عەلی زەیدی، کە ئێستا سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقە، وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان،کە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ، لەسەر ئەم سەرۆک وەزیرانە نوێیە ڕێککەوتن بە ئامانجی شکاندنی بنبەستی سیاسی، کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان لایەنە شیعەکان و کەمکردنەوە و سووککردنی گوشارەکانی ئەمریکا.
پاشخان و پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیرانی ئێستا، لایەنگرینەکردنی بۆ ناوەندە سیاسییە دەسەڵاتدارە چەسپاوەکان و، پێویستیی لایەنە جیاوازەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پێکهێنانی حکوومەت، هەموویان ئەو هۆکارانەبوون کە هەلی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی پەرلەمانیان بۆ زەیدی بەهێزتر کرد. بەڵام ئەو هاوکێشە سیاسییە ناجێگیرەی کە لە کۆتاییدا بووە هۆی هەڵبژاردنی زەیدی، بەناچاری سروشتی بژاردەکانی حکوومەت و ئەو ستراتیژییەیش دادەڕێژێت کە زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریییانەی بەردەمی بەکاری دەهێنێت.
ئەم ئاڵنگارییانە بریتین لە: قەیرانە ناوخۆیییە ئابووری، ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، کە بەهۆی جهنگی ئەم دوایییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لەرزین و وردە وردە تێکچوون. ئەم ململانێیە عێراقی ناچار کردووە بەرەو بژاردەی بێپێشینە بڕوات لە بواری پێگەی ناوچەییی خۆی لە نێوەندی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک ململانێیەکی حەتمی دەیبینن.
ئەم بابەتە لەڕێگەی دوو پرسیاری جەوهەرییەوە هەوڵ دەدات شیکاریی هەردوو ئاستی گرژی و ئاڵۆزییە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی بەردەم حکومەتی نوێی عێراق بکات، پرسیارەکان بریتیین لە:-
■پرسیاری یەکەم:- ئایا عەلی زەیدی دەتوانێت پاشخانی خۆی وەک بازرگانێک بەکاربهێنێت بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئابووری و سەربازیی میلیشیاکان لەناوخۆی دەوڵەتدا بەبێ ئەوەی تووشی پێکدادانی ڕاستەوخۆ بێت لەگەڵ ئەو هێزانەی کە ڕایانسپاردووە؟
■پرسیاری دووەم:- لە سایەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئایا حکوومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی دەتوانێت 'بێلایەنی' خۆی بسەلمێنێت و هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بپارێزێت بۆ پاراستنی عێراق لە سزاکانی واشنتۆن، و هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی بپارێزێت؟
پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە عێراقدا، پڕۆسەیەکی ناڕوون و ئاڵۆزە و لەسەر بنەمای تەوافوقی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت. وەك ئاشکرایە هەم لە ڕووی ناوخۆییەوە و هەم لەڕووی نێودەوڵەتییەوە عێراق بە باروودۆخێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت، پرسیارەکان لەسەر ئایندەی عێراق زۆرن و بە متمانە بەخشین بە عەلی زەیدی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق بەهەموو قەیران و ئاڵۆزییەکانییەوە، ئایا چۆن دەبێت؟
-ئایا لە کابینەکەی زەیدیدا، عێراق سەقامگیر دەبێت لە ئاستی ناوخۆ؟
-ئایا لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دەتوانێت ڕۆڵێکی دیار و کاریگەر بگێڕێت؟ هەروەها لەڕووی گرژییەکانی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەتوانێ هاوسەنگی خۆی بپارێزێت و هەم لەگەڵ ئەمریکا و ئێران پەیوەندییەکانی باش بێت.
تەوەرەی یەکەم/ پاشخان و ئەزموونی مێژوویی عێراق
سیستەمە حوکمڕانیەکانی عێراق بەشێوازێکی ئاڵۆز ڕوانگەی سیاسی ئەم وڵاتە پێکدێنن کە بەپێی دەستوور و بنەمای جیاکردنەوەی هێز و دەسەڵاتەکان ڕێنمایی دەکرێن. دەستووری عێراق کە لە ساڵی 2005 پەسەندکرا، بنەمای پێکهاتەی حکومەتێکی دیمۆکراتیک بنیات دەنێت. ئەم وڵاتە بە سیستەمێکی تێکەڵەیی کار دەکات ئەمەیش کاریگەری دەکاتەسەر دابەشکردنی هێزەکان لەنێوان بەشەکانی جێبەجێکار، یاسادانەر و دادوەریی.
عێراقی نوێ، قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی بۆ عێراقییەکان هێنایە پێشەوە. سیستەمی سیاسی، پەیوەندی سیاسی، سەرکردەی سیاسی ، ملمانێی سیاسی، ئابوورییەکی تازە، پەیوەندی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەموو تایبەتمەندییەکی ئەم قۆناغە بۆ عێراقییەکان نوێ بوو.
هەر لهگهڵ دهرچوونی دهسهڵاتی هاوپهیمانان، عێراق ساتێکی نهبووە، ئاسایش و سهقامگیرییهکهی لهژێر پرسیار نهبووبێت. دوای تێپەڕینی زیاتر لە بیست ساڵ بهسەر پهسهندکردنی دهستوور، ههموو بهش و ڕهههندێکی ژیانی سیاسی دهوڵهتی عێراق لهژێر پرسیارن و پێویستيان به ههڵوهستهکردنه.
عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە، لە ( کورد، عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە، کریستییان و هتد…) پێکهاتووە، بەڵام شیعەکان دەسەڵاتی باڵایان هەیە، و پۆستە سیادییەکانی وڵات بە دەستی ئەوانەیە، واتا بەڕێوەبەر و بڕیاردەری سەرەکی عێراق شیعەکانن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گرفتێکی گەورەیە لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و دروستکردنی بڕیاری سیاسی و سەقامگیری سیاسی لە دەوڵەتدا، چونکە دەوڵەت لەچەندین پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە، بۆیە هەمیشە لەناوخۆدا ململانێ هەیە و بە فۆرمی جیاواز بەردەوامە.
●گرفتی ڕێکخستنی سیستمی سیاسی
بە بەدواداچوون و وردبوونەوەمان لە دەستور بۆمان دەردەکەوێ بۆ ڕێکخستنی سیستمی سیاسی وڵات بەپێ دەستوری ساڵی 2005، کە زیاتر لە 85 بنەما لە دەستور بۆ ئەو مەبەستە باسکراوە، بەڵام ئەوەی کە لە وڵات گوزەراوە دوای 17 ساڵ لە حوکمڕانی دەرکەتووە کە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق لەسەر هەر سێ ئاستەکە یاسایی، جێبەجێکردن، دادوەری تەنها %45 جێبەجێکردووە.(محی الدین ، ٢٠٢٢، ل. ٢١).
تایبەت ئەو بنەمایانەی کە زیاتر زیهنییەتی مەرکەزیان تێدایە و پایتەخت باڵادەست دەکات بەسەر تەواوی پارێزگاو هەرێمەکانەوە. ئەوان مەبەستیان نییە لە عێراق سیستمێکی دیموکراسی تەوافوق و فیدراڵی دروست بێ، هیچ هەنگاوێکی جیدیشیان لەوبارەیەوە نەداوە گەرچی ئەنجومەنی هەرێمەکان تەنها بە دێڕێک لە دەستور باسکراوە، تا ئێستا ناهێڵن دروست بێ.
