لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا سنوورەکانی بەهێزتر دەکات، ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە لە دەرەوەی سنوورەکان خۆی دروست دەکات و هەوڵدەدات تۆڕەکانی قاچاغكردن به‌ مرۆڤ لەناو ببات، هێشتا هەزاران کەس لە وڵاتانی جیاواز، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن. لە نێوان ئەوانەدا، هەزاران هاوڵاتیى عێراقی و کوردستانیش هەن کە ساڵانە بە رێگاکانی کۆچی نایاسایی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

پرسی سەرەکی ئەوەیە؛ بۆچی عێراق؛ وڵاتێک کە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە بە هۆی بوونی سامانى سروشتی و بەتایبەتی نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وەک سەرچاوەی کۆچ ناسراوە؟ بۆچی زۆرێک لە گەنجان هیوایان بە داهاتووی وڵاتەکە ناماوە؟ ئایا هەنگاوەکانی ئەوروپا دەتوانن کۆچ کەمبکەنەوە یان تەنها شێوازەکانی کۆچکردن گۆڕاون؟

کۆچ دیاردەیەکه‌ هۆکارەکەی تەنها ئابووری نییە

لە وڵاتانی ئەوروپا کاتێک باس لە کۆچکردنی خەڵکی دەکرێت بۆ وڵاتەکانیان، راستەوخۆ بیر لەوەدەکەنەوە ئەو کەسانەی روو دەکەنە ئەوروپا، تەنها بەهۆکاری ئابوورییە و دەیانەوێت داهاتێکی باشتریان دەستبکەوێت، لەکاتێکدا ئابووری تەنها هۆکار نییە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە دۆخێکی ئابووری باشدان، بەڵام دەچنە وڵاتێکی دیکە ئەزموونی شێوازێکی نوێی ژیان دەکەن.

 راپۆرتێکی نوێی سەنتەری کۆچ (MMC) کە پشت بە چاوپێکەوتنی 503 کۆچبەر دەبەستێت کە لەڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، باسلەوە دەکات بەشی زۆری ئەو کۆچبەرانە بەهۆکاری جیاواز وڵاتەکانی خۆیان جێهێشتووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، 58%ـی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە وتوویانە هۆکاری سەرەکیی جێهێشتنی وڵاتەکەیان شەڕ، ناسەقامگیری و تووندوتیژی بووە. ئەمە واتای ئەوەیە کە زۆرێک لە پەناخوازان سەرەتا بەدوای سەلامەتیدا دەگەڕێن، نەک تەنها پارە.

هەر بۆیە دوای گەیشتن بە ئیتاڵیا، 72%ـیان دەڵێن، سەلامەتی گرنگترین هۆکاری بڕیاری کۆچکردنیانە. بەڵام کاتێک بارودۆخیان جێگیرتر دەبێت، پێویستییەکانیان دەگۆڕێت و 82%ـیان کار و بژێوی بە گرنگترین ئامانجی خۆیان دەزانن.

کۆچ؛ گەشتێک لەنێوان ژیان و مردندا

ئەگەرهۆکاری کۆچ بۆ زۆرێک سەلامەت بێت، ئەوا رێگای گەیشتن بەو سەلامەتییە پڕە لە مەترسيى، چەندین چیرۆکی تراجیدی و ناخهەژێن روودەدات، کە بەشێک لەو چیرۆکانە تەنها ماسییەکانی نێو دەریاکان ئاگادارن و بەشێکیشیان لای خاوەن چیرۆکەکە دەمێنێتەوە. بۆیە بەشێک لەو کەسانەی کۆچ دەکەن هێندەی رۆمانێک زانیاريى و رووداوی خۆش و ناخۆشیان لایە کە چیرۆکەکان بەشێکیان بە نهێنی دەمێننەوە.

راپۆرتی MMC نیشانی دەدات 73%ـی پەناخوازان لەڕێگەدا تووشی تووندوتیژی دەبن یان بە چاوی خۆیان سوکایەتیی و توندووتیژیيەکەیان بینیوە.

لەوانە:

  • 75%یان لێیان دراوە
  • 49%یان بە چاوی خۆیان بینیویانە خەڵک لەڕێگەدا گیانی لەدەستداوە
  • 43%یان پارە و موڵکیان لێ زەوت کراوە
  • ٪42 سوکایەتییان پێکراوە

ئەوروپا و سیاسەتی نوێی بەرەنگاربوونەوەی کۆچ

بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە وڵاتانی جیاوازەوە کۆچ دەکەن، مەبەستیانە بگەنە وڵاتانی بەریتانیا، بۆ ئەمەبەستەش چەندین رێگای جیاواز هەیە، لە فەرەنسا کە کۆتا خاڵی گەیشتنە بە بەریتانیا و لە ناوچەی (کالاس) یاخود (کالێ) و (دانکیخ) و لە ناو جەنگەڵ و دارستانەکانی ئەو ناوچە سنورییە، چیرۆکگەلێک هەن کە دەتوانێت چەندین رۆمانی لەسەر بنوسیت. دواجار بەبەلەمێکی بچوک خۆیان دەدەن بەدەم دەریایەکی گەورە، بەشێکی خەونەکانیان بەمەرگ لەو دەریایە کۆتایی دێت.

