کێشمەکێشمی دیاریکردنی کەسێک بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تا ئێستا لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا یەکلایینەبووەتەوە، کەمبوونەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ راسپاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەلایەن سەرۆککۆماری نوێی عێراقەوە یەکێکە لە کێشەکان و دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش لەوبارەیەوە هۆشداری دەدات.
دەستوور چی دەڵێت؟
بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق کە لە ماددەی ٧٦دا باس لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران کراوە هاتووە:
یەکەم: سەرۆککۆمار لە ماوەی ١٥ رۆژدا لەدوای هەڵبژاردنی، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ سەرۆکوەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت.
دووەم: سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناوی ئەندامانی وەزارەتەکانی کابینەکەی پێشکەش دەکات، لەماوەیەکدا کە کەمتربێت لە ٣٠ رۆژ لەدوای راسپاردنی.
سێیەم: سەرۆککۆمار کەسێکی تر رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەکاتێکدا کە کاندیدەکە نەتوانێت لەماوەی ٣٠ رۆژدا کابینەکەی پێکبهێنێت.
چوارەم: سەرۆکوەزیران ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی کاری وەزارەتەکان پێشکەش بە پەرلەمان دەکات بۆ متمانەدان پێیان بە زۆرینەی دەنگ.
ناکۆکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ماوەی راسپاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران، سەرنجەکان دەچێتە سەر رێککەوتنەکان کە لە دەرەوەی ئەو مشتومڕە ناوخۆییەوە حوکم دەکەن و درێژدەبێتەوە بۆ حیساباتێکی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. لە نێوان ناکۆکی و پەرتبوونە ناوخۆییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و فشارەکانی واشنتن و تاران، هەوڵێکی جددی هەیە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کە هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا پییان باشبێت، ئەمەش لە سیاسەتدا زیاتر بە هاودەنگی و هاوسەنگیی دابەشبوونی دەسەڵات دیاریدەکرێت وەک لەوەی بە کارامەیی بێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی کە کوتلەی زۆرینە و باڵادەستی عێراقن، تووشی دۆخێکی دوودڵی و نیگەران بوون، بەهۆی ئەوەی ئەو کاتەی لەبەردەستیاندایە تەنها چەند رۆژێکی کەمی ماوە، تائێستا نەگەیشتوونەتە دیارکردنی کاندیدی یەکلاکەرەوە.
چوارچێوە، لەدوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە ١١ی ئەم مانگەوە، شکستی هێناوە لە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران، ئەمە لەکاتێکدا بڕیاربوو رۆژی چوارشەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی "گرنگ" بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامبدەن، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ رۆژی شەممە.
لەوبارەیەوە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ئێوارەی رۆژی هەینی وەک ئامادەکاری و رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر کاندیدێک یان دووان، کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵی ئەنجامدراوە لەنێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی .
بەڵام رۆژی شەممە، جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی ناو چوارچێوە جارێکی تر کۆبوونەوەکە دواخرا، گرنگترین هەنگاو یەکلاییبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، هەرکاتێک گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، واچاوەڕوان دەکرێت هێزە سیاسییەکانی دیکەی ناو سوننە یان لایەنە کوردییەکان بەگشتی، دژایەتی ئەو کاندیدە نەکەن کە چوارچێوەکە هەڵیبژاردووە.
هەرچەندە مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە کاندیدەکە پشتگیریی کۆدەنگی وەربگرێت، بەڵام پێدەچێت زۆرینەی رەها دەستەبەربکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕگەکانی دەستووری تایبەت بە پێدانی متمانە و پێکهێنانی حکومەت.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دواخستنی کۆبوونەوەکەی شەوی رابردوو، چونکە داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەکە کردووە ئەو کۆبوونەوە چارەنووسسازە دوابخەن بۆ ڕۆژی دووشەممە.