سیستەمه سیاسییهکانی عێراق لەسەرهتای دامهزراندنیانهوه تاوهکو ئێستا نایانتوانیوه سهقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمهڵایهتی بۆ وڵات فهراههم بکهن لەبەر چهندین هۆکاری ناوخۆی لهڕووی دابهشکاریی پێکهاتهی نەتەوەیی، ئاینی، مهزههبی و جیاوازی تر لهلایهک و چهندین هۆکاری دهرهکی لهدهستتێوەردان، ههژموونداری و داگیرکاری لهبازنهی ههرێمی و نیودهوڵهتی لهلایهکی ترهوه. ئهمانه پێکهوه ڕۆڵیان ههبووه لهسهر ناسهقامگیری گشتی لهم وڵاته. ئهم بارودۆخانه بۆشایی نێوان خهڵک و دهسهڵاتی فهرمی و نافهرمی بهرزکردووەتەوە بهشێوەیهک، بەشداری سیاسی بەردەوام لە دابەزینە و بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆن و ڕاپرسییەکان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لەنیوەی خهڵکی عێراق بهشداری ههڵبژاردنهکان ناکات. لهرزۆکی و لاوازی دامهزروهکان بهرامبهر هێزهکانی نافهرمی ناوخۆ و دهرهوه وایکردووه که ههمیشه قهیرانی متمانهی سیاسی نێوان خهڵک و دهسهڵات لهئاستێکی بهرزبێت کهههر ئهمهش ڕۆڵی سهرهکی بینیوه له بهرزی و نزمی ئاستهکانی بهشداری سیاسی، ڕهوایهتی سیاسی و دواتر شۆڕش، خۆپێشاندان و کودهتا و ناسهقامگیری سیاسی بهدرێژایی مێژووی سیاسی عێراق.
●لاوازبوونی دامەزراوە فەرمییەکان
جگە لە سوپا، متمانه به دامەزراوه فەرمی و نافەرمییهکانی عێراق هەمووی لەژێر %٥٠یە(٢٠٢٢،ل.٤٧) و ئەمەش ئەوە نیشان دەدات که دامەزراوهکان بەهۆی ئەو کێشە سیاسیانهی لەعێراق هەن لاواز و لەرزۆکن، خەڵک لەبری ئەم دامەزراوه فەرمییانە پەنا دەباتە بەر لایەنە هەژمووندارە ناحکومییەکان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان یان یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان. بەمەش متمانه بەدامەزراوه فەرمییەکان تادێت بەرەو دابەزینی زیاتر و لاوازبوون دەچێت و ئەمەش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەبێبەهاكردنی دامەزراوهی دەوڵەتی لە حوکمڕانییەتی. بە نموونە دەسەڵاتی دادوەری وەکو دەسەڵاتێکی بێلایەن و پارێزگاری دادپەروەری جێگەی متمانهی هاوڵاتیان نیە. لەڕاپۆرتێکی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە دووباره بنیادنانهوهی عێراق و گەڕانەوەی سەقامگیری هاتووه که خراپبوونی متمانه به دادگاکانی عێراق لەئەنجامی گەندەڵی و دەستوەردانی حزبی و مەزهەبییەوه وایکردووه که خەڵک پەنا بباتەوە بەر شێخ و سەرۆکی عەشیرەت و لایەنەکانی دەرەوەی دادگاکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان بێگومان ئەمەش ڕۆڵی هەیە لەسەر ناسەقامگیری، چونکه ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت پارێزگاری لە سەروەرییەکەی بکات وەکو باڵاترین دەسەڵات و هێزی وڵات، لەبەرامبەردا هێزەکانی نافەرمی وەکو هۆز و عەشیرەت و هێزه مەزهەبی و وەڵائییەکان ڕۆڵ دەگێڕن، ئەمەش بەردەوام فەوزا و ناسەقامگیری لەعێراق دروست دەکات.
لەلایەکی ترەوە بەهۆی لاوازی دامەزراوەکانەوە هەلێک بۆ هەندێک لەگروپە توندڕەوەکان دروست بووه که ئەم دامەزراوه فەرمییانە بەکاربێنن بۆ بەرزکردنەوەی پۆپۆڵێزمی سیاسی هەندێک سەرکردەی ئایینی و مەزهەبی هەروەها بەدامەزراوەییکردنی بەشێک لە نەریت و ڕێساکانی خۆیان یاخود بەکارهێنانی دامەزراوه یاسایی و دادوەرییەکان لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ئایینی و مەزهەبییەکان. بۆ نموونە لە ماوەی ڕابردوو بەھۆی باڵادەستی شیعەکان لە حوکمڕانیدا، چەندین کاری لەمجۆرە ئەنجامدراوە. وەکو دروستکردنی ھێزی حەشدی شەعبی بە فتوای عەلی سیستانی بۆ سووربوونی سەدرییەکان لەسەر دەرکردنی (یاسای بەتاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل) و ... ھتد. کە بێگومان ئەمانەش ڕۆڵیان ھەیە لەسەر زیاتر قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان پێکھاتەکان و دواتر سەروەری یاسا و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی.
●بەھێزبوونی میلشیا چەکدارەکان
عێراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئێستا گیرۆدەی قەیرانی سەروەری یاسا و قەیرانی ناسنامەی نیشتمانییە کە ڕێگری گەورەی بەردەم پێشکەوتنی وڵاتن. سەڕەڕای گۆڕینی ڕژێمەکە بۆ ڕژێمی نیمچە دیموکڕاسی لەدوای ساڵی 2005 و ھاوکاری سیستەمەکە لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ھێزی دەوڵەت باڵادەست بێت بەسەر ھێزە نافەرمییەکان، بەڵام سروشتی سیاسی و پێکھاتەی عێراق و لەرزۆکی دامەزراوەکان و سەروەرنەبوونی ھێزی دەوڵەت بە یەکسانی بەسەر پێکھاتە جیاوازەکان وایکرد کە میلشیاو ھێزە چەکدارە حزبی، ئایینی، مەزھەبی و کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بن. بۆیە خەڵک بەھۆی خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکان و بێئومێدی لەبەشداری سیاسی پەنا دەباتە بەر ئەم ھێزە میلشیایانە و ئەم ھێزانەش لەبەر بەرژەوەندی و مانەوەیان ھەمیشە ڕێگری لە سەروەری یاسا و سەقامگیری و سەربەخۆی دامەزراوەکان دەکەن.
قەیرانی متمانە و بەشداری لەعێراق هۆکاری سەرەکی درووستبوونی ئەم گرووپانەیە. چونکە ئەمانە لەلایەک متمانە بەهێزی باڵادەستی فەڕمی وڵات ناکەن کە یەکسانی و دادپەروەری بێنێتە کایەوە لەلایەکی ترەوە ئەم ھەست بەمەترسیکردنە وایکردووە کە ھەمیشە ئەمانە بەدوای خۆبەھێزکردنەوە بن، جگە لەوەش ئەم گرووپانە تەنھا بەرگری لەخۆیان ناکەن، بەڵکو لەهەر ھەلومەرجێکی بۆیان ڕەخسابێ شەڕ دەکەن لەپێناو بەدەستھێنانی بەرژەوەندیە سیاسی، ئابووری،و ئاینییەکان، ئەمەش هەمیشە دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی بۆ دەوڵەت و ھاوڵاتیان دروست کردووە. وای لێھاتووە ئەم گرووپە میلیشیایانە دەوڵەتی قووڵ (Deep State) دروست بکەن و لەئەنجامی ئەمەش دانیشتوان دابەش دەکەن. ئەم بارودۆخەش لەلایەن ناسیۆنالیستەکان یان ئایندارە تووندڕەوەکان بەھەڵ وەرگیراوە کە ئەم گرووپانە بەکاربێنن بۆ ڕکابەری یەکتر یان دژایەتی دامەزراوەی دەوڵەت و بڕیارە حکومی و دادوەرییەکان لەعێراق کە ئەمەش ھەتا دێت ناسەقامگیری زیاتر دەهێنێتە کایەوە.
