گەرووی هورمز بە شاخوێنبەری گواستنەوەی وزەی جیهان دادەنرێت، دەکەوێتە نێوان وڵاتانی ئێران لە باکوورەوە، عومان و ئیمارات لە باشوورەوە، ئەم گەرووە کەنداوی عەرەبی بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە، رۆژانە نزیکەی ٢٠- ٢١ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت، کە دەکاتە ٢٠٪ی کۆی بەکاربردنی جیهان. 

گەرووی هورمز گرنگرتین رێڕەوی ئاوییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو بۆ جیهان، درێژی ئەم گەرووە نزیکەی ٦٣ کیلۆمەترە، و پانی گەرووەکە لە دەروازەی چوونەژوورەوەیدا نزیکەی ٥٠ کیلۆمەترە و لە تەسکترین خاڵیدا بۆ ٣٣ کیلۆمەتر بەرتەسکدەبێتەوە، مەودای ٣٤ کیلۆمەتر لە دوورگەی خارکی ئێرانەوە دوورە و ڕووبەری تێپەڕین و چوونە ژوورەوەی کەشتیەکان نزیکەی ١٠.٥ کیلۆمەترە، قووڵایی ئاوەکانی گەرووی هورمز تەنها ٦٠ مەترە.

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی دەکرد، ئەمەش وەک کارتێکی فشار دژی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیسرائیلیش هاوشانیان، بەمەبەستی راکێشانی رای جیهان بۆ راگرتنی جەنگ و رێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی وزە لە جیهاندا، لەسەرەتای شەڕەوە هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکان کەمبووبووەوە، بەڵام لە بەرواری ٤/٣/٢٠٢٦دا ئێران رایگەیاند کە بەرپرسانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە تەواوی گەرووی هورمزیان داخستووە و رێگا بە هیچ کەشتییەک نادرێت تێپەڕببێت.

مێژووی مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەبارەیەوە

لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، چەندین ڕێککەوتنی نێوان وڵاتان واژووکراوە بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بەشێوەیەکی ئاشتیانە کە گرینگترینیان، ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا ١٩٧٣ - ١٩٨٢ (UNCLOS) کە ڕێککەوتنێکی فرە لایەنە و ڕێگا بە کەشتی و فڕۆکەکان دەدات پێیدا تێپەڕببن و ڕێککەوتنێکی کراوەیە و ئەمریکا ساڵی ١٩٩٤ هاتووەتە ناو ڕێککەوتنەکە.

هەروەها پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان ئێران و عومان ساڵی ١٩٧١ کە دانپێدانانی هاوکاریی هاوبەش و هەماهەنگی بوو بۆ بەکارهێنانی گەرووی هورمز بە ئاشتییانە. هاوکات ڕێککەوتننامەی سنووری دەریایی عومان و ئێران لە ساڵی ١٩٧٤ کە تێیدا عومان ڕێگا بە کەشتییە دەریاییە بیانییەکان دەدات بە سنووری عومان دا تێپەڕن لە هەر بارودۆخێکدابن.

هەروەها ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو کە لە ساڵی ١٩٨١ دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە ڕیازی سعوودیەیە و پێکدێن لە کوێت، بەحرەین، عومان، قەتەر، سعوودیە، ئیمارات، ئەم ئەنجوومەنە هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وزە دەکەن.

داخستنی گەرووی ھورمز، کۆمەڵێک لێکەوتەی سیاسی و ئابووریی لێدەکەوێتەوە و ئەگەری هەیە سەربکێشێت بۆ دروستبوونی قەیرانی جیهانی و ناکۆکیی قوڵ لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا UNCLOS) )یان واژووکردووە، چونکە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لە دەرەنجامی سێیەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٨٢ هاتووەتە ئاراوە، ماف و بەرپرسیارییەتی وڵاتان دیارییکراوە و تا ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ئەو وڵاتانەی پەیوەست بوون بەو ڕێککەوتننامەیە گەیشتە ١٧٦ وڵات و بەپێی ماددەی ٣٨ لە ڕێککەوتنە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبوونیان بەم گەرووەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

