کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە ساتەوەختێکی مێژوویی ههستيار دەستی بەکار کرد، عێراق لەنێوان ململانێی هێزی چەکدایە چەندین گروپی چەکداری لە وڵاتهكهدایە. ئەمە لەکاتێکدایە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی کارنامەی زەیدی، کۆتاییهێنان بوو بە دیاردەی چەکداریی لەدەرەوەی دەوڵەت. ئەم هەنگاوە تەنها بڕیارێکی ئیداری نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوو لە پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکان و ناوەندی بڕیار لە بەغدا.
پرسی گەڕاندنەوەی چەک بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆی سیاسی و ئەمنی لە عێراق. پاش ساڵی 2003 و هاتنی داعش بۆ عێراق لە ساڵی 2014 گروپە چەکدارەکان گەشەکردنی بەرچاویان بە خۆوە بینی، بۆیە زۆرێک لە چاودێران و توێژەران گومانیان هەبوو لە توانای هەر حکومەتێک بۆ سنووردارکردن یان چەککردنی ئەو هێزانە.
ئەمڕۆ زۆربەی گروپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا کاردەکەن، کە خۆی لە ژمارەیەک ڕێکخراو و گروپی جیاواز دهبينێتهوه. هەرچەندە بە فەرمی بەشێکن لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام لە زۆر بواردا هێشتا سەربەخۆیی و کاریگەريى تایبەتی خۆیان پاراستووە، هەندێک لەم گروپانەش لە ڕووی فکری و ئایدۆلۆژییەوە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەمیشە پەیوەندییەکانیان بە ڕێبەرایەتیی ئێرانەوە باسکراوە.
لەکاتی دەستبەکاربوونی کابینەکەی عەلی زەیدیدا، عێراق لە ناو قەیرانێکی قووڵی شەرعییەتدا دەژیا. بوونی گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، نەک تەنها هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ، بەڵکو ڕێگرییەکی سەرەکی بوو لەبەردەم وەبەرهێنانی بیانی و گەشەی ئابووری. زەیدی لە کارنامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ دەوڵەتێک بەبێ سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بوونی نییە". ئەم ناونیشانە تەنها باس لە کۆکردنەوەی چەک ناکات، بەڵکو باس لە دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکی "هێز" دەکات لە عێراق، پرۆسەکە بە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی گروپە چەکدارەکان دەستی پێکردوە، کە بەشێکیان خاوەنی پێگەی جەماوەری و سیاسیی بەهێزن.
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان لەبەردەم کابینەی عەلی زەیدی، بوونی زۆرێک لە گروپە چەکدارەکان لە ژێر چەتری سیاسیی حیزبەكاندایە، ئەمەش وایکردووە کە هەر هەوڵێک بۆ چەکداماڵینیان وەک هێرش بۆ سەر "قەوارەی سیاسیی" ئەو پێکهاتەیە لێکبدرێتەوە.
رەنگە هیچ پرۆسەیەکی چەکداماڵین لە عێراقدا بێ کاریگەریی دەرەکی سەرکەوتوو نەبێت. کابینەی زەیدی کەوتە نێوان فشاری ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران بۆ پاراستنی هاوپەیمانە ستراتیجییەکانی. بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت، عێراق دەکاتە گۆڕەپانی جەنگی وەکالەت، ئەمەش زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێت.
ئەمە لە کاتێکدا لەدوايین کۆبونەوەیدا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە ململانێ سیاسییەکان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنها لە دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکاندایە. هاوپەیمانییەکە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کردووە بۆ گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە حەشد بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستمی ئەمنیی فەرمی و پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە.
باس لەوەشکراوە هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بە نایاسایی دادەنرێت و پێویستە بڕیارە ستراتیجییەکانی وەک جەنگ و ئاشتی لای دامەزراوە فەرمییەکان بێت
لەمبارەوە حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڤیژن پرێس رایگەیاند، بڕیاری موقتەدا سەدر بۆ ڕێکخستنەوەی چەک و خستنەژێر چوارچێوەی دەوڵەت هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە، وتیشی: پێشتر هەندێک لایەن و گروپی سیاسی و چەکداری، وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و ژمارەیەکی دیکە لە هێزەکان، ئامادەیی خۆیان بۆ ڕێکخستنەوەی چەکەکانیان و خستنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕیبوو. باسی لەوەشکرد، هەندێک لە ئەندامانی ئەو هێزانە لە داهاتوودا دەتوانن لە ناو دامودەزگا حکومی و هێزە ئەمنییەکاندا جێگیر بکرێن.