نەبوونی متمانەی نێوان وڵاتان و هەوڵەکانی ئەم ئەکتەرانە بۆ بەشداری و هەژموونداری لە ناوخۆی عێراق هۆکارێکی تری قەیرانی سەقامگیرییە. ئێران ئەم هێزانە بەکاردێنێت بۆ لێدان لەهێزە نەیارە ڕۆژئاواییەکانی بەتایبەت ئەمریکا. ئەمەش بۆتە هەڕەشەیەکی بەردەوام لەسەر سەروەری دەوڵەت و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و سەقامگیری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەئێراق.
●گرفتی پابەندنەبوون بە بەڵێنەکان
لەسەر ئەم بابەتە زۆر گووتراوە، زۆریش نووسراوە ، بەدەر لە هەمووی، ئەوە پرەنسیپێکی ئاینییە لای عێراقیەکان، بەڵام هیچ کام لە دەستەبژێرە سیاسیەکانی وڵات پێوەی پابەندنین، لەو بارەیەوە دەکرێ پرسیارە جەوهەریەکە ئەوە بێ: ئایا پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی حکومەت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە چی دەبێت؟
پابەندنەبوونی حکومەت بە بەڵێنەکانی دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتدا، کە ئەمەش ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندان و ناسەقامگیری لێ دەکەوێتەوە. هاوکات، ئەم دۆخە هاندەری کۆچی گەنجان و کشانەوەی هاووڵاتیان دەبێت لە بەشداری سیاسی و هەڵبژاردنەکان، چونکە هیوا و بڕوایان بە گۆڕانکاری لەڕێی دامەزراوە فەرمییەکانەوە نامێنێت.
تەوەرەی دووەم : سەقامگیریی ناوخۆیی و پرسی چەک لە دەستی دەوڵەتدا: نەخشەڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە دامەزراوەییەکان."
ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم کابینە نوێیەکە ئەوەیە کە چۆن هاوسەنگی بپارێزێت و ڕێگری بکات لەوەی خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگە ئیقلیمییەکان، هاوکات پاراستنی سەروەریی نیشتمانی لە پێشینەی هەموو کارەکان بێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە تشرینی دووەمی2025 بەڕێوە چوو، بووە هۆی بنبەستێکی سیاسیی پێنج مانگی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان، چەندان ڕکابەری بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دروست کرد کە ئەجێندا و ئاڕاستەی فرەجۆریان هەبوو. ئەمەیش لەبەرامبەردا، بووە هۆی دروستبوونی جیاوازی لەنێوان ئەو هێزانەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە بەرپرسیار بوون لە کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران.
ململانێیەکی ئاشکرا لەنێوان نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو (کە کاندیدبوونی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ڕەت کرایەوە) و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێش زەیدی (کە دواتر ئەویش ڕووبەڕووی تێبینییەکانی ئەمریکا بووەوە) سەری هەڵدا. ئەمە وای کرد گەڕان بەدوای کاندیدی تەوافوقیدا دەست پێ بکات، کە لە ئەنجامدا لایەنە ڕکابەرەکان لەسەر کاندیدکردنی بازرگان و بانکدارێکی تەمەن41 ساڵ بە ناوی “عەلی زەیدی” بۆ ئەو پۆستە ڕێک کەوتن.
لە27ی نیسانی 2026، سەرۆککۆماری عێراق بەفەرمی زەیدیی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەی لە ماوەی یەک مانگدا و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردن.
هەڵبژاردنی زەیدی ڕەنگدانەوەی هەم ڕکابەرییە ناوخۆیییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو (کە نزیکەی175 کورسیی پەرلەمانییان هەیە و زۆربەیان بە میلیشیا لایەنگرەکانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە) و، هەم ڕەنگدانەوەی چوارچێوە فراوانەکەی جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی ئێران بوو.
لە ناوخۆی عێراقدا، لایەنە شیعەکان بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەش ببوون: پێکهێنانی حکوومەت لە کاتی جهنگدا، کە ئەم هەڵوێستە لەلایەن فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە سەرکردایەتی دەکرا و داوای پابەندبوونی بە وادە دەستوورییەکان دەکرد و لەلایەن هەندێک هێزی شیعەوە پاڵپشتی دەکرا؛ یان دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت تا ئەو کاتەی ئەنجامی جهنگی ئێران ڕوون دەبێتەوە؛ کە ئەمەیش هەڵوێستی زۆربەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی وەک کارتێکی گوشار لە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینی. دەرەنجامێکی حەتمیی ئەم ئاڕاستەیە، پاراستنی ئەو بۆشایییە سیاسییە بوو کە لە کاتی جهنگەکەدا باڵادەست بوو، ئەمەیش بۆ دڵنیابوون لەوەی بەغدا هەنگاوی وا نەنێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندا دژبەیەک بێت.
"کاتێک سەیری دۆخی عێراق دەکەین لەم ساتە وەختەدا، دەبینین حکومەتی نوێ لەناو ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆزدا لەدایک دەبێت. ئاستەنگەکان تەنها نەبوونی خزمەتگوزاری و بودجە نین، بەڵکو عێراق ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە لەنێوان گرژییە هەرێمییەکان
●بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق، عەلی زەیدی دەبێت لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە کار بكات:
یەکەم، سەپاندنی یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک، لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان و ڕێگریکردن لە هەر جووڵە یان هێرشێکی سەربازیی دەرەکی کە بەبێ ڕەزامەندی و فەرمانی ڕاستەوخۆی حکومەت وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەنجام بدرێت.
دووەم، پەیڕەکردنی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ، بە شێوەیەک کە ڕێگە نەدات خاک، ئاسمان یان سیستمی دارایی عێراق بۆ لێدان یان گەمارۆدانی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، و پرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت نەک لایەنە سیاسییەکان.
سێیەم، بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووری، لە ڕێگەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواو بە دۆلاری ئەمریکی یان وزەی هاوردەکراو لە ئێرانەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسیی عێراق نەبێتە بارمتەی گوشارە ئابوورییەکانی دەرەوە.
● پەیوەندی دۆخی ناوخۆ بە دەرەوە: 'عەقڵیەتی سیاسی' ناوخۆ دەبێت بگۆڕێت. ئەگەر لایەنە ناوخۆییەکان تەنها وەک نوێنەری ئەجێندا دەرەکییەکان کار بکەن، ئەوا عێراق هەرگیز ڕەنگی ئارامی نابینێت. دۆخی ناوخۆ کاتێک جێگیر دەبێت کە حکومەت بتوانێت بڕیاری 'نیشتمانی' بدات نەک بڕیارێک کە لە ژێر فشاری وڵاتانی ئیقلیمیدا بێت، یان تەنها لەبەرژەوەندی حیزب و لایەنێکی دیاریکراودا بێت.