نوێترین پلانی یەکێتیی ئەوروپا لە نۆکەندی ئینگلیز بریتییە لە زیادکردنی چاودێری، ناردنی ئامێری پێشکەوتوو، بەهێزکردنی هاوکارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ بەریتانیا و چالاکترکردنی (فرۆنتێکس) و (یۆرۆپۆل) بۆ تێکشکاندنی تۆڕەکانی قاچاغچیی مرۆڤ.

فرۆنتێکس (Frontex)ناوی کورتکراوەی ئاژانسی پاراستنی سنوور و کەناراوەکانی یەکێتیی ئەوروپایە، ناوەکە کورتکراوەی ( European Border and Coast Guard Agency ) ئاژانسی پاراستنی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا.

ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم رێکخراوە

چاودێریکردن و پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا 

هاوکاری لەگەڵ پۆلیس و دەزگا سنوورییەکانی وڵاتانی ئەندام 

بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی 

شەڕکردن دژ بە تۆڕەکانی قاچاغچێتی مرۆڤ

بەشداری لە گەڕاندنەوە (دیپۆرتکردن)ـی ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییه‌ 

کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری و هەواڵگريى سەبارەت بە جوڵەی کۆچبەران

دوای قەیرانی کۆچی ساڵی 2015، فرۆنتێکس بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانکرا و بودجە و ژمارەی کارمەندەکانی زیادکرا. ئێستا هەزاران ئەفسەری سنووری هەیە و لە دەریای ناوەڕاست، بەڵقان و سنوورەکانی رۆرهەڵاتی ئەوروپا چالاکی دەکات.

تەنها لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا. ئەمە دووەم بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی کۆچە لە ساڵی 2018ەوە.

لە هەمانکاتدا، هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵدەدەن ناوەندەکانی "گەڕانەوە" یان "دیپۆرتکردنەوە" لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا دروستبکەن. مەبەستیانە داواکاریی پەنابەری و دیپۆرتکردنی کۆچبەران لە وڵاتانی سێهەم جێبەجێبکرێت.

عێراق؛ وڵاتێکی دەوڵەمەند و سەرچاوەی کۆچ

لەگەڵئەوەی عێراق لە ریزبەندی وڵاتانى دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و بەتایبەت نەوت و کانزاکان، بەڵام ئەو دوڵەمەندییە هۆکار نەبووە بۆئەوەی ژیانێکی خۆش و شایستە بۆ دانیشتوانەکەی فەراهەم بکات. بۆیە داتاکانی کۆچ بەردەوام باس لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان دەکەن.

زۆرترین ئەو وڵاتانەی لە سەر ئاستی جیهان داوای مافی پەنابەری دەکەن، ساڵانە گۆڕانکارییان بە سەردا دێت. عێراق لە ماوەکانی رابردوو بەردەوام ناوی لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆرترین کۆچبەری هەیە. بۆ ساڵی 2025 رێکخراوى ( ئاژانسی جیهانی کۆچبەران) داتایەکی بڵاوکردووەتەوە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کۆچبەریان هەیە دياركردووه‌. بەڵام لەو داتایەدا عێراق لە ریزبەندی 10 وڵاتی یەکەمدا نییە و رێژەکەی بۆ ريزبه‌ندى 20ـهه‌م دابه‌زيووه‌. 

1- ئەفغانستان

2- فەنزویلا

3- سوریا

4- بەنگلادیش

5- تورکیا

6- ئۆکرانیا

7- میسر

8- کۆڵۆمبیا

9- مەغریب

10- مالی 

سەرەکیترین هۆکارەکانی کۆچ

گەندەڵیی ئیداری و دارایی، لاوازيى دامەزراوەکانی دەوڵەت

بێکاری گەنجان

پەیوەستبوونی ئابووری بە نەوت

کەمبوونی هەلیکار لە بوارە جیاوازەکاندا

ناسەقامگیری سیاسی

خراپی دۆخی ئەمنی و ئاسایشی وڵات

گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتر

هەرێمی کوردستان و کۆچی گەنجان

دیاردەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق و وڵاتانی دیکە چەندین هۆکاری هەیە. لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ و گرانی ساڵی 1994 بە دواوە، شەپۆلێکی بەهێزی کۆچ هەرێمی کوردستانی گرتەوە. دواتریش لە دوای ساڵی 2003 بەهەمانشێوە کۆچ بەردەوامی هەبوو، دوای شەڕی داعش و ساڵی 2014 وە، شەپۆلێکی دیکەی کۆچ روویدا.

