لە کاتێکدا چاوی جیهان لەسەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئەمریکا و ئێرانە، پەکین خانەخوێی یەکێک لە هەستیارترین سەردانە سیاسییەکانی ساڵە، کە سەردانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ پەکین. ئەم سەردانە تەنها دیدارێکی ئاسایی نێوان دوو زلهێزی جیهان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی هاوکێشەیەکی نوێ لەنێوان واشنتن و پەکین، هاوکێشەیەک کە وزە، ئابووری، شەڕ و دیپلۆماسی تێکەڵ بە یەک دەکات.
سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پەکین ئەمڕۆ ١٣/٥/٢٠٢٦ـە و کەمێک بەرلە ئێستا کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی دۆناڵد ترەمپ گەیشتە مەیدانی تیانانمن لە پەکین. لەکاتێکدا کە ململانێی بازرگانی، ئاڵۆزییەکانی تایوان، شەڕی ئێران و قەیرانی گەرووی هورمز هەموویان تێکەڵبوون. ئەگەرچی سەردانەکە بە شێوەیەکی فەرمی بە ناوی گفتوگۆی ئابووری و بازرگانی راگەیەندراوە، بەڵام لە راستیدا ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بەڕێوەبردنی قەیرانە هەستیارە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی پرسی ئێران و ئاسایشی وزەی جیهانی.
ئەم سەردانە گرنگییەکی مێژوویی هەیە، چونکە کۆتایی بە پچڕانی چەند ساڵەی سەردانە فەرمییەکانی سەرۆکانی ئەمریکا بۆ چین دەهێنێت. دوایین سەردانی فەرمی ترەمپ بۆ چین لە ساڵی 2017 بوو، ئێستا سەردانی دووبارەی ئەو بۆ پەکین لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات لە ناو قووڵترین ململانێی ستراتیجیدان.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین لەسەر بازرگانی، تەکنەلۆژیا و تایوان رکابەریی ستراتیجی توندبوون، بەڵام ئێستا شەڕی ئێران و مەترسیی داخستنی گەرووی هورمز ئەو دوو زلهێزە ناچار دەکات بۆ ئەوەی لەسەر پرسێکی هاوبەش گفتوگۆ بکەن، چۆن رێگری لەم جەنگە بکرێت کە دەتوانێت ئابووریی جیهان بخاتە ژێر هەڕەشەوە؟
ترەمپ دەزانێت کە چین لەم قەیرانەدا تەنها چاودێر نییە، پەکین ئەمڕۆ گرنگترین هاوبەشی ئابووریی ئێرانە و زۆربەی نەوتی ئێران دەگاتە بازاڕەکانی چین، ئەمەش واتای ئەوەیە کە هەر فشارێکی ئابووریی ئەمریکا بۆسەر تاران، ئەگەر پشتیوانیی چینی لەگەڵدا نەبێت، ناتوانێت بە ئاسانی سەرکەوتووبێت.
لە دیدگای واشنتنەوە، چین کلیلی چارەسەری قەیرانەکەیە. ئەگەر پەکین بڕیار بدات کڕینی نەوتی ئێران کەمبکاتەوە یان فشار بخاتە سەر تاران بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان، دەتوانێت شێواز و مەرجی دانوستانەکان لای ئێران بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر چین بەردەوام بێت لە پشتگیریی ئابووریی تاران، ئەوا سزاکانی ئەمریکا سنووردار دەبن و شەڕەکە درێژتر دەبێتەوە.
ئەمە وایکردووە سەردانەکەی ترەمپ بۆ پەکین بەشێوازێکی جیاواز لێی بڕوانرێت، نەک تەنها وەک سەردانێکی بازرگانی، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی چین لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، چینیش خۆی لە دۆخێکی هەستیاردا دەبینێتەوە، پەکین نایەوێت هاوبەشیی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ ئێران لەدەستبدات، چونکە ئێران بۆ چین سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە و بەشێکە لە سیاسەتی دژ بە هەژموونی ئەمریکا، بەڵام هەمانکات، چین بە تەواوی پشتبەستووە بە ئارامیی گەرووی هورمز و هەر ئاڵۆزییەک لەو رێڕەوەدا دەتوانێت نرخی وزە بەرزبکاتەوە و ئابووریی چین بخاتە ژێر فشارێکی قورسەوە.
ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەکات، ئایا چین دەتوانێت لە نێوان پشتگیری لە ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هاوسەنگی رابگرێت؟
لە ماوەی قەیرانەکەدا، پەکین هەوڵیداوە خۆی وەک هێزێکی “نێوەندگیر” پیشان بدات، هەریەکە لە شی جین پینگ سەرۆکی چین و وانگ یی وەزیری دەرەوە، چەندین جار بانگەشەی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆیان کردووە لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
واشنتن بە باشی تێدەگات کە هەر هەوڵێک بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران، بەبێ چین، ناتەواوە. بۆیە بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ترەمپ لەم سەردانەدا هەوڵ دەدات “خاڵێکی رێککەوتنی گونجاوتر” لەگەڵ چین بدۆزێتەوە، رێککەوتنێک کە لە بەرامبەر هاوکارینەکردنی پەکین بۆ تاران، واشنتۆن نەرمییەکی سنووردار لەبارەی بازرگانی، تەکنەلۆژیا یان تایوان بە سودی چین پیشانبدات.