تەوەرەی سێیەم: عێراق لەنێو ململانێ ئیقلیمییەکاندا: ستراتیژییەتی پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا (ئێران و ئەمریکا) وەك نموونە.
حکوومەتەکەی سوودانی بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە ڕووبەڕووی شکست بوویەوە: یەکەم، کشانەوەی تەواوەتیی ڕەوتی سەدر، ڕکابەری سەرەکیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆربەی میلیشیاکانی سەر بەوانن لە هاوکێشە سیاسییەکە. ئەمە ڕێگەی دا بە ئارامییەکی ڕێژەیی دوای ماوەیەک لە گرژی و پێکدادان. دووەم، تێکەڵکردنی دیارترین میلیشیاکان کە بڕبڕەی پشتی حەشدی شەعبی پێک دەهێنن وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی هەق، جند ئیمام، بزووتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵڵا ئەوفەیا و، ڕێکخراوی بەدر بۆ ناو حکوومەتەکەی سوودانی. ئەم تێکەڵبوونە شێوەی دامەزراندنی سیاسی و کارگێڕیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، گرێبەستی ئابووریی گەورە لەگەڵ دەوڵەت و، ئەو گرێبەستانەی گرتەوە کە کۆمپانیای “ئەلموهەندیس” بەدەستی دەهێنان؛ کە وەک باڵی ئابووریی حەشدی شەعبی لە ڕۆژانی سەرەتای حکوومەتەکەی سوودانی دامەزرا.
ئەو فۆرمۆلەیەی حکوومەتی پێشووی عێراقی لەسەر پێک هێنرا، لەسەر ئەم بنەمایە بوو: “بەڵێنی سوودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسییانەی گرووپە چەکدارەکان و گۆڕینی ڕەفتاری سەربازییان بەرەو تێکەڵبوون لە ژیانی سیاسی و مەدەنی.” ئەم بنەمایە ڕەزامەندیی ناڕاستەوخۆی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بەدەست هێنا، کە چاوپۆشیی لە هەبوونی ئاشکرای سەرکردەی میلیشیاکان و نوێنەرەکانیان لەناو کایەی گشتیی فەرمیدا دەکرد، هەروەها چاوپۆشیی لە دزەکردنیان بۆ ناو دامەزراوە ئەمنییە هەستیارەکان وەک دەزگای هەواڵگری، دەزگای دژەتیرۆر، سوپا و وەزارەتی ناوخۆ دەکرد.
لە کاتێکدا واشنتۆن بەردەوام بوو لە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی میلیشیا عێراقییەکان لە ڕێگەی سزاکانەوە، کە تۆڕە ئابوورییەکانیان و ئەو پارانەی بۆ ئێران قاچاخ دەکران دەکردە ئامانج، لە هەمان کاتدا هەوڵی دا عێراق لە “جهنگی دوازدە ڕۆژە” لەگەڵ ئێران لە حوزەیرانی 2025 بپارێزێت. لەو کاتەدا هەوڵێکی چڕ درا بۆ ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ، لەوانە گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی خاکی عێراق؛ تەنانەت دوای ئەوەی گرووپە عێراقییەکان هێرشی درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند و، بەغدا بوو بە ناوەندێکی پاڵپشتیی لۆجستی، گواستنەوەی چەک و دابینکردنی پارە بۆ حزبوڵڵا لە لوبنان و بزووتنەوەی حووسییەکان لە یەمەن، کە هەردووکیان لەگەڵ ئیسرائیل لە ململانێدا بوون.
بەڵام گەشبینی سەبارەت بە کاریگەریی ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە، بەخێرایی لە یەکەم ڕۆژەکانی جهنگی ئەم دوایییەدا لەناو چوو، کە تێیدا میلیشیا عێراقییەکان ڕاستەوخۆ تێوە گلان بە ئەنجامدانی سەدان هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن، هەرێمی کوردستان و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکانی عێراق لە بەغدا و بەسرە و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
تێوەگلانی میلیشیاکان لە جهنگی ئەم دوایییەی ئێراندا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگاندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ پێگەی فەرمیی عێراق لەناو ململانێ فراوانەکەدا و ئەو ئامرازانەی کە ئەو پێگەیەی پێ پیادە دەکرێت، گۆڕی. ئازادیی جووڵەی میلیشیاکان لە سەرانسەری خاکی عێراقدا بێتواناییی بەغدای بۆ ڕاگرتنیان دەرخست؛ ئەمەیش ئەو گریمانە پێشووانەی سەبارەت بە توانا، یەکگرتوویی و دڵسۆزیی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکانی عێراق تێک شکاند. لە ئەنجامدا، بارودۆخی عێراق ئێستا لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دووبارە هەڵسەنگاندنێکی فراوانی بۆ دەکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە وتارەکانی ئەمریکادا ڕەنگ دەداتەوە کە ڕاستەوخۆ حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن بە دابینکردنی چەتر بۆ هێرشی میلیشیاکان، هەروەها لە ناڕەزایەتییە فەرمییەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئوردن سەبارەت بەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون.
هەموو ئەمانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی (نوێ)ی ڕاسپێردراودا ڕەنگ دەدەنەوە، کە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە لە پێناسەکردنی ڕۆڵی حکوومەتەکەی زەیدی. سیاسەتەکانی حکوومەتە نوێیەکە وەڵامی گرنگ بۆ نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی داهاتووی عێراق لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی و وڵاتانی تر بەگشتی دابین دەکات. ئەو ئاڕاستەیەی دەیگرێتە بەر، دیاری دەکات کە چەندە بە کاریگەری دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا بکات کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.
●لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق چی بوون؟
بۆ جاری دووەم، لە کەمتر لە ساڵێكدا، هێرشە کتوپڕەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕێکەوتی28/2/2026 کە پتر لە پێنج هەفتەی خایاند، ناکرێ وەک جەنگێک هەژمار بکرێت کە تەنیا لێکەوتەی لەسەر کۆی گشتیی کەرتەکانی ئێرانی دەبێت، بەڵکو ئەم جەنگە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لێکەوتەکانی، بەتایبەت لەسەر کەرتی وزە، دارایی، ئابووری و کشتوکاڵی دەوڵەتانی دەرەوەی ئەم جەنگە، بەردەوامە. عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە حوکمی ئەوەی کە درواسێی ئێرانن، لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، چ لە کورتخایەن و چ لە دوورمەودادا بێبەش نابن.