لە مێژووی ناکۆکییە نیودەوڵەتییەکاندا، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨، هێرشی بەرامبەری لە نێوان تاران و بەغدا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەردوو وڵات پەرەیسەند. بۆردومانەکە درێژبووەوە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو، لە شەڕێکدا کە بە شەڕی کەشتییە بارهەڵگرەکان ناسرا. هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی ئەو کەشتییە کوەیتییانەی دەکرد کە نەوتی عێراقیان لە ڕێگەی کەنداوەوە دەگواستەوە، بۆ ئەوەی لەم هێرشانە بیانپارێزێت.

لە ساڵی ٢٠١٩ وڵاتانی وەک سعوودیە، بەحرەین و بەریتانیا هاوپەیمانییەتییەکی نێودەوڵەتییان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پیکهێنا بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی لە کەنداو. ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا لەلایەک و تاران لەلایەکی دیکەوە. لەوکاتەدا بەریتانیا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێراندا گرت لە کەناراوەکانی جبل طارق بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە بەرامبەردا ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری   بەریتانیادا لە کەنداودا گرت.

لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، کەشتییە بارهەڵگرەکانی نەوت و گاز خێراییەکانیان لە ڕێگەی ئاوەکانی کەنداوەوە زیادکرد بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنیان بە مەترسییەکانی جەنگ، هەروەها ئەمریکا هۆشداریدایە ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە ئاڵای ئەمریکایان لەسەرە، تا دەتوانن لە ئاوەکانی سنووری ئێران دوور بکەونەوە.

داخستنی گەرووی هورمز و لێکەوتە ئابوورییەکانی

شەڕی ئێران نەخشەی مەترسییەکانی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا داڕشتووەتەوە و بۆئەمەش بە خێرایی سەرنجەکان دەچنەسەر گەرووی هورمز وەک گرنگترین خاڵی فشار لە ئابووریی وزەی جیهانیدا. ئەم ڕێڕەوە ئاوییە تەسکە کە ڕۆژانە بڕێکی زۆر نەوت و گاز پێیدا تێدەپەڕێت، لە ڕێگایەکی گرنگەوە بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی، گۆڕاوە بۆ خوێنبەرێکی ستراتیژی زۆر هەستیار کە هاوسەنگیی بازاڕەکان و سەقامگیریی ئابووری جیهانی پشتی پێدەبەستێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن ناوەندی "الشرق"ەوە ئامادەکراوە، قووڵترین دەرئەنجامی ئابووریی شەڕەکە داخستنی گەرووی هورمز بووە، کە بە گرنگترین ناوچە یان "خاڵی خنکێنەر" دادەنرێت بۆ وزەی جیهانی، کە ڕۆژانە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو پێیدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ بڕێکی زۆر غازی سروشتیی شل LNG)).

بەپێی ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمریکا (EIA)، ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتەوە لە گەرووی هورمزەوە بەدەستهاتووە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار، کە بەدەر لە ئێران بەشیک لە نەوتی سعودیە، قەتەر، عێراق، کوەیت و ئیماراتی لێوە هەناردە دەکرێت، بەدەرلەوەش بە یەکێک لە شاخوێنبەرەکانی بازرگانیی جیهان دادەنرێت و ١١٪ی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهان لەو رێگەیەوە دەکرێت.  

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی کە لەزاری شرۆڤەکارانی ئابوورییەوە گواستویەتییەوە، باس لەوە دەکات، بەردەوامبوونی  ئەو دۆخی جەنگەی ئێستا بەبێ گۆڕانکاری دەکرێت ببێتە هۆی فشار و دروستبوونی قەیران کە هۆکارە بۆ خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، ئەمەش دیاردەیەکە کە بە هەڵاوسانی ئابووری ناسراوە. شارەزایان پێیانوایە، کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر ئابووری ئەمریکا مامناوەند دەبێت، بەڵام لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا توندتر دەبن.

شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن لەوەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت، دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئابووری لە وڵاتە گەورەکانی هاوردەکردنی وزە و گورزێکی توند لە ئاسۆی ئابووری ئەمریکا دەدات.

پێشهاتەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران ئامادەیە ئەو کەشتییە بازرگانیانە بکاتە ئامانج کە هەوڵی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز دەدەن کە لە تەسکترین خاڵیدا نزیکەی ٢١ میل پان و لە سێ لاوە بە خاکی ئێران دەورە دراوە.

پچڕانی هاتوچۆ کەشتییەوانییەکان تەنیا لە ناردنی نەوتدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەناردەنەکردنی غازی سروشتی شل، ئەو کەرەستە خاوانەی کە لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێن، هەروەها ئەلەمنیۆم و پۆڵا و کاڵا سەرەکییەکانی دیکە.

گۆڤاری "زە ئیکۆنۆمیستی" بەریتانی بڵاویکردەوە کە ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانەیان لە گەرووی هورمزدا گیریانخواردووە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر گەرووەکە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو (14%ی بەرهەمی جیهانی) و 4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمی نەوتی پاڵاوتەی لە ڕۆژێکدا پێدا تێپەڕیوە.

لە شیکارییەکەی ئیکۆنۆمیستدا کۆمەڵێک ئامار خراوەتەڕوو کە رەنگدانەوەی قەبارەی قەیرانەکەن ئەوانیش:

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە 10ی ئازاردا بەڕێژەی 8% بەرزبووەوە و گەیشتە 91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە ١٠٠.٣١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خاوی برێنت.

کۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا ٢٠ ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی کەشتییەکان تەرخانکرد، بەڵام بانکی جەی پی مۆرگان ئاشکرایکردووە کە ئەو پاڵپشتیی بیمەی پاراستنە پێویستی بە نزیکەی ٣٥٢ ملیار دۆلار هەیە.

نرخی بیمەی مەترسیی جەنگ بۆ 1-2%ی بەهای گشتیی کەشتییەکان بەرزبووەتەوە، کە بە بەراورد بە ئاستی پێش جەنگ ٣-٦ هێندە زیادیکردووە.

هەرلە شیکارییەکەی ئیکۆنۆمیستدا ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە بارهەڵگرەکان لە کەنداودا گیریانخواردووە، ئەگەر هاتوچۆی گەرووەکە لەماوەی هەفتەیەکدا دەستپێبکاتەوە، ماوەی دوو ساڵ و نیو دەخایەنێت بۆ تەواوبوونی هەموو کەشتییەکان و تێپەڕبوونیان.

لە لایەکی دیکەوە داخستنی گەرووی هورمز بە خێرایی زیانێکی بەرچاو بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت، چونکە تاران ناتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات. ئێران 90%ی نەوتی خاوی خۆی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکات.

هەروەها پچڕانی هەناردەکردنی وزەی ئێران کێشەیەکی ڕاستەقینە بۆ چین دروست دەکات کە گەورەترین کڕیاری نەوتی خاوی ئێرانە لە جیهاندا.

زیانەکانی عێراق لە داخستنی گەرووی هورمز و هەرێمی کوردستان وەک شوێنگرەوە

عێراق بەشی هەرەزۆری نەوتەکەی لەرێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە لەرێگەی بەندەری بەسرەوە دەنێرێتە کەنداو، بەڵام بۆ گەیشتنی بە جیهان پیویستە بە گەرووی هورمزدا تێبپەڕێت، بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، ئێستا گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک نادات تێپەڕێت. 

دوای داخستنی گەرووی هورمز، عێراق کە زیاتر لە ٦٠٪ی هەناردەکردنی نەوتی راگیراوە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە، کە دەکاتە 50%ـی بەرهەمی وڵاتەکە، هۆکارەکەشی پڕبوونی کۆگاکانی نەوتە تاوەکو ئەوپەڕی توانایان، کە ئەمە لە چەند رۆژی داهاتوودا کەمتر دەبێتەوە بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانەوە. 

بەمەبەستی دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەفتەی رابردوودا رایگەیاند، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە دانوستاندان بۆئەوەی لەڕیگەی بەندەری جەیهانەوە کە نەوتی هەرێم بە تورکیاوە دەبەستێت، نەوت هەناردە بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە هەرێمی کوردستان کرد بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە رەوانە بکەن، وەک قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو زیانانەی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێگەی گەرووی هورمزەوە بەر عێراق کەوتووە. 

لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکارییەکەی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و داوای بەغدای بۆ هەناردەکردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بەبۆری هەرێمدا رەتکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە چوار مەرجی بۆ بەغدا داناوە تا ڕێگا بدات نەوتی عێراق بەبۆری هەرێمدا ڕەوانە بکرێت و هاوکات هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە بەهەمان قەبارەی پێشوو .

مەرجەکانی حکومەتی هەرێم بریتیین لە، یەکەم: ناردنی دوو مووچەی ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێم. 

دووەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کارکردن بە سیستەمی سیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم و چارەسەری کێشەکانی تاریفەی گومرگی لەنێوان بەغدا و هەولێر.

سێیەم: مەرجی هەرێم پێدانی دۆلارە بە نرخی فەرمی بە بازرگانان و کاسبکاران و گەشتیارانی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق .

مەرجی کۆتایی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکراکردن و سزادانی ئەو گروپانەیە لە ساڵی ڕابردوو کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمیان بۆردومان کرد و لەم جەنگەشدا کێڵگەی سەرسەنگ و پاڵاوگەی لانازیان بۆردومان کردوە و هەرێم داوا دەکات بەغدا زیانی کێڵگەکان بگرێتە ئەستۆ و گروپەکان سزا بدات.

لەدوای وەڵامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کە هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی بڕێک نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێکردووە و هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق - تورکیا لە چاککردنەوەدایە، کە توانای ئەو هێڵە 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتە.

وەزارەتەکە باسلەوەدەکات کە تەنیا 100 کیلۆمەتری هێڵەکە ماوە پشکنینی بۆ بکرێت کە لە هەفتەیەکدا دەکرێت، دوای پشکنین دەتوانرێت نەوتی کەرکووک بەو هێڵەدا راستەوخۆ هەناردە بکرێت بەبێ تێپەڕین بە هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم شیکارییەدا خراونەتەڕوو، درێژەکێشانی ئەم جەنگە، سەرباری زیانە گیانی و سەربازییەکانی، زیانی گەورە بە ژێرخانی ئابوریی جیهان و تایبەتتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، بەجۆرێک عێراق بەرهەمهێنانی بەمەبەستی هەناردەکردن نزیکدەبێتەوە لە سفر، ئەویش بەهۆی پڕبوونی عەمبارەکانی نەوت لە عێراق. 

هەرێمی کوردستان بەشێکی تر دەبێت لەو ناوچە زەرەرمەندانەی کە پریشکی ئەم شەڕە زیان بە ئابورییەکەی دەگەیەنێت، ئەویش بەهۆی بەرکەوتەی عێراق بە زیانەکان و پشتبەستنی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەرێمێکی فیدراڵ بە عێراق، کە مەترسیی لەسەر دابینکردنی مووچە، دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان هەیە.

سەرباری ئەوانە ئەمڕۆ ١٧/٣/٢٠٢٦، وەزیری نەوتی عێراق حیان عەبدولغەنی رایگەیاند، لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێی گەرووی هورمزەوە، واتە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق رێگەیان پێدەدرێت لە گەرووی هورمزەوە بپەڕنەوە بۆ ئاوە نێودەوڵەتییەکان.