بەڵام ئەم رێگەیە ئاسان نییە. چونکە تایوان هێشتا هەستیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوو زلهێزەکەیە، چین هەر فرۆشتنێکی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بە تایوان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەی و بەزاندنی “هێڵە سوورەکانی” خۆی دادەنێت، بۆیە شرۆڤەکاران پێیانوایە پەکین دەتوانێت پرسی ئێران و گەرووی هورمز وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە سەبارەت بە تایوان.
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ چین لە ناوخۆی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی جیاوازبووەتەوە. دیموکراتەکان دەڵێن دۆناڵد ترەمپ بە پێگەیەکی لاوازەوە دەچێتە پەکین، چونکە شەڕی ئێران هێز و سەرچاوەکانی ئەمریکای سەرقاڵکردووە، نرخی وزە بەرزبووتەوە و ناڕەزایی گشتی سەبارەت بە ترەمپ زیادیکردووە. لە لایەکی دیکەوە، هەندێکی تریان پێیانوایە ترەمپ نابێت لەگەڵ چین گفتوگۆ بکات لە کاتێکدا پەکین بەردەوامە لە کڕینی نەوتی ئێران.
بەشێک لە ئەمریکییەکان پێیانوایە ئەم سەردانە دەتوانێت وێنەی ترەمپ وەک سەرکردەیەکی بەتوانا لە مامەڵەکردن لەگەڵ زلهێزەکاندا بەهێزبکات، بە تایبەت لە کاتێکدا کە پرسەکانی ئێران و چین بوونەتە بابەتی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی واشنتن.
بەڵام لایەنێکی دیکە پێیوایە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە بابەتەکانی وەک ئێران، بازرگانی یان تەکنەلۆژیا بەدەست نەهێنرێت، ئەوا ئەم سەردانە دەبێتە بەڵگەیەک لەسەر سنوورداریی هەژموونی ئەمریکا و بێتوانایی واشنتن لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانە جیهانییەکان.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، سەردانەکە راستییەکی گرنگ دەسەلمێنێت، چین ئێستا تەنها هێزێکی ئابووری نییە، بەڵکو بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر چارەسەرێک بۆ شەڕی ئێران، هەر بەڕێوەبردنێک بۆ گەرووی هورمز، و هەر هەوڵێک بۆ سەقامگیریی بازاڕی وزە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێویستی بە رۆڵی چین هەیە.
بەڵام لە راستیدا، هەردوو وڵات هۆکاری خۆیان هەیە بۆ ئەوەی بچنە گفتوگۆ و دیدارێکی لەوشێوەیەوە، ئەمریکا نایەوێت تووشی شەڕێکی درێژخایەنتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێت، چینیش نایەوێت گەرووی هورمز ببێتە ناوچەیەکی نائارام کە ئاسایشی وزەی جیهان و بەتایبەت وڵاتەکەی تێکبدات.
لێرەدا گەرووی هورمز دەبێتە ناوەندی هەموو هاوکێشەکە، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتی شلی جیهان بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕێت. بۆ چین، ئەم گەرووە تەنها رێڕەوێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو هێڵی ژیانی ئابووریی وڵاتەکەیەتی. هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر کەشتییەکان یان هەر بەرزبوونەوەیەکی تێچووی بیمە، دەتوانێت بە خێرایی کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی چین دروستبکات.
لە هەمانکاتدا، ئێرانیش دەزانێت کە ئەم گرنگییەی هورمز بۆ چین، کارتێکی فشارە. بۆیە تاران هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەکین ناچار بکات لە دژی فشارەکانی واشنتن هەڵوێستی هەبێت، چونکە هەر ناسەقامگیرییەک لە هورمز زیان بە هەردوولا دەگەیەنێت.
لەم سەردانەدا لەلایەک ترەمپ دەیەوێت پیشانیبدات کە هێشتا دەتوانێت لەڕێگەی فشار و دانوستانەوە یاری بکات و چین ناچار بکات بۆ هاوکاری. لەلایەکی دیکەوە، شی جین پینگ دەیەوێت پیشانیبدات کە پەکین هێزێکی جیهانییە و ناتوانرێت بە فشار ناچاربکرێت.
لێرەدا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە جیۆپۆڵەتیکی نوێ تەنها بە جەنگ و هێزی سەربازی کارناکات، بەڵکو بە “فشار بۆ فشار” کاردەکات، ئەمریکا بە سزاکان، باجەکان و سنووردارکردنی تەکنەلۆژیا فشار دەخاتە سەر چین. چینیش بە بازاڕە گەورەکەی، کانزای دەگمەن و پشتبەستنی بە وزە، هەوڵی هاوسەنگکردنی ئەو فشارە دەدات.