یەکەم، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر عێراق
●لێکەوتە ئابوورییهكان:
بەپێی داتاکان، سەرووی ٩٠٪ داهاتی عێراق پشت بە کەرتی هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت. ئەم جەنگە بووە هۆی داخستن و گەمارۆدانی گەرووی هورمز. ئەگەرچی تاران لە سەرەتای جەنگەوە ڕای گەیاند کە وڵاتانی دۆست، لەنێویشیاندا عێراق، دەتوانن نەوتەکەیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع وەها دەرنەچوو؛ هەر بۆیەش عێراق هەوڵی دا لە ڕێگەی سووریا و هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە هەناردەکردنی نەوتەکەی قەرەبوو بکاتەوە. بەڵام ئەو بۆڕییەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە نەوت دەگوازێتەوە، لە ئێستادا تەنیا توانای گواستنەوەی250 هەزار بەرمیل لە یەک ڕۆژدا هەیە. ئەو نەوتەی کە بە سووریا لە ڕێگەی تەنکەرەوە هەناردە دەبێت، %15-20 ی داهاتەکەی بۆ بەهای گواستنەوە دەچێت، جیا لەو پارەیەی کە دەبێ بۆ ترانزیت بە حکوومەتی دیمەشق بدرێت و تەنانەت نەوتەکە لەژێر نرخی ستاندەردی جیهانییەوە بفرۆشرێت.
بەپێی داتاکان، ڕۆژانە عێراق نزیکەی430 ملیۆن دۆلار بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز تەنیا لە هەناردەکردنی نەوت زیان دەکات, داخستنی گەرووی هورمز بووە هۆی ئەوەی کە عێراق نەتوانێت ڕۆژانە پتر لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل لە بەسرەوە هەناردە بکات, ئەمەیش بە واتای کورتهێنانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی2026 دێت.
بە واتایەکی تر ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەغدا دەتوانێت تەنیا مووچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات و کەرتە خزمەتگوزارییەکان پەک دەکەون. ئەگەرچی عێراق باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵی2026 نزیکەی97 ملیار دۆلار وەک نەختینەی یەدەکی هەیە, بەڵام دەوڵەت ناتوانێت بەبێ بوونی نەختینە پاڵپشتیی بەهێزی دراوەکەی بکات، گەشە بە کەرتی ئابوورییەکەی بدات. ئەمەو سەرەڕای پەککەوتنی کەرتەکانی تری داهات بۆ عێراق؛ بۆ نموونە، نەمانی داهاتی کەرتی فڕۆکەوانی کە عێراق لە سەرتاسەری جەنگەکەدا ئاسمانەکەی بەڕووی فڕۆکە مەدەنییەکان دابخرێت. زیاد لەمەیش هەر لە سەرەتای جەنگەوە، نرخی کاڵا سەرهتایی و خۆراکییەکان لە عێراق بە ڕێژەی15-25٪ بەرز بووەتەوە. ئەمەیش چەند گرفتی سەرەکی لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ عێراق دروست دەکات:
یەکەم، بەهای دینار و داهاتی عێراق دادەبەزێت.
دووەم، بەهای کاڵاکان بەرز دەبێتەوە؛ بەتایبەت کە نزیکەی90٪ هاوردەی کاڵای خۆراکی، پەینی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ و، دەرمان بۆ نهخۆشخانەکان لە گەرووی هورمزەوە هاوردە دەکرێت.
سێیەم، بەرفراوانبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری.
ئەم گرفتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نایەکسانی لەنێوان ئاستی داهاتی تاکەسی و ئاستی بژێوی ژیان سەر هەڵبدات؛ واتە هاووڵاتی نەتوانێت بەئاسانی پێداویستییە سەرەکییەکانی دابین بکات.
لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین کە ئەگەر قەیرانی داخستن و گەمارۆی گەرووی هورمز و هەناردەنەکردنی بڕی تەواوی نەوتی عێراق بەردەوام بێت، دەبێ چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و ڕێژەی هەژاری لە عێراق بکەین. لێکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم نایەکسانییەیش، واتە تێکچوونی نەزمی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی سیاسی.
●لێکەوتەی سیاسی:
یەکەمین لێکەوتەی سیاسیی ئەم جەنگە بریتی بوو لەوەی کە بەپێچەوانەی جەنگی12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەم جارە عێراق لە دەرەوەی مەیدانی جەنگ نەبوو، بەڵکوو گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕێگەی هێرشی درۆنییهوه بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارایان له جهنگهكهدا كرد.
ئەم جەنگە ئەوەی خستە ڕوو کە هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕوو بدات، چ بە ئەرینی بێت یاخود نەرێنی، کاریگەری لەسەر عێراق دروست دەکات. ئەگەرچی حکوومەتی بەغدا چەندان جار بەیاننامەی دەرکرد کە عێراق بەشێک نییە لەم جەنگە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان ئەمەیان سەلماند کە حکوومەتی بەغدا، توانای کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارەکانی نییە؛ کەچی خودی ئەم هێزە چەکدارانە باڵی سەربازیی ئەو لایەنە سیاسییانەن کە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە پێک دێنن و خودی چوارچێوەی هەماهەنگییش پێکهێنەری سەرەکیی حکوومەتە.
ئەم جەنگە ئەوەی سەلماند کە لە عێراقدا چەندان حکوومەت لەناو یەک دەوڵەتدا حوکمڕانی دەکەن و لە حکوومەتە فەرمییەکەی بەغدا بەهێزتریشن. ئەم حکوومەتە هاوتەریبانە (الحکومات الموازیة) دواجار هەم لە ڕووی پەیوەندییە هەرێمییەکان و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتی، دەبنە هۆی لاوازکردنی حکوومەتی فەرمیی بەغدا و ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئەگەرێکی بەهێزە. بۆ نموونە، هەر لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە گشت وڵاتانی کەنداو ناڕەزایەتییان لەهەمبەر حکوومەتی بەغدا دەربڕی و داوایان کرد کە حکوومەتی بەغدا ڕێگری لە کردەوە دوژمنکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بکات.
لە لایەکی ترەوە خودی ئەمریکاش ئەم ناڕەزایەتییەی حکوومەتی واشنتۆنی گەیاندە بەغدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کاریگەریی بەسەر گشت کەرتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری، سەربازی و داراییی عێراقدا هەیە، کەچی لە میانەی ئەم جەنگەدا چەندان جار هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی. دەکرێ ئەم کردەوانە سەرەتایەک بن بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە کە دواجار ناسەقامگیریی عێراقی لێ دەکەوێتەوە.
جەنگی ئەمریکا و ئێران، دەرخەری ئەوە بوو کە عێراق نە توانای پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی ناوخۆییی هەیە و نە دەرەکی، بەڵکوو ئەمە تارانە کە نەخشەی سیاسی و سەربازیی عێراق دادەڕێژێت.
دووەمین لێکەوتەی سیاسیی ئەم جەنگە، هەڵبەز و دابەزینە لەنێوان پەراوێزخستن و لەخۆگرتنی سیاسیی عێراق. واتە، عێراق لە دوای ساڵی2003 و بە نەمانی ڕژێمی بەعس، کە لە ڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە ئەم ڕژێمە ڕووخا، وێنای ئەوە دەکرا کە عێراق بگەڕێتەوە نێو باوەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەم وێناکردنە هەڵە دەرچوو و عێراق کەوتە ژێر هەژموونی تاران؛ کە خودی تارانیش بەدەست پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لەلایەن کۆمەڵگە سیاسییەکانی ڕۆژاواوە دەیناڵاند. بە واتایەکی تر، بەغدا کەوتە باوشی دەوڵەتێکی پەراوێزخراو کە ئەویش ئێران بوو؛ واتە دوو جار عێراق تووشی پەراوێزخستن بۆتهوه.