داتاکانی تراجیدیای کۆچ لە عێراق

بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەنێوان ساڵانی 2015 تا 2026 زیاتر لە 8,806 کۆچبەری عێراقی وڵاتیان جێهێشتووە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دەرەوە.

لەو ژمارەیە:

  • 609  کەس بوونەته‌ قوربانی
  • 358 کەس گیانیان لەدەستداوە
  • 251 کەس هێشتا بێسەروشوێنن

رێکخراوەکە لە ساڵانی رابردوودا توانیویانە 300 تەرمی کۆچبەر بگەڕێننەوە بۆ خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان. ئەم ژمارانە تەنها داتا نین؛ بەڵکو چیرۆکی سەدان خێزانن کە تا ئێستا چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزەکانیانن و لەنێوان مەرگ و ژیاندا چارەنوسیان بە نادیاریى ماوەتەوە.

رۆڵی IOM و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) لە عێراق یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوەکان لە بواری کۆچدا.

ئەم رێکخراوە کار لەسەر:

  • چاودێریکردنی دۆخی کۆچبەران
  • پشتگیریی کۆچبەرانی گەڕاوە
  • بەرنامەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە
  • راهێنان و رەخساندنی هەلیکار
  • یارمەتی دارایی بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی بچووک

 دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی وەک ناوەندێکی بواری توێژینەوە، گرنگی زۆر بەم پرسە دەدات. لە ماوەکانی رابردوو کۆنفرانسێکی گەورەی بە هاوبەشی له‌گه‌ڵ زانکۆی راپەرین لە رانیە ئەنجامدا، پرسی کۆچبەران و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان تەوەرەیەکی سەرەکی ئەو کۆنفرانسە بوو.

پانێلێکی تایبەتی کۆنفرانسەکە باسکردن بوو لەم بابەتە گرنگە، بەمیوانداری نوێنەری رێکخراوی (ئای ئۆ ئێم) و رێکخراوی ناوخۆیی پەیوەست بە کۆچ، جه‌ختكرايه‌وه‌ کرایەوە دەرفەتی کار بۆ گەنجان دابین بکرێت بۆ ئەوەی کۆچ نەکەن. هاوکاری گەنجانی گەڕاوە لە وڵاتانی ئەوروپا بکرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەیان هەبێت و جارێکی دیکە بیر لە بەجێهێشتنی نیشتیمان نەکەنەوە.

لە کۆتایی ئەو کۆنفرانسەدا پەیپەرێک ئامادە کرا، کە دواتر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت، تیایدا بە روونی باس لە دەرفەتەکانی گەشەپێدانی راپەرین کراوە. هاوکات دەڤەرەکە به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێژەیەکی زۆر گەنجی تێدایە، داتاکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن زۆرترین گەنجی دەڤەرەکە لە ماوەکانی رابردوودا کۆچیان کردووە. بۆیە پێشنیار کرا لەڕێگەی پێدانی قەرزی بچوک و دامەزراندنی هەلیکار بۆ گەنجان دیاردەی کۆچ کەمبکرێتەوە.

پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی کۆچ

حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیان داوە بە هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی، پشتیوانییکردنی گەنجان و دروستکردنی هەلیکار،دیاردەی کۆچ کەمبکەنەوە.

بەڵام زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە چارەسەری راستەقینە تەنها لە رێگرتن لە کۆچدا نییە؛ بەڵکو لە چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانە.

ئەزموونی پەناخوازان لە دەریای ناوەڕاست، داتاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سیاسەتە نوێیەکانی ئەوروپا هەموویان یەک راستی دەردەخەن؛ کۆچ تەنها پرسێک نییە پەیوەندی بە بەزاندنی سنووری وڵاتێکەوە هەبێت. کاتێک گەنجێک ژیانی خۆی دەخاتە ناو بەلەمێکی بچووکەوە لە دەریادا، زۆرجار ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە متمانەی بە داهاتووی وڵاتەکەی خۆی نەماوە.

بۆیە تا کاتێک هەلیکار، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری باش و متمانە بە داهاتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز نەکرێن، سنوورەکانی ئەوروپا هەرچەندە بەهێزتر بن، هەوڵی کۆچ هەر بەردەوام دەبێت.