بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، قوربانیکردن و حەج دوو چەمکی گرنگی ئاینی بوون کە لە زۆربەی ئاینەکاندا بە شێوازی جیاواز بوونیان هەیە. لە هەندێک ئایندا قوربانی بە نیشانەی گوێڕایەڵی بۆ خودا دەزانن، هەندێکی تر بە مەبەستی پاکبوونەوە و سوپاسگوزاری بەکاری دەهێنن. هەروەها حەج و زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانیش لە ئاینە جیاوازەکاندا بە گەشتێکی رۆحانی دادەنرێت کە مرۆڤ لە ژیانی ئاسایی دووردەخاتەوە و نزیکی دەکاتەوە لە خودا و پەرستشێکی تایبەتە لە ئاینەکاندا.

لێرەدا باس لە چۆنیەتی حەج و قوربانی لە حەوت ئایینی جیاوازدا دەکەین کە هەریەکە لە ئاینەکانی ئیسلام، جوو (یەهودی)، مەسیحی، هیندۆسی، ئێزدی، کاکەیی (یارسان) و زەردەشتییە.

ئیسلام؛ حەج و قوربانی وەک فەرز و ئەرکانێکی سەرەکی مسوڵمانان

لە ئیسلامدا حەج یەکێکە لە پێنج ئەرکانە سەرەکییەکانی ئاینەکە. هەموو موسڵمانێک ئەگەر توانای دارایی و تەندروستی هەبێت، دەبێت جارێک لە ژیانیدا فەریزەی حەج ئەنجامبدات.

حەج لە شاری مەککە و لە دەوری کەعبە ئەنجام دەدرێت ملیۆنان موسڵمان هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری جیهاندا کۆدەبنەوە بۆ ئەنجامدانی رێورەسمەکانی حەج. 

حەجکردن لە ئاینی ئیسلامدا رێوڕەسمی تایبەت بە خۆی هەیە و لە یەکی مانگی زیلحیجەی هەموو ساڵێکدا دەستپێدەکات و بریتیین لە، تاوافکردن دەوری کەعبە، راکردنی نێوان سەفا و مەروە، وەستان لە کێوی عەرەفات، رەجمی شەیتان.

یەکێک لەو رێوڕەسمانەی لە وەرزی حەجدا ئەنجامدەدرێت قوربانیکردنە کە دەکەوێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان تا ئێوارەی چوارەم رۆژی جەژن. ئەم ڕێوڕەسمە پشت بە چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیم دەبەستێت، کە ئامادە بوو ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی، بەڵام خودا ئاژەڵێکی نارد لە جێگای کردی بە قوربانی.

موسڵمانان لە جەژنی قورباندا مەڕ، بزن، گا یان وشتر دەکەن بە قوربانی و گۆشتەکە دابەش دەکەن بەسەر خێزان و هەژاراندا. لە ئیسلامدا قوربانی واتای گوێڕایەڵی، بەخشندەیی و هاوبەشیی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکرێت.

حەج و قوربانی لە ئاینی مەسیحیدا.. عیسای مەسیح کۆتا قوربانی

نەریتی قوربانیکردن لەئایینی مەسیحدا، عیسای مەسیح دەدات وەک چەمکی دواین قوربانی لە ئاینی مەسیحیدا کۆتایی بە قوربانیکردنی ئاژەڵ دەهێنێت. بەگێڕانەوەی سەردەمیانەی خۆیان. لەخاچدانی مەسیح جۆرێک قوربانیبوون وکەفارەتبوو بۆ تاوانی مرۆڤ لای کریستیانەکان. ئینجیل لەکتێبی عیبرانییەکاندا باسیدەکات کە عیسا بەپێشکەشکردنی خۆی، قوربانییەکی تەواوی کردووە. ئەم گۆڕانە، گۆڕانکاریی لەتوندوتیژی مادییەوە بۆ قوربانیدانی رۆحی دیاریدەکات ئەمەش واتە لەدوای بەخشینی گیانی خۆی عیسای مەسیح کەفالەتی بۆ تاوانی مرۆڤ کردووە کە ئەوە گەورەترین قوربانییە.

بەڵام لە ئاینی مەسیحیەتدا هیچ رێوڕەسم و پەرستشێک نییە بەناوی حەج، لەبەرامبەردا ساڵانە جەژنی قیامە (زیندووبوونەوە)یان هەیە، کە زیندووبوونەوەی حەزرەتی مەسیح لەناو مردووان دەگێڕنەوە، سێ ڕۆژ دوای لەخاچدانی. ئەم جەژنە هێمای سەرکەوتنی ژیانە بەسەر مەرگدا و ناوەڕۆکی بیروباوەڕی مەسیحی پێکدەهێنێت. 

بە شێوەیەکی گشتی  کاتی ئەم رێورەسمە ئاینییە یان ئەم جەژنە دەکەوێتە یەکەم یەکشەممەی دوای مانگی پڕی بەهار (کاتێکی دیاریکراو لە نێوان کۆتایی ئازار و نیساندا)، بۆیە کاتەکەی هەموو ساڵێک دەگۆڕێت.

ئەم رێوڕەسمە بە گرنگترین و گەورەترین بۆنە دادەنرێت لە ئایینی مەسیحیدا، تەنانەت لە جەژنی لەدایکبوونی مەسیحیش (کریسمس) گرنگترە.مەسیحییەکان لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن، سەردانی کەنیسەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی نوێژ و ڕێورەسمی تایبەت، هەروەها هێلکەی ڕەنگکراو (کە هێمای نوێبوونەوەی ژیانە) ئاڵۆگۆڕ دەکەن. 

جوو (یەهودی) لە قوربانیکردنی لە پەرستگاوە بۆ چوونە ئۆرشەلیم

لە ئایینی یەهودیدا قوربانی شوێنێکی گرنگی هەبوو لە سەردەمی کۆنی ئەم ئاینەدا قوربانی لای یه‌هودییه‌كان بریتی بوو له‌ مانگای سوور کە وه‌كو یه‌كێك له‌ بنەماكانی قوربانیكردن مانگاكه‌ ده‌سوتێنن و خۆڵه‌مێشكه‌ی له‌ گه‌ڵ ئاو تێكه‌ڵ ده‌كرێت وه‌كو پاك بوونه‌وه‌ی مرۆڤ سەیردەکرێت.

مەبەست لە قوربانیکردن لای جووەکان پاکبوونەوە لە تاوان، سوپاسگوزاری و نزیکبوونەوە لە خودایە، بەڵام دوای وێرانبوونی پەرستگاکەیان لە ساڵی 70 زایینی، ئەو شێوازەی قوربانی کەمبوویەوە و نوێژ و خوێندنەوەی تەورات جێگای گرتەوە.

لە بابەتی حەجدا، جووەکان لە کۆندا ساڵانە سێ جار دەچوون بۆ ئۆرشەلیم (قودس) بۆ جەژنە پیرۆزەکردن، کە ناوی ئەو رێوڕەسمانە فەسح کە جەژنێکە لە ١٠ بۆ ١٨ی نیسانی هەموو ساڵێک ئەنجامدەدرێت و تێیدا ئێوارەی یەکەمی جەژنەکە خێزانەکان بەیەکەوە نان دەخۆن کە پێیدەڵێن (نانی هەژاری) کە جگە لە ئارد هیچی تر لە پێکهاتەکەیدا نییە، ئەم جەژنە بەواتای جەژنی رزگاربوون لە دەستی فیرعەون، جووەکان دوو رێوڕەسمی تریان هەیە کە هاوشێوەی جەژنی قوربان و حەجە بەناوەکانی شەبوعوت و سوکۆت بەڵام ئێستا کەمبوونەتەوە و تەنها فەسح ئەنجام دەدرێت. 

