نزیکەی ١٨ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، تا ئێستا جگە لە دانیشتنێک بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارەکان هیچ دانیشتنێکی تری ئەم خولە ئەنجامنەدراوە، کە دانیشتنەکەش ئەرک و گرنگییەکەی خۆی تەواونەکردووە.
تائێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵنەبژێردراوە، هیچ دەنگۆیەکیش بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان لەئارادا نییە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەو لایەنەیە کە لەگەڵئەوەی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی هەیە، بەڵام میدیاکانی نزیک لە پارتی باس لە ویستی ئەو پارتە دەکەن بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن.
یاسا چی لەبارەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەوە دەڵێت؟
پرسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هیچ ماددە و بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەهاتووە، بەڵکو لەناو یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا بەروونی ئەم بابەتە باسکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پرسەکە زیاتر پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانییەوە هەیە.
لە ماددەی چواری بڕگەی چوارەمی یاسای سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە لەم بارودۆخانەدا سەرۆکی هەرێم دەتوانێت مەرسوم بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەربکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمکاتانەدا دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە:
- ئهگهر زیاتر له نیوهی ئهندامهكانی دهستیان لهكار كێشایهوه. واتە ئەگەر نیوە زیاتر (٥٠+١)ـیان دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە دیوانی پەرلەمان یان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، سەرۆکی هەرێم دەتوانێت مەرسومی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەربکات.
- ئهگهر لهماوهی (45) چل و پێنج رۆژدا لهبانگهێشت كردنی بۆ كۆبوونهوهی خولی ههڵبژاردن، ژمارهی یاسایی ئهندامان بهدهست نههات. ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر پەرلەمان دوای هەڵبژاردن و بانگهێشتکردنیان بۆ دانیشتن لە ماوەی ٤٥ رۆژدا نەتوانن رێژەی یاسایی "نیساب" تەواو بکەن بۆ کۆبوونەوە، لەمکاتەدا پەرلەمان دەکرێت لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە هەڵبوەشێنرێتەوە.
- ئهگهر پهرلهمان متمانهی بهئهنجومهنی وهزیران، له سێ پێكهاتهی وهزاری جیاوازی یهك لهدوای یهكدا نهدا.
لەم حاڵەتەدا ئەگەر سێ کابینەی جیاوازی وەزاریی بۆ پێکهێنانی حکومەت پێشکەش بە پەرلەمان بکریت و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکرێت و هەرسێ پێکهاتە وەزارییەکە رەتبکرێتەوە، لەمکاتەدا سەرۆکی هەرێم دەتوانێت مەرسومی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەربکات.
- ئهگهر سیستهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان گۆڕاو، خولی ههڵبژاردنیش (6) مانگ یان كهمتری مابوو.
گۆڕانی سیستمی هەڵبژاردن لەماوەی خولێکدا، کە ئەو خولە کەمتر لە شەش مانگی مابێت بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی خولەکە، هۆکارێکی تری یاساییە بۆئەوەی سەرۆکی هەرێم دەستببات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
هەرکاتێک یەکێک لەم هۆکارانە هەبوون و سەرۆکی هەرێم مەرسومی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هیچ هۆکارێک ناتوانێت جارێکی تر ئەو خولە کارا بکاتەوە.
بەدەر لەوە، هەندێک پسپۆڕی یاسایی پێیانوایە لەڕێگەی سکاڵاکردن لە دادگای فیدراڵی و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە بەڵگە و هۆکاری یاسایی، دەکرێت دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدات.
لەمبارەیەوە ڤیژن پرێس بۆچوونی پسپۆڕانی وەرگرتووە و پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری دەڵێت، "هەنگاوێکی لەوشێوەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئەستەمە، چونکە شوێنێک نییە بتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە نە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵییە و نە هیچ لایەنێک".
بەپێی ئەو پسپۆرە دەستوورییە، تەنها سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە مەرسومێک بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدات ئەو مەرسومەش پیویستە پشت بە یەکیک لەو هۆکارانە ببەستێت کە رێگەیداوە پەرلەمانی پێهەڵبوەشێنرێتەوە.