لەرووی دەستوورییەوە پیشێلکردنی ئەم ماددەیە کە باس لە ماوەی دیاریکردنی کاندیدێک دەکات ئەستەم دەبێت، چونکە لە دەستووردا ئەم کێشەیە چارەسەرکراوە و تێیدا هاتووە، ئەگەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەت دوای تەواوبوونی ماوە دەستوورییەکە شکستبهێنێت، دەسەڵات دەدرێت بە پەرلەمان بۆ راسپاردنی ئەو فراکسیۆنەی کە خاوەنی دووەم زۆرترین کورسیی پەرلەمانە، تاوەکو لە ماوەی دەستووریدا کاندیدێک دیاریبکات.
لەنێوان واشنتن و تاراندا
کاریگەرییەکانی ئەمریکا و ئێران بە روونی دیارن لەسەر پرۆسەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران. تەنانەت لەگەڵ سەرقاڵبوونی ئەمریکا و ئێران بە شەڕەوە، بەڵام ئامادەبوون و کاریگەریی هەردوولا کەمنەبووەتەوە، ئەمەش بەڵگەی ڤیتۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر نوری مالیکی، هەروەها ئەگەری رەتکردنەوەی ناڕاستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەلایەکی ترەوە پشتیوانیی ئێران بۆ نوری مالیکی، دەرخەری ئەو کاریگەرییانەن.
ئەم پێدراوانە ئەوە نیشاندەدەن کە ململانێی نێوان واشنتن و تاران لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بە کاریگەری دەمێنێتەوە، هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی بەباشی ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە، بۆیە نایەوێت لەم کاتەدا دژبەری ویستی دۆناڵد ترەمپ بکات هاوکات جێی رەزامەندی کۆماری ئیسلامیش بێت، بەڵکو هەوڵدەدات کەسایەتییەک بدۆزێتەوە کە توانای چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن هەبێت بەبێئەوەی لەگەڵ ئێرانیشدا بەریەککەوتن و حیساباتی دژی هەبێت.
ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی دەڵێت، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی نەتوانێت کاندیدێک دیاریبکات کە شایستەیی و کارامەیی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قەیرانانەدا، ئەگەرێکی دوورنییە کە ئێران فشاری زۆر بەهێز بەکاربهێنێت بۆ کاندیدکردنی کەسێک کە بتوانێت خۆی لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێنێت.
لەم قۆناغەدا ئێران مەیلی کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندنە ناوخۆییەکانی عێراقدا هەیە و نایەوێت ئەمریکا لەسەر خاکی عێراقەوە هێرشبکاتەسەری، بۆیە کاردەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەر کەسایەتییەک کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەڵبژێردرابێت.
هەروەها بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوانیوەڕۆی دوێنێ شەممە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، گەیشتە بەغدا و دەستبەجێ دەستیکرد بە زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانی لایەنە عێراقییەکان، کە زۆربەیان بەشێکبوون لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان.
کاندیدەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
لیستی کاندیدەکان رەنگدانەوەی جۆراوجۆری پاشخانەکانن لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، باسم بەدری وەک سەرکردەیەکی پارتی دەعوە یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان، لە کاتێکدا حەمید ئەلشەتری خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانی ئەمنی و پەیوەندی نێودەوڵەتییە، هەروەها موحسین مەندەلاوی بە نزیک لە مالیکی دادەنرێت، لەلایەکی ترەوە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی شانبەشانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کە تا ئێستاش پێگەی سیاسی خۆی پاراستووە.
ئەمە سەرباری هەریەکە لە نوری مالیکی سەرکردەی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ١٢ ئەندام پێکدێت کە نوێنەرایەتی سەرۆکی فراکسیۆن و هاوپەیمانییەتییەکانی شیعە دەکەن لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە کورسییەکانیان لەنێوان ٥ بۆ ٤٥ کورسیدایە. بەڵام میکانیزمی دەنگدان لە چوارچێوەکەدا لەسەر بنەمای ژمارەی نوێنەران نییە. بەڵکو دەنگی سەرۆکی لیستێک کە ٤٥ کورسی هەیە، هەمان قورسایی لیستێکی ٤ کورسی هەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، رێککەوتن کراوە کە ئەو کاندیدەی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی چوارچێوە (8 لە کۆی 12) دەنگ بەدەستدەهێنێت کاندیدی فەرمی دەبێت بۆ سەرۆکوەزیران.
