تەمەنی خانەنشینی و جیاوازیی مووچە بووەتەوە بە بابەتێکی جێ مشتومڕ لە عێراقدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەنیازە تەمەنی خانەنشینی جارێکی تر بۆ ٦٣ ساڵ بەرزبکاتەوە و جیاوازییەکانی مووچەش رێکبخاتەوە. 

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ماددەی 10 لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014، هەموارکرا بە یاسای ژمارە 26ـی ساڵی 2019 ، کە لە یاسا هەموارکراوەکەی ٢٠١٩دا هاتووە، خانەنشینی دوای تەواوکردنی دوایەمین رۆژی تەمەنی 60 ساڵی جێبەجێ دەکرێت.

سەرهەڵدانەوەی ئەم بابەتە هاوکاتە لەگەڵ بەرفراوانبوونی ناڕەزایی لەبارەی جیاوازیی مووچەی نێوان فەرمانبەرانی حکومەت و درێژبوونەوەی ئەو جیاوازییە بۆ دوای خانەنشین بوونیشیان، هەروەها رەهەندێکی تری دەستپێکردنەوەی مشتومرەکان لەبارەی یاسای خانەنشینییەوە کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینییە بۆ ٦٠ ساڵی کە بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن ئەم یاسایە هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی کەسانی خاوەن ئەزموون لە دامودەزگاکانی حکومەتدا. ئەوەش وایکردووە حکومەت بێبەش بێت لە شارەزایی توانای کەسانێک کە ساڵانێکی زۆر لەو ئەرکەدا بوون بەتایبەت ئەمە زیان لە دوو کەرتی گرنگی وەکو پەروەردە و تەندروستی دەگەیەنێت. 

دوای ئەوەی عێراق بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوانی بەخۆوە بینی لە ئۆکتۆبەری 2019 کە گەنجان بەشێکی گەورەیان پێکدەهێنا بۆ گۆڕینی واقیع و رەخساندنی هەلی کار بۆیان، لەو کاتەدا بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمبکرێتەوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چاکسازی کە شەقام داوای دەکرد، بەڵام هەر زوو ئەم بڕیارە مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

جیاوازیی مووچە لەعێراق دەگاتە ٣٠٠٠٪

لە کاتێکدا عێراق بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت و ساڵانە دەیان ملیار دۆلار داهات بەدەستدەهێنێت، هێشتا پرسی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و سامانە گشتییەکان لە گرنگترین کێشەکانە. یەکێک لە دیارترین لێکەوتەکانی ئەم کێشەیەش بریتییە لە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچە و خانەنشینی چین و توێژە جیاوازەکانی فەرمانبەراندا.

 

ئەم بابەتە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بووەتەوە جێی گفتوگۆی لایەنە حکومی و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان و شارەزایان و تەنانەت رای گشتیش، بەتایبەتی دوای ئەوەی باس لە گۆڕانکاریی نوێ لە یاسای خانەنشینی هێزە ئەمنییەکان و هەروەها پێشنیازەکانی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو کرا. 

بەپێی بەدواداجوونێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی، لە دوای ساڵی 2003، دامودەزگا حکومییەکانی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان بوون، ملیۆنان هاوڵاتی وەک سەرچاوەی داهات پشتیان بە مووچەی حکومی بەست، بەڵام ئەم فراوانبوونە شانبەشانی سیستمێکی یەکگرتوو و دادپەروەرانەی مووچە نەبوو. لە شوێنی ئەوە، هەر وەزارەت و دامەزراوەیەک بە پێی یاسا و بڕیارە تایبەتەکانی خۆی دەستی بە دابینکردنی دەرماڵە و ئیمتیازات کرد. دەرئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە هەمان پلەی کارگێڕی لە دوو وەزارەتی جیاوازدا دوو مووچەی زۆر جیاواز وەردەگرن.

دامەزراوەی میدیایی ئەلمەدا باس لەوەدەکات کە لە هەندێک دامەزراوەی کەرتی نەوت، بانک، دامەزراوە ئەمنی یان سەربازییەکان، مووچە و دەرماڵەکان چەندین هێندەی دامەزراوەکانی ترن. ئەمەش سیستمێکی ناهاوسەنگ دروست کردووە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هاوشێوەی نییە. 