هیندۆسی؛ حەج  وەک رێوروسمێکی پیرۆز

لە ئاینی هیندۆسیدا حەج و زیارەت بەشێکی گرنگی ژیانی ئایینیانە. ملیۆنان کەس ساڵانە دەچن بۆ شوێنە پیرۆزەکان، ژمارەیەکی زۆری هیندۆسەکان لە هیندستان دەژین. بۆیە زۆر شوێن لە هیندستان لای هیندۆسەکان پیرۆزن. هیندۆسەکان پێیان وایە کە بوونیان لە شوێنە پیرۆزەکان رزگاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. رووباری گەنگ و چیای هیمالایا بە شوێنی ئیلاهی/خودایی دادەنرێن. هیندۆسەکان پێیان وایە خوداوەندی شیڤا پەیوەستە بە چیای هیمالایا و ڕووباری گەنگەوە. خۆشۆردن و مەلەکردن لە گەنگدا کردارێکی باوە. جۆرێکە لە پاکبوونەوە و رزگاربوون. خەڵکانێکی زۆر وەک زیارەتکار و حەج بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمەکان دەچنە ڕووباری گەنگ و شاری پیرۆزی ڤاراناسی.

دیوالی و هۆلی دوو جەژنی ئایینی هیندۆسین. دیوالی جەژنی ڕووناکییە. ڕووناکی یارمەتی خوداوەندەکان دەدات تا تاریکی بڕەوێننەوە و چاکە بەسەر خراپەدا سەردەخات. هۆلی جەژنی ڕەنگەکانە. هۆلی پێشوازییە لە دەستپێکی بەهار و هەموو ڕەنگەکان هێمای خواستنی ئومێدی ساڵێکی تازەی ئاڵ و واڵا بە چەندین جۆر ڕووەکی ڕەنگاوڕەنگەوە.

قوربانی لە هیندۆسیدا جیاوازە، هەندێک ڕێباز ئاژەڵ دەکەن بە قوربانی، بەڵام زۆربەیان ئاژەڵ و بەتایبەتی مانگا بە پیرۆز و دایکی مرۆڤایەتی دەزانن بۆیە بە پێشکەشکردنی خواردن، شیرینی و گوڵ بۆ خوداکان قوربانی ئەنجامدەدەن.

ئێزدی؛ لالش وەک دڵی ڕۆحانییەت

ئایینی ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین ئایینەکانی ناوچەکە. گرنگترین شوێنی پیرۆزیان لالشە.

ئێزیدییەکان هەوڵدەدەن بە هەر نرخێک بێت لە ژیانیاندا لانی کەم جارێک سەردانی لالش بکەن، بە تایبەتی لە جەژنی “جەما”دا. 

رێوڕەسمەکانی جەژنی جەما هاوشێوەی رێوڕەسمەکانی حەجن لە ئایینی ئیسلامدا، وەک چۆن ئاوی زەمزەم پیرۆزە، ئاوی "کانیی سپی"یش بە هەمان شێوە پیرۆزە و پێویستە هەر ئێزدییەک لە ژیانیدا جارێک بەو ئاوە "مۆر" بکرێت. هەروەها جەژنەکە بە "جەژنی پایز"یش دادەنرێت، چونکە پەیوەندیی بە وەرزی چاندن و دروێنەی بەرهەمە کشتوكاڵییەکانەوە هەیە، هەروەها قوربانی لە ئێزدیدا هەیە. زۆرجار مەڕ یان بزن دەکرێت بە  قوربانی بۆ مەبەستی، سوپاسگوزاری، یان پاراستنی خێزانەکانیان. هاوشێوەی قوربانیی ئیسلام گۆشتەکە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت و رەهەندێکی کۆمەڵایەتی هەیە.

کاکەیی (یارسان)؛ رۆحانیەت لە پێش هەموو شتێکەوە

یارسان یان کاکەیی (ئەهلی حەق) ئایینێکی رۆحانیی کوردییە. لەو ئایینەدا گرنگی زۆر بە پاکی دڵ، ڕاستگۆیی و مرۆڤایەتی دەدرێت، هاوبەشییەکی یەکجار زۆر لە نێوان رێبازی کاکەیی و تەسەوفی ئیسلامیدا هەیە. 