لە ئێستادا، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی، بە 6 دەنگ پێشەنگی سەرجەم کاندیدەکانە، لەکاتێکدا ڕکابەرەکەی، باسم بەدری، 4 دەنگی هەیە، ئەمە لەکاتێکدا بەپێی سەرچاوەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، دوو لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ماون کە دەنگەکانیان یەکلایی بکەنەوە و یەکێکیشیان چاوەڕێیە هەرکامێک لە کاندەیدەکان بگاتە حەوت دەنگ، دەنگەکەی دەدات بەو کاندیدە.
پێشتریش چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند. بەڵام ئەم کاندیدکردنە بە ڕەتکردنەوەی گشتی لەلایەن ئەمریکاوە بەرەوڕوو بووەوە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە دەریبڕی، هەروەها ڕەتکردنەوەی لەناو خودی هاوپەیمانی شیعەکان و لەلایەن هێزە سوننەکانەوە.
سەرەڕای کشانەوەی مالیکی لە کێبڕکێکە بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکا و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی کشانەوەی خۆی ڕانەگەیاندووە. هەروەها سەرچاوەکانی ناو چوارچێوە باس لەوەدەکەن کە مالیکی پێداگری لەسەر کاندیدکردنی باسم بەدری کردووە وەک جێگرەوەی چونکە ئەندامی حزبی دەعوەی ئیسلامییە کە مالیکی بووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم کاتێکی گرنگ و دووڕیانێکی سەختدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێک کە واشنتۆن ناڕەحەت نەکات، چوارچێوەکە ترسی ئەوەی هەیە کە کاندیدەکەیان بۆ سەرۆک وەزیران ڕەنگە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی مالیکی ببێتەوە ، کاتێک ترەمپ رایگەیاند کە "گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات کاردانەوەی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەبێت".
ئه وه ی ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی به دوایدا ده گه ڕێت کاندیدێکە بۆ سەرۆکوەزیران، که په یوه ندییه کانی له گه ڵ واشنتن پەرەپێبدات، نه ک زیانیان پێبگات، بۆیە سەرکردە سیاسییەکانی ناو چوارچێوە لە حاڵەتێکی سەرلێشێواویدان بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەلایەن ئەمریکاوە هەیە لەم پرسەدا.
پێشتر لەناو لیژنەی هەماهەنگیدا رێککەوتنێک کرا، بۆ کشانەوەی فەرمی مالیکی لە کێبڕکێی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەپێناو ئەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووربکەوێتەوە.
رەحمان جبوری توێژەری باڵای پێشوو لە وەقفی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (NED) لە واشنتن دەڵێت، "دابەشبوون لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا تەنها پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانەوە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە ناوچەییەکان درزیان لەناو چوارچێوەکەدا دروستکردووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، چوارچێوەکە دەڕوخێت، بارودۆخی ناوچەیی ئەولەویەت و پایەی نوێی دروستکردووە و ئەگەری هەیە هەندێکیان نەتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
چوارچێوەکە ماوەیەکە لە دووبەرەکیی تونددایە، چەندین کۆبوونەوەی پێشووش بەهۆی رکابەرییە ناوخۆییەکان و دیدگا جیاوازەکان سەبارەت بە شێوەی حکومەتی داهاتوو و رەچاوکردنی هاوسەنگی هێزی ناوخۆیی و فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە ئەو پرسە چارەسەر بکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەکاتێکی نزیکدا، چونکە دانوستانەکان بەردەوامن و هەوڵەکان درێژەیان هەیە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر کاندیدێک، کە دیارنییە لە نێو ناوە پێشنیارکراوەکاندا یان لە ڕێگەی هێنانەکایەی بەدیلێکی نوێوە دیاریدەکرێت.