لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە واتە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٠ کەس لە ئاودا خنکاون، ئەم ژمارهيهش بەپێی زانيارييهكانى بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هێندەی ئەوانەیە لە ساڵی رابردوودا لە هەمان ماوەدا خنکاون.
لە جیهاندا خنکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن. لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە دەیان کەس بەهۆی خنکانەوە گیانلەدەستدەدەن، لە ساڵی رابردوودا کۆی گشتیی خنکان لە هەرێمی کوردستان ٦١ حاڵەت بووە، دەستپێکردنی وەرزی گەرما بەگشتی بە دەسپێکی وەرزی خنکان و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی مەلەکردنەوە دەستپێدەکات.
سەرکەوت کارەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی خنکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، زۆرجار هۆکارەکان پەیوەندیی بە گەرما و کاتبەسەربردنەوە هەیە، هاوڵاتی بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، ڕوو لە ڕووبار و چەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە بەشێکیان یان مەلە نازانن یان ئەو شوێنانەی مەلەی تێدا دەکەن مەترسیدارن و بۆ مەلە نابن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتییان و گەشتیاران پابەندنابن بە رێنماییەکانی سەلامەتی و خۆپاراستن، هەروەها هۆکارەکانی سەلامەتی لەکاتی مەلەکردن بەکارناهێنن و بەگشتی کەمتەرخەمن، ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ خنکانی ژمارەیەک لە هاوڵاتییان.
لەبارەی ئامارەکانی خنکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەرکەوت کاڕەش بە ڤیژن پرێسی وت، تا ئێستا لە هەموو هەرێمی کوردستان ٣٠ کەس خنکاون و سەرجەمیان تەرمەکانیان دەرهێنراون، لەناو خنکاوەکاندا بەشێکیان لە نەتەوەی عەرەبن و گەشتیاربوون.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم سەبارەت بە رێکار و رێنماییەکان لەو شوێنانەی نزیکن لە چەم و رووبارەکانەوە دەڵێت، ساڵانە لەهەموو ئەو ناوچانەی مەترسیدارن بۆ نزیکبوونەوە و مەلەکردن تێیاندا رێنمایی و ئاگاداری بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران دادەنرێت، بەڵام هاوڵاتییان خۆیان کەمتەرخەمن و زۆرجار ئەو تابلۆیانەی دایاندەنێین دەیشکێنن و فڕێیدەدەن.
لە ئەمساڵدا تەنها لە سنووری پارێزگای دهۆک ١٩ کەس خنکاون کە زۆرترین ژمارەیە لەئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی رابردووشدا لە هەرێمی کوردستان ٦١ کەس خنکاون.
هۆکارە سەرەکییەکانی خنکان:
١. نەزانینی مەلەکردن: یەکێکە لە باوترین هۆکارەکان.
٢. ماندووبوونی زۆر و گرژبوونی ماسولکە: ماندووبوون لەکاتی مەلەکردندا، یان گرژبوونی کتوپڕی ماسولکەکانی قاچ، کە دەکرێت بەهۆی گەرم نەکردنی جەستە پێش مەلەکردن ڕووبدات.
٣. ترس و دڵەڕاوکێ: ترس و دڵەڕاوکێ لەکاتی چوونە نێو ئاوەوە، بەتایبەت لە منداڵاندا، دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵ.
٤. مەلەکردن لە ئاوی زۆر سارددا: ئاوی یەکجار سارد دەبێتە هۆی شۆکبوونی جەستە و لەدەستدانی توانای جوڵە.
٥. کەوتنەخوارەوە یان خلیسکان: کەوتنە ناو ئاو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە لێواری رووبار و چەمەکان.
٦. پێکانی جەستەیی: بەرکەوتنی سەر یان هەر ئەندامێکی تری لەش بە تەنێکی رەق لە کاتی بازدانە نێو ئاوەکەوە.