ئەگەرچی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە درێژاییی ئەم ساڵانە، هەوڵیان داوە کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدهن، بەڵام تا ئێستا بەهۆی هەژموونی تاران بەسەر عێراق و هەبوونی کێشە لەنێوان تاران و زۆربەی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەغدا نەیتوانیوە سیاسەتێکی سەرکەوتووانەی دراوسێتیی باش و هاوسەنگ پەیڕەو بکات، کابینەی عەلی زەیدی بەهەماشێوە.
ئەم دۆخە وا لە عێراق دەکات بیر لە تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق بکاتەوە تا هەم ئەمریکا و هەمیش ئێران ڕازی بکات. هەر بۆیەش لە دوای ئەم دۆخە، ئەگەری زۆرە حەشدی شەعبی ببێتە بەشێک لە سوپای عێراق بەڵام بە هەمان پەیکەر و پێکهاتە و، وەک هێزێکی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکات.
●لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان:
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران، بووە هۆی ئەوەی کە شەقامی سیاسیی عێراقی، بەتایبەت شەقامی شیعە، بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببێت: بەرەیهک دژی ئەمریکا وەستانەوە و پشتیوانییان لە تاران دەکرد و بەرەیەکیش هاوپەیمانی ئەمریکا نەبوون بەڵام پشتیوانیی ئێرانیشیان نەکرد و داوایان کرد کە عێراق خۆی لە تێوەگڵان لە جەنگەکە بەدوور بگرێت. تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ڕای گەیاند کە بەشێک نییە لە جەنگەکە. لە ئاست شەقامی شیعە، “موقتەدا سەدر” داوای کرد کە عێراق نەبێتە بەشێک لە جەنگەکە و “عەلی سیستانی”، گەورە مەرجەعی شیعەیش، داوای کرد کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەرمەبنای یاسای نێودەوڵەتی کێشەکان چارەسەر بکرێت.
ئەم دوو ئاراستە سیاسییە، دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگەیش دەبێت، چونکە تا ئێستا حزبە سیاسییەکان لە عێراق، حزبی جەماوەرین و هەر جۆرە هەڵوێستێکی سیاسیی سەرکردەکان کاریگەری لەسەر لایەنگرەکانیشی دروست دەکات؛ بۆیە ئەم جەنگە سەرەتایەک بوو بۆ لێکترازانی کۆمەڵایەتی لە عێراق، بەتایبەت لە ناوماڵی شیعە کە ڕەوتێک زۆرتر پابەندیی شیعەگەرایی-عێراقچێتییە، ڕەوتێکیش پابەندی شیعەگەرایی-ناوچەگەرایییە (واتە ئەوەی کە بە بەرەی موقاوەمە دەناسرێت).
ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەری هەیە لە خولەکانی داهاتووی هەڵبژاردن، ئەو دروشمانە زۆرتر باو بن کە خزمەت بە عێراق بکات وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نەک خزمەت بە ئایدیۆلۆژیا؛ چونکە ئەگەر لە کابینەی ڕابردوو ورد ببینەوە، دەبینین ئەوەی کە بووە هۆی سەرخستنی لیستی “محەمەد شیاع سوودانی” بریتی بوو لە دابینکردنی ئەو ئاستە خزمەتگوزارییەی کە بۆ عێراق دابینی کرد، جا چ کەم بێت یاخود زۆر. هەر بۆیەش ناوی لیستەکەی بریتی بوو لە ”گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە”.
هەرچەندە ئەمریکا دروستکەرەوەی عێراقی دوای “بەعس”ە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا تا ئێستایش پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناجێگیرە؛ لە لایەک ئەمریکا ڕێککەوتنی ستراتیژی و سەرباز و ڕاوێژکاری هەیە لە عێراق و وەک پارێزەری دەوڵەتی عێراق و سیستهمە سیاسەکەیشی وایە، بەڵام تا ئێستایش نە ئەمریکا و نە عێراقیش خۆیان وەک هاوپەیمان نابینن. پەیوەندیی بەغدا و واشنتۆن پڕە لە نامتمانەیی، بەڵام سەردەمی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد تڕەمپ جیاوازە لە سەردەمی ئیدارەکانی تری ئەمریکا؛ تهنانهت لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد تڕەمپیش. بە واتایەکی تر، ئەوەی بۆ عێراق تا ئێستا چووەتە سەر، لەوانەیە لەو ئیدارەیەدا چیتر عێراق نەتوانێت ئەو یارییە لەگەڵ ئەمریکا بکات.
سیاسەتی نهریتی (تەقلیدی)ی واشنتۆن کە بریتی بوو لە “بونیادنانی نەتەوە/دەوڵەت” (Nation/state Building) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتووە. ئێمە لەبەردەم سیاسەتێکی نوێداین کە لەسەر بنەمای “مامەڵەی بازرگانی و بەرژەوەندیی ڕووت” داڕێژراوە.
ئەمریکا ئامانجی سەرەکیی خۆی لەم هاوکارییەدا بە بونیادنانی عێراقێکی خاوەن سەروەری، سەقامگیر و گەشەسەندوو وەسف کردووە. واشنتن دەیەوێت عێراق ڕۆڵێکی ئەرێنی لە ناوچەکەدا بگێڕێت و لەگەڵ دراوسێکانی لە ئاشتیدا بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی عێراق هەبووە.
جەنگی نێوان (ئهمریكا – ئیسرائیل) و (ئێران) ئالنگارییهكی وجودیه بۆ دەوڵەتی عێراق، بەو پێیەی دەیخاتە بارودۆخێکی هەستیار لە نێوان پابەندییە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان بەرامبەر بە پرسە هەرێمییەکان و پێویستی پاراستنی سەروەری نیشتمانی، عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەره بهم جهنگه لە ڕێگەی بەشداری گرووپه چەکدارەكان لە ژێر چەمکی بهرهی موقاوهمه و «یەکگرتنی گۆڕەپانەکان» و لهدهستدانی سهروهری ئاسمانی كه بۆته مهیدانی هێرشه ئاسمانیهكان لهلایهن هێزه بهشهڕهاتوهكانهوه، ئهمهش هەڕەشەیهكی مهترسیداره لەو سەقامگیرییە ئەمنییە لەرزۆکەی کە حکومەت هەوڵی بەهێزکردنی دەدات.
لە کاتێکدا گەلی عێراق چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی ڕاستەوخۆ لە بژێوی و خزمەتگوزارییەکان دەکات، ناوەندە سیاسییەکانی بەغدا بوونەتە گۆڕەپانی یەکێک لە ئاڵۆزترین کێبڕکێیەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران. تەوەرەی ململانێکەش ڕاسپاردنی عەلی فالح زەیدییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، کە ئاشکرایە قورسترین ئەرکی سیاسیی دوای ساڵی2003 کەوتووەتە سەرشانی .
پێش ئەوەی مەراسیمی فەرمیی ڕاسپاردن بەڕێوە بچێت، عەلی زەیدی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرنگی پێگەیشت، یەکەمیان لە دۆناڵد ترەمپ و دووەمیان لە مەسعوود پزیشکیان. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، ترەمپ بە ڕوونی بە زەیدیی ڕاگەیاندووە کە واشنتۆن "بە هەموو هێزێکەوە" پشتیوانیی دەکات، بەڵام پشتیوانییەکەی بێبەرامبەر نییە. مەرجی سەرەکیی واشنتۆن بۆ زەیدی بریتییە لە، دوورخستنەوەی تەواوەتیی میلیشیا و هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئایدیۆلۆژیای ئێران لە هەموو جومگەکانی حکوومەت و سنووردارکردنی هەژموونی تاران لە بڕیاردانی سیاسیی عێراقدا.
یەکێک لە بەربەستەکانی زەیدی لە جێبەجێکردنی داواکانی ئەمەریکا ئەوەیە، کە تاران بێدەنگ نابێت و هەر وا ئاسان ڕێگە نادات. هەر بۆیە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە سەردانێکی کتوپڕدا بۆ بەغدا، کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام داوە. پەیامی قائانی کورت بووەوە لە یەک خاڵدا: "هەر هەوڵێک بۆ دەرکردنی سەرکردە باڵاکانی میلیشیاکان لە حکوومەت یان هەوڵدان بۆ چەکداماڵینیان، کاردانەوەی توندی دەبێت". تاران وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی سەیری میلیشیاکان دەکات و ڕێگە نادات عێراق تەنیا بە ئاڕاستەی واشنتۆن کار بکات.
●قەیرانی ئابووری لە عێراقدا
عێراق ئێستا لە ململانێدایە لەگەڵ قەیرانێکی ئابووریی فرەڕەهەند، کە زۆربەیان پێکهاتەیین و ڕەگیان لە ئابوورییە ڕەیعی (ڕانتی)یەکەیدایە کە بەتوندی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ناچالاکی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە بەشێکی زۆری بوودجە بەبێ بەدەستهێنانی دەرەنجامی مانادار بەکار دەبردرێت.
داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە قەیرانەکەی زیاتر تەقاندەوە؛ بووە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی عێراق و، وای کرد حکوومەت لە ململانێدا بێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دارایییەکانی. گوشاری ئابووریی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکان بۆ سەر کەسایەتی و کۆمپانیاکان، لەگەڵ بەستنی ناردنی کاشی مانگانەی دۆلار بۆ عێراق چڕتر بووەتەوە – ڕێوشوێنێک کە لێکەوتەی قووڵی بۆ سەقامگیریی داراییی وڵاتەکە هەیە.
لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، توانای زەیدی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بنەڕەتیی ئابووریی عێراق یان چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بە سەرچاوەی سنووردارەوە، بەسنووردار دەردەکەوێت- سەرەڕای پسپۆڕیی ئابووریی خۆی. لە قۆناغی یەکەمدا، ڕەنگە حکوومەتەکەی هەوڵ بدات کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بکاتەوە بۆ سووکكردنی گوشارە ئابوورییەکان و ڕێگریکردن لە سزای زیاتر، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی حکوومەت بەرامبەر میلیشیاکان، کە هۆکارێکی سەرەکییە لە ئاڵنگارییه ئابوورییەکانی عێراقدا.
لە قۆناغی دووەمدا، زەیدی دەتوانێت بەدوای چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بگەڕێت، پرۆسەکانی گرێبەست ڕێک بخاتەوە و کارایی لەناو دامەزراوە بیرۆکراسییەکانی عێراقدا باشتر بکات. بەمەیش زەمینە بۆ سەقامگیریی درێژخایەن خۆش بکات.
سێیەم: دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندیی نێوان لایەن و هێزە سیاسییەکان
حکوومەتەکەی زەیدی ، ڕووبەڕووی ئەرکێکی سەخت دەبێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە دیمەنی سیاسیی ناوخۆی عێراق و چارەسەرکردنی گرژییە مێژوویییەکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکان. پرسێکی ناوەندی، بڵاوەپێکردنی یەکەکانی حەشدی شەعبی دەبێت لە ناوچە سوننەنشینەکاندا، کە پێویستە حکوومەتی نوێ بەوریایییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی نوێ پێویستی بە پێدانی دڵنیایی هەیە بە هەرێمی کوردستان، لەوانە: ڕێککەوتنە ئابووری و دارایییەکان کە بوونەتە هۆی ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر، هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی گرژییە ئەمنییەکان کە لە هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن.
لەناو بازنەی سیاسیی شیعەدا، ئاڵنگارییهکی سەرەکی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ “ڕەوتی سەدری”دایە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەیدی بەڵێنی بە گرووپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی داوە، ڕەنگە ڕێک کەوتبێت لەسەر ئەوەی حزبێکی سیاسیی نوێ دانەمەزرێنێت و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەکات. لە هەمان کاتدا، باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندییەکی ئەرێنیی لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دروست کردووە. ئەمە دەکرێت بە شێوەیەکی پۆتێنشیاڵ گەڕانەوەی ڕەوتەکە بۆ ناو سیاسەت ئاسان بکات یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە یان بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەدرییەکان لەناو سیستەمی دەوڵەتدا تاوەکوو هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو.
چوارەم: دووبارە هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان
گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، بەستراوەتەوە بە شێوازی مامەڵەکردنی بەرامبەر بە ئێران. سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لە کاتی جهنگدا، وڵاتانی عەرەبی بەدوای هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی عێراق بەرامبەر تاراندا ناگەڕێن. لەبری ئەوە، ئەوان چاوەڕوانن بەغدا هەڵوێستێکی هاوسەنگ بگرێتە بەر کە جەخت لەسەر ڕۆڵی عێراق لەناو جیهانی عەرەبیدا بکاتەوە. بەڵام پاڵپشتیی بەغدا بۆ تاران لە ململانێکەی ئەم دوایییەدا نیگەرانیی لای وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دروست کردووە؛ ئەمەیش وای کردووە داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بکرێت.
میلیشیا شیعەکان وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا دەمێننەوە. پێویستە سەرۆکوەزیرانی نوێ پلانێکی کارای ڕوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی میلیشیاکان پێشکەش بکات. لە هەفتەکانی داهاتوودا، سەرنجەکان لەسەر ئەوە دەبن ئایا حکوومەتەکەی زەیدی نوێنەری گرووپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرێت یان نا. واشنتۆن هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەت بەستووەتەوە بەم مەرجە بنەڕەتییەوە. جێی ئومێدهوارییه کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە 29ی نیسان پێشوازیی لە دەستنیشانکردنی زەیدی کرد؛ ڕایشی گهیاند کە ڕەنگە لێکتێگەیشتنێكی سەرەتاییی پێشوەختە سەبارەت بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی هەبێت.
دەرەنجامەکان
عەلی زەیدی کاندیدی دڵخوازی هیچ لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوو؛ نە گرووپە نیشتمانییەکانی دیکە و، نە تەنانەت ئەکتەرە ناوچەیی و ئەمریکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی عێراق. بەڵام ئهوهی گرنگه ئهوهیه كه، لەلایەن ئەو لایەنانەوە ڕەتیش نەکراوەتەوە. ئەمە سوودێکی گرنگ بە سەرۆکوەزیرانی ئێستا دەبەخشێت چونکە ڕێگەی پێ دەدات تا ڕاددەیەک لە کۆکردنەوەی حکوومەتەکەی و دیاریکردنی ئاڕاستەکەیدا نەرمی بنوێنێت. لە هەمان کاتدا، ئەمە دەیخاتە ژێر گوشاری هەموو لایەنەکانەوە کە نەک تەنیا ڕووبەڕووی داواکاری لەسەر هەڵوێستە سیاسییە گشتییەکان دەبێتەوە، بەڵکوو لەسەر پۆست و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیش.