لە ئاینی یارسانەکاندا جەژنێکی گرنگی ساڵانەیان هەیە کە ناوی قەوڵتاس_ە، جەژنی قەوڵتاسی کاکەییەکان، لە دوای سێ ڕۆژ ڕۆژووگرتن دێت، لە چواردەیەمی چلەی گەورەی زستان تاوەکو ١٧یەمی زستان، لە شەوی سێیەم دەبێتە جەژنیان و لە ڕۆژی جەژندا، یاران لە جەمخانەکان (شوێنی کۆبوونەوە ئاینییەکانیان)سەردانی یەکدی دەکەن و جەژنە پیرۆزە لە یەک دەکەن.

یارسانەکان هاوشێوەی زۆرینەی ئاینەکان قوربانیکردنیان هەیە بەڵام حەج لای ئەوان کۆبوونەوەی یارانە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو دەقە پیرۆزانەی کە لە کتێبی پیرۆزی یارسانەکاندا هاتووە بەناوی (سەرجەم) بەدەم تەمبوور و جوڵەی تایبەتەوە. 

ئاینی یارسان لەبەرئەوەی ئاینێکی تەبشیری نییە بۆیە بەشێک لە رێوڕەسمە ئاینییەکانیان ئاشکرا ناکەن، بەڵام بۆنەیەکی ساڵانەیان هەیە بەناوی رێوڕەسمی رۆژی بەخشین یەکێکە لە رۆژە تایبەتەکانی کاکەییەکان لە هاوار، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر کۆن، لە مێژوودا بەشداربووان بەرووبوومی ئەو ئاژەڵانەی هەیانبووە بەخشیویانە بەوانەی کە دەستکورت بوون، بۆیە ئەمە هۆکارێک بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوکات رێچکەیەکی ئایینیشی وەرگرتووە و سەردانی ناوچە پیرۆزەکانی کاکەییەکان کراوە لە گوندی هاوار و نزایان کردووە بۆ زیاد کردنی رزق و رۆزی.

قوربانی لە ئاینی زەردەشتیدا

لە سەردەمی کۆندا، پێش هاتنی زەردەشت و دەقەکانی کتێبی پیرۆزی زەردەشتییەکان "ئاڤێستا"،  قوربانی ئاژەڵ باو بووە لەناویاندا. بەڵام زەردەشت هەوڵی دا گرنگی بدات بە پاکی ڕۆح و کرداری باش، بۆیە قوربانی ئاژەڵ لە ئاینی زەردەشتی نوێدا زۆر کەمبوویەوە و ئێستا قوربانیکردن بە خوێنڕشتن بە قەدەغەکراوەکان دادەنرێت.

لە ئاڤێستادا هاتووە، زەردەشت دەڵێت خوا دروستکەری بوونە، خۆی هەموو بوونە، جا لەبەرئەوە لەهەموو جێگەیەکە و نە پێویستی بە ماڵە و نە بە پەرستگایە هیچ جێگەیەک لە جێگەیەکی تر پیرۆزتر نیە ئەو جیاوازی ناکات لە نێوان شوێنەکان وەکو مرۆڤ. بۆیە لە ئایینی زەردەشتیدا ڕووکردنە ڕاستی و کاری چاکە ڕووکردنە خودایە. 

بۆیە لە ئاینی زەردەشتیدا جەخت لە کاری چاکە و ئاکاری جوان دەبەسترێت، نوێژ، رۆژوو، حەج و قوربانیکردن لە ئاینی زەردەشتیدا نییە، بەڵام وەک رێوڕەسمیکی ئاینی کە فەرز نییە هاوشیوەی حەج، زەردەشتییەکان سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان دەکەن وەک گرنگییەکی رۆحانی کە پەرستگای ئاگرن لە ئێران و هیندستان و لەو پەرستگایانەدا خواردن، میوە، شیرینی و ئاوی پاک پێشکەش دەکرێت بە میوانان.