ئەو ژمارانەی لەلایەن توێژەرانی ئابووریەوە باس دەکرێن، ناکرێت وەک داتا و ئامارێکی ئاسایی سەیربکرێت. بەپێی ئامارەکان مووچەی فەرمانبەرێک نزیکەی 300 هەزار دینارە لەهەمانکاتدا فەرمانبەرێکی تر نۆ ملیۆن دینار وەربگرێت، ئەمە ئەو وێنەیە بە روونی پیشاندەدات کە چ ناهاوسەنگییەک لە سیستمی مووچەی عێراقدا هەیە.

لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو، جیاوازی نێوان بەرزترین و نزمترین مووچە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا سنووردار دەکرێت. بەڵام لە عێراق، کەڵەکەبوونی یاسا و بڕیارە جیاوازەکان وایکردووە ئەم بۆشاییە بە شێوەیەکی بەرچاو بێت و جیاوازییەکە یەکجار زۆر بێت.

لە روانگەی ئابوورییەوە، ئەم جیاوازییە زۆرە هۆکارە بۆئەوەی بەشێکی زۆر لە پارەی بودجە کە تەرخاندەکرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران بڕوات بۆ ژمارەیەکی سنوورداری مووچەخۆران. لەبەرامبەردا بەشێکی زۆری مووچەخۆران ژیانیان لەخوار هێڵی مامناوەندەوە و نزیکن لە هێڵی هەژاری.

 

خانەنشینی کێشەیەکی تری دوو رەهەندی ئابوری- کۆمەڵایەتی

 

پرسی خانەنشینی لە عێراق تەنها بابەتێکی ئابووری نییە، بەڵکو بابەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە دوای دەیان ساڵ خزمەت، خانەنشین پێویستی بە ژیانێکی شایستە هەیە، بەڵام ئامارەکان ئەوە پیشاندەدەن کە لەنێوان خانەنشینانیشدا جیاوازییەکی گەورە هەیە.

کاتێک خانەنشینێک 500 هەزار دینار وەردەگرێت و یەکێکی تر 4 ملیۆن دینار، ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کە ئایا سیستەمی خانەنشینی بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستەی خانەنشینان دروستکراوە یان بۆ بەردەوامیدان بە جیاوازییەکان؟

ئەم جیاوازییانە لە کاتێکدایە کە نرخی کاڵاکان لە بازاڕ، کرێی خانوو، خەرجی تەندروستی و خوێندن بەردەوام بەرزدەبنەوە. بۆیە مووچەی خانەنشینی زۆرێک لەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەبن بە تەواوی ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دابینبکات.

سندوقی خانەنشین عێراق ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار خانەنشینی تیادا تۆمار کراوە.تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٢٠ تریلیۆن دینار بۆ سندوقی خانەنشینی رۆشتوە، ئەگەر ئەم ژمارانە بکەین بە رێژەی سەدی دەردەکەوێت، ٪١٦ ی کۆیگشتی مووچە بۆ سندوقی خانەنشین دەڕوات. ئەم ژمارانە بەگوێرەی زیاد و کەمی رێژەی خانەنشینان مانگانە و ساڵانە کەم و زیاد دەکات. هاوکات بەپێی داتای وەزارەتی دارایی عێراق رێژەی خانەنشینانی هەرێم نزیکەی ٣٠٠ هەزار خانەنشینە

هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی تەنها ژمارەیەکی دیاریکراوی فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان گەیشتووەتە شەست ساڵ، لە ئێستادا پێشنیازەکە بەوشێوەیەیە کە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٣ ساڵ زیادبکرێت.

یەکێک لە گرنگترین کێشەکان کە کەمتر باس دەکرێت، دۆخی دارایی سندووقی خانەنشینییە. لە زۆر وڵاتاندا، سیستەمی خانەنشینی پشت بە هاوبەشبوونی پارەی فەرمانبەران و خاوەنکاران دەبەستێت، بەڵام لە عێراقدا دەوڵەت رۆڵی سەرەکی دەبینێت.

لەلایەکی ترەوە گۆڕانکاری لە تەمەنی خانەنشینی سودی بۆ سندوقی خانەنشینان دەبێت و ئەو داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ سندوقی خانەنشینی، سەرباری ئەوەش رێکخستنەوەی سیستمی مووچە جارێکی تر سوود بەم سندوقە دەگەیەنێت.

دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ لە ساڵانی ڕابردوودا وایکرد ژمارەی خانەنشینان بە خێرایی زیاد بکات. واتا ژمارەی ئەو کەسانەی پارە وەردەگرن زیاد بوو، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی پارە دەدەن هاوتای نەبوو.

