیستمی وزەی خۆر پێشکەشکراوە.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئاماری وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان بە ڤیژن پرێسی وت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ١١٠ بۆ ١١٥ مێگاوات کارەبا لەڕێی وزەی خۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانییە. 

بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم ئەوەی ئاشکراکرد کە لە پارێزگای هەولێر تەنها ١٠ مێگاوات کارەبای بەرهەمهاتوو لە وزەی خۆرەوە هەیە، کە ئەمە بەراورد بە سلێمانی و دهۆک کەمترە، هەرچەندە ژمارەیەک لە گوندە دوورەدەستەکانی ئەو پارێزگایە بۆ پڕکردنەوەی نەبوونی کارەبا روویان لە وزەی خۆر کردووە وەک گوندەکانی کەردزی و گۆمەگڕوو، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمە.

بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان باسی لە لایەنە ئەرێنییەکانی رووکردنە وزەی خۆر کرد، کە سەرباری لایەنە ئابورییەکەی کە بارگرانی سەر هاوڵاتییان کەمدەکاتەوە، بارگرانی سەر کارەبای کەرتی گشتیش کەمدەکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە رێکارێکی گرنگە بۆ پارێزگاری کردن لە ژینگە و داهێنان لە وزەی خاوێندا.

لە پارێزگای دهۆک، بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە پارێزگای دهۆک، ٥٣٠ هاوبەش هەیە، کۆی گشتیی کارەبای بەرهەمهێنراو لە وزەی خۆرەوە لە پارێزگای دهۆک دەگاتە ١٤ مێگاوات کارەبا.

هاوڵاتییەکی بەکارهێنەری سیستمی وزەی خۆر قسەی بۆ ڤیژن پرێس کردووە و دەڵێت، "سیستمەکە تێچووی زۆرە، بەڵام گرانیی نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی و زۆری ئەو بڕە پارەیەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتییان ناچاری کردم سیستمی سۆلار دابنێم بۆ ماڵەکەم، چونکە لەگەڵ تێچووە زۆرەکەیدا، بەڵام بەراورد بە پرۆژەی رووناکی تێچووەکە کەمتر لەسەر هاوڵاتی دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی کارەبای پرۆژەی رووناکی دڵنیایی نییە و ئەگەری هەیە لە هەر کێشە و گرفتێکدا کارەبای پڕۆژەی رووناکی بکوژێنرێتەوە".

هەرچەندە وەزارەتی کارەبای عێراق لەڕێی کەرتی حکومی و بانکە حکومییەکانەوە بە قەرزی ماوە درێژ پاڵپشتی ئەو کەس و شوێنانە دەکات کە روودەکەنە سیستمی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، لەگەڵئەوەشدا تا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان و رووکردنە وزەی خۆر بۆ دەستخستنی کارەبا لە ئاستێکی نزمدایە و پڕۆژەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە قۆناغەکانی سەرەتادان.