٧. گاڵتە و یاریی مەترسیدار: گاڵتە و یاریی نابەرپرسانە لەنێو ئاودا لەنێوان دوو کەس یان زیاتردا.
٨. حاڵەتی تەندروستیی کتوپڕ: روودانی حاڵەتێکی تەندروستی، وەک جەڵتەی دڵ، فێ (صرع)، یان لەهۆشچوون لەناو ئاودا.
٩. ناشارەزایی لە شوێنی مەلەکردنەکە: نەزانینی قووڵیی ئاوەکە، بوونی گێژاو، یان بوونی بەردی تیژ و قەدی دار لەژێر ئاودا.
١٠. تیژڕەوی و هێزی ئاو: بەتایبەت لە رووبارەکاندا، کە دەتوانێت بەهێزترین مەلەوانیش رابماڵێت.
١١. گوێنەدان بە هێماکانی ئاگادارکردنەوە و مەترسی: پشتگوێخستنی ئەو تابلۆیانەی کە ئاماژە بە قەدەغەکردنی مەلەکردن یان مەترسیداربوونی شوێنەکە دەکەن.
١٢. نەزانینی شێوازی فریاگوزاری: هەوڵدانی کەسێکی ناشارەزا بۆ ڕزگارکردنی کەسێکی خنکاو، کە زۆرجار دەبێتە هۆی خنکانی هەردووکیان.
١٣. جیاوازیی نێوان مەلەوانگە و ڕووبار: زۆرجار ئەو کەسانەی لە مەلەوانگەدا فێری مەلە دەبن، وا دەزانن ڕووباریش بەهەمان شێوە ئاسانە، بەڵام بەهۆی تیژڕەوی و نائاساییبوونی ژینگەی ئاوەکەوە تووشی مەترسی دەبنەوە.
پابەندی و رێنماییەکان بۆ خۆپاراستن لە رووداوەکانی خنکان لە وەرزی گەرمادا:
١. بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەلامەتیی مەلەوانی، بەتایبەت بۆ منداڵان.
٢. زیادکردنی دانانی هێما لە شوێنە گەشتیارییەکان، بەتایبەت لەو شوێنانەی مەلەوانی تێدا قەدەغەیە لە لێواری رووبارەکان.
٣. دانانی تیمی بەرگریی شارستانی و مەلەوانیی ژێرئاو (غەواس) لە لێواری شوێنە گەشتیارییەکان و شوێنە قەرەباڵغەکان، بەتایبەتی لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا.
٤. دانانی تیمی خۆبەخش بۆ رزگارکردنی خەڵک لە لێواری رووبارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان.
٥. کردنەوەی خولی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ رزگارکردنی خەڵک لە خنکان، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە.
٦. دڵنیابوونەوە لە بوونی تیمی رزگارکەری شارەزا و خاوەن ئەزموونی ئەکادیمی لە ناوچە گەشتیارییەکان، سەر رووبار، چەم و دەریاچەکان.
٧. دروستکردنی مەلەوانگە و کردنەوەی خولی فێربوونی مەلەوانی لەلایەن کەسانی شارەزا و ئەکادیمییەوە.
٨. هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان سەبارەت بە چاودێریکردنی منداڵەکانیان و ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی ئاو و ئاماژەدان بەو رووداوە ناخۆشانەی لە رابردوودا روویانداوە.
بەپێی ئاماری فەرمیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی "WHO" ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی خنکانەوە گیانلەدەستدەدەن، زۆرترین رێژەی خنکانیش لەناو گەنجان و منداڵاندایە، خنکان سێیەم هۆکاری مردنە لە جیهاندا بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ٥ – ١٤ ساڵدایە.
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ٩٢٪ی حاڵەتەکانی خنکان لە وڵاتانی هەژار و مامناوەنددایە، بەهۆی مەترسییەکانی و زۆری گیانلەدەستدان بەهۆکاری خنکان، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢٥ی تەمموزی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی خۆپارێزی لە خنکان دیاریکردووە.