لە ڕوانگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە عێراق زۆر پێویستی بە ئەزموونی کارمەندە بەئەزموونەکانی هەیە، بەو پێیەی دەتوانن شارەزاییەکانیان بۆ نەوەی داهاتوو بگوازنەوە. هەروەها بەردەوامی خزمەتەکانیان رۆڵی هەیە لە سەقامگیریی دامەزراوەکانی حکومەت.

سەبارەت بە دامەزراندنی گەنجان و دەرچووانی نوێ، باشترین چارەسەر دابینکردنی هەلی کارە بۆیان لە بوژاندنەوەی کەرتی تایبەتدا، نەک پشت بەستن بە دامەزراندنیان لە کەرتی گشتی، ئەمەش فشارەکان لەسەر بودجەی گشتی وڵات کەمدەکاتەوە.

هێزە ئەمنییەکان و جیاوازیی مووچە

لە بەرامبەر ئەو مشتومرەی بۆ یەکسانکردنی مووچەکان هەیە، ئارگومێنتێکی دیکەش هەیە. ئەویش ئەو جیاوازییەیە کە خاوەن ئەرکە ئەمنی و سەربازییەکان هەیانە بەهۆی سروشتی کارەکەیان و مانەوەیان لە ئەرکدا بۆ ماوەیەکی زۆر و لە مەترسییە زۆرەکاندا. 

پۆلیس، ئاسایش و هێزەکانی تری پاراستن لە ژینگەیەکی مەترسیداردا کاردەکەن. ئەم توێژە بە شەو و رۆژ خزمەت دەکەن، زۆرجار ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و لەگەڵ هەڕەشەی تیرۆر، تاوان و ناسەقامگیری رووبەڕوودەبنەوە.

لەبەر ئەوە، زۆر لە شارەزایان پێیانوایە پێویستە دەرماڵەی مەترسی و خواردنیان هەبێت. بەڵام مشتومڕ لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەم دەرماڵانە دەبێت دوای خانەنشینبوونیش بە هەمان شێوە هەژمار بکرێن یان نا.

نادادپەروەریی مووچە و مەترسیی گەندەڵی

توێژینەوە جیهانییەکان بەردەوام ئاماژە بەوە دەدەن کە هەرچەندە جیاوازییەکان لەنێوان مووچەی فەرمانبەرانی وڵاتێکدا زۆرتربن مەترسیی گەندەڵی زیاتر دەبێت.

فەرمانبەرێک کە هەستدەکات بەراورد بە هاوپیشەکەی بە نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەگەری زیاترە ڕێگای نایاسایی بگرێتەبەر لەپێناو بەرزکردنەوەی داهاتەکەیدا بۆ نمونە بەرتیل وەرگرتن و رەشوە.

لە هەمانکاتدا، ئیمتیازاتی زۆریش دەکرێت ببێتەهۆی دروستبوونی توێژێکی تایبەت لە ناو کۆمەڵگادا کە بە شێوەیەکی جیاواز لە هاوڵاتییانی تر سوودمەند دەبن و شێوازێکی ژیانی جیاوازیا ن دەبێت

لە گرنگترین پرەنسیپەکانی دەوڵەتی مۆدێرن ئەوەیە کە مووچە تەنها پارەی کارکردن نییە. بەڵکو مووچە ئامرازێکە بۆ دابەشکردنی سامان و دروستکردنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی لەنێوان هاوڵاتییانی وڵاتێکدا.

ئەگەر جیاوازییەکان زۆر بەرزبن، هەستی هاوبەشبوون لە کۆمەڵگادا لاواز دەبێت، هاوڵاتی ئەو هەستەی لا دروست دەبێت کە دەوڵەت بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵە ناکات و وڵات پشکی هەمووانی تێدا نییە.

بۆیە زۆر لە پسپۆڕان بانگەشە بۆ سیستەمێکی نوێی مووچە دەکەن کە:

یەکسانیی بنەڕەتی لە نێوان فەرمانبەراندا لەرووی مووچەوە دابین بکرێت.

دەرماڵەکان سنووردار بکرێت.

مووچەکان بەپێی ئەزموون و کارامەیی دیاریبکرێت.

بودجەی گشتی پارێزراو بێت.

کەمترین مووچە بە ئاستێک بگەیەنرێت کە ژیانێکی شایستە دابین بکات.