لەبارەی پێشنیازی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە تا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان کە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، تائێستا بە کراوەیی ماوەتەوە، ئەمەش دەتوانێت وەک بەڵگەیەک سەیربکرێت بۆئەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ٤٥ رۆژەکەی تێپەڕاندووە و تەواونەکراوە، بەپێی وتەی چۆمان محەمەد پسپۆڕی یاسایی کە قسەی بۆ ڤیژن پرێس کردووە.
چۆمان محەمەد باسی لەوەشکرد، ئەگەر لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بکرێت، دەتوانێت پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوکاتە بڕیاری هەڵبژاردنی تر دەدرێت.
لەڕووی واقیعییەوە دەکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان دووبارە بکرێتەوە؟
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزیکەی ١٠ جار کۆبوونەوە بۆ بریاردان لەبارەی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنی ٣٨ کورسییە، کە یەکێتی بەتەنها ٢٣ کورسی بەدەستهێناوە و نەوەی نوێش ١٥ کورسی پەرلەمانی هەیە، لەهەمانکاتدا پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە خاوەنی ٣٩ کورسییە.
ئەم دوو لایەنە سەرەکییە چ لەبارەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و لەبارەی پیکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، ئەمەش ئەو گرێ کوێرەیەیە کە خولی شەشەمی پەرلەمانی ئیفلیج کردووە.
چۆمان محەمەد سەبارەت بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن سەرباری کێشە یاساییەکانی، وتی، کێشەی سیاسی، ئەمنی و داراییشی هەیە، واتە لەرووی عەمەلییەوە بەربەستی ئابووری هەیە چونکە ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر فشارێکی زۆری ئابوریدایە، بۆیە لەمکاتەدا ئەو ئەرکە بارگرانییەکە زیاتر دەکات، هەروەها بەهۆی بوونی شەڕ لە ناوچەکە و دۆخی ئەمنی، ناسەقامگیریی سیاسیشەوە ئەستەمە بتوانرێت هەڵبژاردن جارێکی تر بکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ٧/١/٢٠٢٧دا ماوەکەی تەواودەبێت، کە لەو ماوەیەدا کاتی تەواو لەبەردەستدا نابێت بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدانی گەڕێکی تری هەڵبژاردن، بۆیە تەنانەت لەرووی یاساییشەوە کێشەی نەبێت لەرووی کردەییەوە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە.
سەرباری رێگرییەکان چۆمان محەمەد دەڵێت، "تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش دووبارە بکرێتەوە، بەحوکمی دابەشبوونی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان گۆرانکارییەکی ئەوتۆ دروستناکات، چونکە پارتی و یەکێتی هێزی یەکەم و دووەمن و گۆڕانکاریی گەورە لە ژمارەی کورسییەکانیان روونادات".
هەر لەوبارەیەوە پسپۆڕێکی دەستووری کە قسەی بۆ دامەزراوەی ڤیژن کردووە دەڵێت، "ئەگەر گۆرانکاریش لە دەنگ و کورسییەکاندا رووبدات، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێت زیاتر، بۆنمونە ئەگەری هەیە نەوەی نوێ کورسییەکانی کەمبکات یان رەوتی هەڵوێست کورسی زیاتر بکات، ئەویش بە ژمارەیەکی کەم کە هێز و هاوکێشەی سیاسی گۆرانکاری بەسەردا نایەت لە هەرێمی کوردستان".
ئەو ناکۆکییە سیاسییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەرووی نەبوونی یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، وایکردووە هەڵبژاردن جارێکی تر متمانەی هاوڵاتییان لاواز بکات، ئەمە سەرباری ئاستەنگە ئابوری، ئەمنی و ناوخۆیی و ناوچەییەکان، کە ئێستا شەڕی ئەمریکا و ئێران کاریگەریی گرنگی لەسەر ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە دەبێت.
بەڵام پشێوی و ناسەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە عێراق رێگرییەکی ترە بۆ بەکرداریکردنی ئەم پێشنیازەی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە عێراق ئێستا لەدۆخی حکومەتی کاربەڕێکەردایە و تائێستا نەیانتوانیوە کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلاییبکەنەوە و رێککەوتن لەبارەی پێکهاتەی کابینەی حکومەت بکەن، ئەمەش هۆکارێکی تری ئەستەمی دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنە.