کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەئێستادا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی سەخت بووەتەوە، ئەویش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە چۆن بتوانێت لەگەڵ زیرەکی دەستکرد یاخوود ( AI ) مامەڵە بکات. ئەم پرسە گرنگە نەک تەنها لە عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵکوو لە تەواوی دونیا بابەتێکی سەرەکی و گرنگە،ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و سەنتەری راپرسی، داتای گرنگیان لەم بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە.
بەسادەیی پرۆسەی فێربوون و کەرتی پەروەردە، بەمانای گۆڕانکارییەکی درێژخایەن لەزانیاری، کارامەیی، بەهاو رەفتار دێت. توێژەران و شارازایانی بوارەکە ترسی ئەوەیان هەیە، زیرەکی دەستکرد باڵانسی نێوان پەروەردە و فێرکردن لاسەنگ بکات. بەو مانایایەی پەروەردە و بەهاکان بەرە و لاوازی ببات و زیاتر جەخت لەسەر زۆری و روکەشیی زانیارییەکان بکاتەوە.
کۆمپانیاکانی بواری زیرەکی دەستکرد بەردەوام داهێنانی نوێ لە بوارەکە ئەنجام دەدەن. یەکێک لەسەرەکیترین ئەپلیکەیشن بەناوی (chat gpt) کە زاراوەیەکی ئینگلیزیەو کورتکراوەیchat) generative pretrained transformer) هاوکات کۆمپانیا چینییەکانیش چەندین بەرنامە و ئەپی تایبەت بە ژیری دەستکرد بەکار دەهێنن و بە سەرتاسەری دونیا بڵاوی دەکەنەوە.
توێژینەوەی زانستی و راپرسی لەبارەی زیرەکی دەستکرد
ئەنجامی چەند راپرسییەک لە وڵاتانی ئەوروپا ئەوە روون دەکاتەوە، ٪ ٥٦ بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکرد، بۆ ئەرکەکانی قوتابخانە پشتی پێ دەبەستن. هاوکات ٪٤٥ بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکان بەکاری دەهێنن و یەک لەسەر سێی بەکارهێنەرانیش، کە دەکات ٪٣١ بەتەواوەتی ،بۆ سەرجەم ئەرکەکانی پرۆسەی خوێندن بەکاری دەهێنن.
لەبەرئەنجامی شیکارییەکی خێرای ئەو داتایانە، دەردەکەوێت کە وڵاتانی پێشکەوتوو کە سیستەمێکی پەروەردی بەهێزیان هەیە نەیانتوانیوە، رێگریی له شاڵاوی بەهێزی زیرەکی دەستکرد بکەن. بۆیە پێدەچێت ئەرکی پسپۆرانی بوارەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەخت بێت.
سەنتەری (المستقبل) بۆ توێژینەوە و راپرسی گوتارێکی شیکاری لەو بارەیەوە بڵاوکردوهتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پشتبەستنی زیاد لە پێویستی قوتابی لە پرۆسەی خوێندن، تەمبەڵی دروست دەکات و فێرخواز لەبری گەڕان و هەوڵدان، بە یەک کلیک و بەئاسانی زانیارییەکانی دەست دەکەوێت.
گرفتەکانی بەکارهێنانی (ئەی ئای)
بەشێکی دیکە لە گرفتی پشت بەستن بە زیرەکی دەستکرد، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە لاواز دەکات. راپرسییەک لە ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە لەوڵاتانی ئەوروپا ئەو راستییە ئاشکرا دەکات، بەکار هێنانی (ئەی ئای) زۆر جار توانا مەعریفیەکانی تاک لاواز دەکات.
راپۆرتی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (هاریکاری ئابوری و گەشەپێدان) جەخت لەسەر ئەوە دەکات، پرۆسەی فێرکردن چەند هەنگاوێکی بەیەکەوە بەستراون لەوانە هەوڵدان،گەڕان، هەڵە کردن،پاشان فێربوون.
بەڵام زیرەکی دەستکرد وا لە بەکارهێنەرەکانی دەکات، هیچ کام لەو هەنگاوانەی پێویست نەبێت. بەڵکو راستەوخۆ بێ ماندوو بوون زانیاریەکان بە ئامادەکراوی، دەخاتە بەردەست هەر کەس داوای بکات. بۆیە رێکخراوەکە دەڵێت ئەگەر ژیرانە مامەڵە نەکەین، پێدەچێت پرۆسەی خوێندن و فێر کردن لەداهاتودا تەنها (وەهم ) بێت.
١٠ دیارترین وڵات لە زیرەکی دەستکرد
ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە
رۆژنامەی (شرق الاوسط) راپۆرتێکی شیکاری لەبارەی کاریگەری زیرەکی دەستکرد، لەسەر کەرتی پەروەردە بڵاو کردوهتەوە. بە ووردی باسی لایەنە باش و خراپەکانی ئەم تەکنەلۆجیا گرنگە دەکات،هاوکات لە ریزبەندییەکدا دەردەكهوێت،ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە لە بواری زیرەکی دەستکرد.
ریزبەندییەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.
١٠- سەنگافوورە
٩ -ژاپۆن
٨- ئەڵمانیا
٧ - کۆریای باشور
٦ - فەرەنسا
٥- ئیماراتی عەرەبی
٤- هندستان
٣- بەریتانیا
٢ – چین
١ – ئەمریکا
ئەگەر تەماشایەکی ئەو داتایە بکەین، وڵاتی ئیمارات لە ریزبەندی پێنجەمی جیهاندایە، پێش وڵاتانی (ژاپۆن) و( فەرەنسا )و (ئەڵمانیا) کەوتووە. راپۆرتەکەی (شرق الاوسط) هۆکاری ئەم بەرەو پێشچوونەی ئیمارات بۆ چەند فاکتەرێک دەگەرێنێتەوە.
لەسەرەتادا ئیمارات ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ زیرەکی دەستکرد ئەنجامدا، گرنگی زۆری پێداو بودجەی تایبەتی بۆ دابینکرد.هاوکات کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکە لەسەرتاسەری جیهانەوە هاتنە وڵاتەکە.
زیرەکی دەستکرد و رۆڵی لە کەرتی ئابووری
بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی لە زیرەکی دەستکرد پێشەنگن، تەنها وەک لایەنی تەکنەلۆجیا مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن، بەڵکوو لە کەرتی ئابووری و وەبەرهێناندا بایەخی زۆری پێ دەدەن. سەرمایەگوزاری ئەمریکا لە زیرەکی دەستکرد، تەنها لەساڵی ٢٠٢٥ زیاتر بووە لە (٢٠٠) ملیار دۆلار.
چین کە رکابەری سەرەکی ئەمریکا دەکات لە داهێنان و برەودانی زیاتری زیرەکی دەستکرد، بەڵام ژمارەو داتاکان ئەوەمان پێ دەڵین ئەمریکا توانایەکی گەورەی ماددی و سەرمایەگوزاری خستوهتە کار، و بۆیە تا ئێستا پێشەنگە.
بەشێک لەپسپۆرانی کەرتی پەروەردە، ترسی راستەقینەیان لە بەبازرگانیکردنی پرسەکە هەیە. چونکە هەر کات لایەنی ئابووری و بازرگانی زاڵبوو بەسەر هەر بوارێکدا، ئەو کات بەهای حەقیقی دەبێت بە پارە. لێرەوە ئەو راستییە روونتر دەبێتەوە کە دەبێت به وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ زیرەکی دەستکرد بکرێت و سەنتەرەکانی توێژینەوە و راپرسی دەکرێت بە سوود وەر گرتن لە ئەزموونی پسپۆرانی بوارەکە،بەرچاو رونی زیاتر فێرخوازان بدەن، بۆ باشتر بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد.
هاوکات وڵاتی ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ریزبەندی پێشەوەی زیرەکی دەستکرد ناوی دەهێندرێت، لەروی ئابووریەوە وەبەرهێنانی گەورەی لە (ئەی ئای) ئەنجامداوە. بەسەرمایەی دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان، لەو کەرتە گرنگە ئەنجام دەدات.
چەندین سەنتەری تایبەت و ناوەندی لێکۆڵینەوە کار لەسەر رۆڵی (ئەی ئای) دەکەن لە وڵاتەکە، بۆ داهاتووش پلانی تایبەتی هەیەو سەمایەگوزاری زیاتری تێدا بکات.
مەترسی (ئەی ئای) لەسەر کەرتی پەروەردە
هاوتەریب لەگەڵ لایەنی باشی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، لە دەستگەیشتن بە زانیاری لەکەمترین کات، مەترسییەکی جددی رووبەڕووی مامۆستایان و کۆی پرۆسەی خوێندن دەبێتەوە، کاتێک مامۆستایەک داوا لە کۆمەڵێک فێرخواز دەکات، لەسەر ناونیشانێکی دیاریکراو زانیاری کۆبکەنەوە، لێرەدا دەبینین زۆرینەی سەرچاوەکانی زیرەکی دەستکرد لەیەک دەچن و تاک رەهەندی پێوە دەر دەکەوێت.
لەو سۆنگەیەوە کاتێک فێرخوازێک بێ گەڕان و هەوڵدان و کۆکردنەوە و خوێندنەوەی چەندین سەرچاوەی جیاواز، هەموو زانیاریەکان لە زیرەکی دەستکرد وەربگرێت، چەقبەستویی روو دەدات. ئەو کات بەهای خوێندن و پرۆسەی فێرکردن دەکەوێتە ژێر پرسیاری جددی.
هەرچەندە لەسایەی کرانەوەی سەردەمی تەکنەلۆجیادا، وڵاتان بەیەکەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ داهێنانە تازەکان دەبێت، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاڵنگاری چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زیرەکی دەستکرددایە. نهوهی نوێ و بەکارهێنەرانی ئامێرە زیرەکەکان درک بەوە دەکەن (ئەی ئای) چەند خێرا هەنگاو دەنێت و لەیەک کاتتدا،مەترسییەکان و دەرفەتەکان لە لەبەر دەست بەکارهێنەرانیدایە.
چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ زیرەکی دەستکرد
لەگەڵ لایەنی خراپ و مەترسییەکانی ئەم داهێنانە ناوازەیە، ناکرێت داوای ئەوە بکرێت بەکاری نەهێنین و بەرەو دوا بگەڕیینەوە. بەڵکو شارەزایانی بوارەکە داوا دەکەن، لەگەڵ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد رەچاوی ئەم تێبینیانە بکەن.
١ – ئاوێتە بوون و بەکارهێنانی بەوریاییەوە، توانای شیکردنەوە و لێکدانەوەی داتاکان و زانیاریەکانی پرۆگرامە جیاوازەکانی (ئەی ئای).
٢ – هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن لە زیرەکی دەستکرد و زانیارییە بەدەستهاتووەکانی بە جۆرێک، متمانەی تەواوەتی بە داتاکان نەکرێت و بەدواداچوونی جیاواز بۆ زانیارییەکان بکرێت.
٣ – بەشداریکردن بەشێوەی داهێنان (ابداع) بەو مانایەی لەسەر بنەمای کار و کاردانەوەو خستنە ژێر پرسیاری داتاکان، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەڕانی زیاتر ئەنجام بدات.
٤ – چاودێری کردن و بەئاگایی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەپلیکەیشنە جیاوازەکانی (ئەی ئای)، بە جۆرێک، پرۆسەی بیرکردنەوەمان لاواز نەکات. وەکو ئامرازێک بەکاری بهێنین نەک سەرچاوەی سەرەکی.
٥ – یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ زیرەکی دەستکرد (بەها) یە. پسپۆران داوا دەکەن پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم داهێنانە تازەیە بکرێت، بەتایبەت لەبواری پەروەردە و فێرکردن، خول و راهێنانی پێویست لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە بکرێتەوە، بۆ ستافی قوتابخەنەکان لە مامۆستا و فێرخوازان.
دۆزینەوەی زیرەکی دەستکرد، کۆی کەرتی پەروەردە و فێرکردنی روبەروی شڵەژان و ئاڵنگاری کردوهتەوە، زیاد لەپێویست بەکار هێنانی زیرەکی دەستکرد، تواناکانی تاک لاواز دەکات. لەبەرامبەردا پشتلێکردن و بەکارنەهێنانی، هۆکار دەبێت بۆ دواکەوتن و بەجێمان لە سەردمی دیجیتاڵی و تەکنەلۆجیای سەردەم. بۆیە ئەرکێکی سەخت لەسەر هەمووانە، چۆن بتوانن بەهاوسەنگی مامەڵە بکەن. کات لەم نێوەندە رۆڵیکی گرنگی هەیە، ئەوەندە خێرا پێشکەوتنەکان روو دەدەن، ئێمە ناتوانین چاوەڕوان بین یان بیر بکەینەوە چۆن مامەڵە بکەین. دەبێت لەیەک کاتدا بەکارهێنان و رەخنەگرتن هەڵسەنگاندن ئەنجام بدەین.
لە هەرێمی کوردستان بەشی زۆری ناوەندەکانی خوێندن، وانەی کۆمپیوتەر دەخوێنن. دەکرێت هاوتەریب لەگەڵ وانەکەدا چۆنییەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و تەکنیکەکانی گرنگی پێ بدرێت. بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی ستافی شارەزاو پسپۆر هەیە، تاوەکو بتوانن بەرچاو روونی بدەن بە بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکرد، لە ناوەندەکانی خوێندن و لە ڕێرەوەی پێشکەوتن و تەکنەلۆجیای نوێ دابڕاو نەبین.
بۆیە لەهەرێمی کوردستان گرنگە لایەنی پەیوەندیدار، پلانی خۆیان هەبێت، بۆ چۆنیەتی سود وەرگرتنی زیاتر لە زیرەکی دەستکرد.
هاوتەریب لەگەڵ خوێندنی وانەی کۆمپیوتەر لە قوتابخانەکاندا، دەکرێت هۆشیار کردنەوەی فێرخوازان و پێدانی زانیاری بەسود دەرباری زیرەکی دەستکرد، گرنگی زۆری پێبدرێت، هاوکات ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و سەنتەرەکانی توێژینەوە لەڕێگای کەسانی پسپۆر و ئەنجامدانی توێژینەوەوراپرسی، دەکرێت سودیان لێ وەر بگیرێت و لە دەرئەنجامدا ئەم تەکنەلۆجیا گرنگە، بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن بەکار بهێندرێت.