لە کۆتاییدا، پرسیارەکە هێشتا وەڵامێکی روونی نییە، ئایا سەردانەکەی ترەمپ بۆ پەکین کۆتایی بە شەڕی ئێران دەهێنێت؟ رەنگە نەخێر. بەڵام بە تەواوی دەتوانێت ئاراستەی شەڕەکە بگۆڕێت.
ئەگەر چین و ئەمریکا بگەنە تێگەیشتنێکی باش، ئێران دەتوانێت ناچار بکرێت بۆ نەرمی زیاتر و گەڕانەوە بۆ دانوستان. بەڵام ئەگەر هەر یەکێک لەو دوو زلهێزە پێی وابێت کە دەتوانێت بەبێ هاوکاری ئەوی دیکە سەرکەوتوو بێت، ئەوا شەڕ و ئاڵۆزییەکان درێژتر دەبنەوە. لە ئێستادا، واشنتۆن، پەکین و تاران هەرسێکیان پێشبڕکێی کات دەکەن. بەڵام لەم بارودۆخەدا کات خۆی بووەتە چەک.
لە نێوان هەموو ئەو بابەتانەی کە لەسەر مێزی گفتوگۆن، ئێران و گەرووی هورمز جێگای تایبەتیان هەیە. واشنتۆن بە باشی دەزانێت کە چین، وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووریی تاران هەیە. هەر بۆیە ئەمریکا هەوڵدەدات پەکین ناچار بکات کاریگەرییە ئابوورییەکانی بەکاربهێنێت بۆ سنووردارکردنی هەنگاوەکانی ئێران و پاراستنی ئارامیی گەرووی هورمز.
لە دیدگای ئەمریکاوە، بەردەوامیی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی بە مانەوەی ئابووریی تاران دەدات بەبەهێزی و کاریگەریی سزاکانی واشنتۆن کەمدەکاتەوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لە کاتی دیدارەکانی لەگەڵ شی جین پینگ فشار بخاتە سەر پەکین بۆ کەمکردنەوەی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان.
ئەگەر ئەم سەردانە سەرکەوتوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە چین پشتوپەنا بێت بۆ چارەسەرێکی سیاسی، و لە پشت پەردەوە فشار بخاتە سەر تاران بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان، ئەمە دەتوانێت شەڕەکە سنووردار بکات و رێگری لە فراوانبوونی بکات.
بەڵام ئەگەر گفتوگۆکان شکستبهێنن، ئەوا هەموو ئەو خاڵانەی رەهەندی فشاریان هەیە و ناکۆکیان لەسەرە، گەرووی هورمز، تایوان، نەوت، تەکنەلۆژیا و بازرگانی، دەتوانن ببنەهۆی قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکان.
هەر بۆیە پەکین هەوڵدەدات ڕۆڵێکی هاوسەنگ بگێڕێت، نە بە ئاشکرا لەگەڵ واشنتن دابنیشێت، نە بە تەواوی پشتگیری لە هەڵوێستی تاران بکات. سیاسەتی چین زیاتر لەسەر “دیپلۆماسیی بێدەنگ” دامەزراوە، واتە کارکردن لە پشت پەردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەبێ ئەوەی وەک نێوەندگیرێکی راستەوخۆ دەربکەوێت.
بەهۆی ئەمەوە، سەردانەکەی ترەمپ تاقیکردنەوەیەکی نوێی هاوسەنگی هێزەکانە لە جیهانێکدا کە تێیدا شەڕ، وزە و ئابووری بوونەتە بەشێک لە هاوکێشەیەکی گەورە.
لە پوختەی ئەم شیکارییەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی، سەردانەکەی دۆناڵد بۆ پەکین وەک هەوڵێکی دیپلۆماسی و ستراتیژی پێناسە دەکرێت بۆ سنووردارکردنی شەڕی ئێران و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز. چین، وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران، توانای هەیە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر بڕیارەکانی تاران، بەڵام لە هەمانکاتدا نایەوێت هاوبەشیی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ ئێران لەدەستبدات یان بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لە گەرووی هورمز بخاتە مەترسییەوە.
لەلایەکی ترەوە واشنتن هەوڵدەدات لەڕێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ پەکین، فشارەکانی لەسەر ئێران کاریگەرتر بکات، لە کاتێکدا چینیش پرسی ئێران و هورمز وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر ئەمریکادا بەکاردەهێنێت، بەتایبەتی لە پرسەکانی تایوان، بازرگانی و تەکنەلۆژیادا.
بەڵام لەکۆتاییدا ئەم سەردانە رەنگە کۆتایی بە شەڕ نەهێنێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بەڵام دەتوانێت ئاراستەی قەیرانەکە بگۆڕێت و دەرگای چارەسەری سیاسی بکاتەوە، چونکە هەردوو زلهێزەکە دەزانن ناسەقامگیریی ناوچەکە زیانی هاوبەشیان پێدەگەیەنێت.