لەنێو ئەو کۆمەڵە ئاڵنگارییهی کە ڕووبەڕووی ئیدارەکەی دەبنەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی میلیشیاکان و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییە پەیوەندیدارەکانی، وەک تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتن یان شکستی حکوومەتەکە دەردەکەوێت. پێشکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت ڕێگه خۆش بکات بۆ هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق لەسەر ئاڵنگارییه بەپەلەکانی دیکە.
پێ دەچێت زەیدی ئاگاداری ئەم ڕاستییە بێت و ڕەنگە بەشێکی بەرچاوی بەرنامەی حکوومەتەکەی، تەرخان بکات بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی دەوڵەت. بەڵام هەر ڕێوشوێنێکی لەو شێوەیە دەکەوێتە ژێر وردبینییەکی توندەوە و، کاریگەرییەکەیان بەوردی بەرامبەر بەو بەڵێنانەی دراون هەڵدەسەنگێنرێت.
خوێندنەوەی گشتگیری دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، ئەوە دەسەلمێنێت عێراق لە ئێستادا لە ناو بازنەیەکی داخراوی "شەرعییەتی دابەشکراو"دایە؛ لە لایەک حکومەتێکی فەرمی هەیە کە توانای جێبەجێکردنی بڕیارە سیادییەکانی نییە، و لە لایەکی دیکەشەوە "حکومەتە هاوتەریبەکان" (المؤسسات الموازية) کە هێزە چەکدارە نافەرمییەکانن، جومگەکانی ئابووری و سەربازی وڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە. لە ئاستی ناوخۆ و ئابووری سەکۆ و بازاڕی دارایی عێراق لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی واشنتۆندایە. بەهۆی تێوەگلانی هێزە چەکدارەکان لە جەنگەکە و داخستنی گەرووی هورمز، عێراق گەیشتووەتە لێواری کورتهێنانی توندی بودجە و شڵەژانی کۆمەڵایەتی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار .ئەمەش دەری دەخات کە "ئاسایشی ئابووری" عێراق بە تەواوی کەوتۆتە ژێر کاریگەری دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە. لەسەر ئاستی دەرەکی و پێگەی ئیقلیمی تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی کابینەکەی زەیدی، لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی واشنتۆندایە پێش وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 2026. ئەمریکا چیتر پێوەرە تەقلیدییەکانی نییە، بەڵکو مامەڵەی "بەرژەوەندی ڕووت" پەیڕەو دەکات. عێراق ناتوانێت "بێلایەنییەکی ڕەها" بپارێزێت کاتێک ئاسمانی وڵاتەکەی دەبێتە گۆڕەپانی فڕۆکە جەنگییەکان و میلیشیاکانیش ڕەتیدەکەنەوە پابەندی بڕیاری بەغدا بن.
عێراق بەرەو یەکێک لەم دوو سیناریۆیە دەڕوات: یاخود تێکەڵکردنی ڕواڵەتیانەی حەشدی شەعبی لەناو سوپادا بە مەبەستی ڕازیکردنی کاتیی ئەمریکا و پاراستنی ئابووری و دارایی وڵات، یان ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆی دارایی توند لەسەر بانکی ناوەندی کە دەبێتە هۆی هەرەسی تەواوەتی سیستەمی ئابووری و سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی شەقام (تەقینەوەی کۆمەڵایەتی) کە داهاتووی قەوارەی سیاسی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لیستی سەرچاوەکان
●العارفي، ح.، ٢٠٢٤. عێراقی نوێ: قەیرانی ناسنامە و ئاڵنگارییەکانی دەوڵەتسازی. وەرگێڕانی ك. سوبحان. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
● غەفور، ك.، ٢٠٢٥. ئابووریی ڕەیعی و ناسەقامگیری سیاسی لە عێراقدا. سلێمانی: ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە.
● عبد الجبار، ف.، ٢٠١٧. دولة الخلافة والعمامة: الدين والسياسة في العراق. بيروت: معهد الدراسات الاستراتيجية.
● علي خان، ف.، ٢٠٢٤. سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق. هەولێر: دەزگای ڕۆژهەڵات بۆ توێژینەوە.
●مير موسوي، ع.، ٢٠٢٣. جریانهای سیاسی و مذهبی در عراق معاصر. تهران: انتشارات نگاه معاصر
●محی الدین، سەردار قادر، و ئەوانی تر. (٢٠٢٢). ئایندەی سەقامگیری لە عێراقێکی نائارامدا (زنجیرەی کتێبی ستراتیژی ١). هەولێر: سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی، زانکۆی سەلاحەدین.
سەرچاوە ئینگلیزییەکان
●Cordesman, A.H., 2024. The US and Iran: The Proxy War in Iraq and the Middle East. Washington D.C.: Center for Strategic and International Studies (CSIS).
●Dodge, T., 2021. Iraq: From War to a New Authoritarianism. London: International Institute for Strategic Studies (IISS).
●Haddad, F., 2020. Understanding 'Sectarianism': Sunni-Shia Relations in the New Iraq. Oxford: Oxford University Press.
●Hasan, H., 2023. Religious Authority and State Building in Post-2003 Iraq. Washington D.C.: Carnegie Endowment for International Peace.
●Mansour, R., 2022. The "Deep State" in Iraq: How Iran-Backed Militias Captured the State. Cambridge: Cambridge University Press.
ژۆرناڵە زانستییەکان
●دراسات إستراتيجية، ٢٠٢٥. عێراق لە نێوان هاوسەنگیی دیپلۆماسی و ستراتیژیەتی 'یەکخستنی گۆڕەپانەکان' لە سایەی جەنگی ئەمریکا-ئێراندا. مجلة دراسات إستراتيجية، ١٢(٤)، ل ل. ١٥-٣٩.
● فۆکەسی عێراق، ٢٠٢٥. هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی دەستووری ٢٠٠٥: بۆچی عێراق تەنیا ٤٥٪ی بەندەکانی جێبەجێ کردووە؟. ناوەندی چاودێریی سیاسی و دەستووری، ٨(١)، ل ل. ٧-٢٢.
● Foreign Affairs, 2025. Trapped Between Trump and Qaani: Iraq’s Active Neutrality Test under New Leadership. Foreign Affairs, 104(3), pp. 88-102.
●International Journal of Contemporary Iraqi Studies, 2026. The Rentier State Trap and Global Energy Shocks: Economic Implications of the Strait of Hormuz Closure on Baghdad's Budget.
●IJCIS, 18(1), pp. 45-61.
●Journal of Middle Eastern Studies, 2024. The Evolution of the Popular Mobilization Forces (PMF): Economic Entities and State Coercion. JMES, 56(2), pp. 210-229.
داتا و ڕاپۆرتە فەرمییەکان (Reports & Data)
●Central Bank of Iraq (CBI), 2025. Annual Statistical Bulletin 2025. Baghdad: CBI.
● European Union (EU), 2025. EU-Iraq Reconstruction Progress Report. Brussels: European Commission.
●Independent High Electoral Commission (IHEC), 2025. Official Results and Turnout of the November 2025 Elections. Baghdad: IHEC.
●UNAMI, 2025. Briefing on the Political and Security Situation in Iraq. Baghdad: United Nations Iraq.