هەروەها جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە زیاتر پەیوەندی بە داواکارییەکانی مەرجەعیەت و بڕیارەکانی حکومەتی عێراقەوە هەیە و پێش ئەوەی داواکارییەکی سیاسی بێت، بڕیارێکی عێراقییە بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخی چەک و هێزە چەکدارەکان. هەروەها زۆربەی لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت هەموو چەکێک لە ژێر دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەتدا بێت و هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات هەڵبگرن.
سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە و گوتی ئەگەر هەموو لایەنەکان پابەند بن بەو بڕیارانە، دەتوانرێت لە ماوەی یەک تا دوو ساڵی داهاتوودا عێراق بگاتە قۆناغێک کە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت تەواوی باری ئەمنی و سیاسی وڵات بەڕێوەببەن. ئەو هەروەها ئاماژەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد و وتی: دوای ئەم هەنگاوە، پرسی یەکگرتنی هێزەکانی 70 و 80ش دەتوانێت زیاتر لە ناو هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ بکرێت و بگاتە ئەنجام.
لیوا قارەمان کەمال شارەزایەکی بواری سەربازی تایبەت بە ڤیژن پرێس ڕایگەیاند، بوونی ئەو هێزە چەکدارانەی کە لەژێر ڕکێفی حکومەتدا نین، بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان. وتیشی "ئەجندایەکی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ بەهێزکردنی حەشدی شەعبی بە جۆرێک لە سوپای عێراق باڵادەستتر بێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدا بێت، بە دڵنیاییەوە دەبێتە مایەی نیگەرانی و سەرئێشە. لە ڕابردووشدا بینیمان کە چۆن هەرێمی کوردستان و چەندین بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەم گرووپە نایاساییانەوە لە ڕێگەی درۆنەوە کرانە ئامانج، هەرێمی کوردستانیش چەندین جار حکومەتی فیدراڵی لەم مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ڤیژن پرێس، ئەو شارەزا سەربازییە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە هەماهەنگی ناوخۆیی ماڵی شیعه هەیە. وتیشی: "پێم وانییە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە بە ئاسانی بچنە ژێر فەرمانی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵەوە، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە یان پێویستی بە بەکارهێنانی هێزە یان دەستوەردانی سیاسیی ڕژد، ئەمەش ئەرکی سەرۆکوەزیرانی زۆر قورس کردووە."
پرۆسەی چەکداماڵین، تێکەڵکردنەوە و گەڕاندنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە (DDR) یەکێکە لە گرنگترین ستراتیژییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتانی دوای شەڕ و قەیرانە چەکدارییەکان. ئەم پرۆسەیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان، هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و یارمەتیدانی ئەندامانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی مەدەنی جێبەجێ دەکرێت.
پرۆسەی DDR لەسەر سێ قۆناغی سەرەکی بنیات دەنرێت. یەکەم، چەکداماڵین (Disarmament) کە بریتییە لە کۆکردنەوە، تۆمارکردن و کۆنترۆڵکردنی چەکەکان و دەرهێنانیان لە دەستی هێزە چەکدارەکان. دووەم، تێکەڵکردنەوە (Demobilization) کە تێیدا پێکهاتە سەربازییەکانی گروپە چەکدارەکان بە شێوەیەکی فەرمی هەڵدەوەشێنرێنەوە و ئەندامەکانیان ئامادە دەکرێن بۆ گواستنەوە بۆ ژیانی مەدەنی. سێیەمیش، گەڕاندنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە (Reintegration) کە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بۆ دڵنیابوون لەوەی چەکدارانی پێشوو بتوانن ژیان و داهاتێکی بەردەوام بۆ خۆیان دابین بکەن، رەنگە عەلی زەیدی بەم میکانیزمە پرۆسەی چەکداماڵینی گروپەکان لە عێراق ئەنجامبدات يان ميكانيزمێكى جياواز بۆ چارهسهر بهكاربهێنێت.
شارەزایان پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی توندوتیژی، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازتر و دامەزراوەیی. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان DDR بە یەکێک لە بنەڕەتیترین ئامرازەکانی دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیری دوای کۆتاییهاتنی ململانێ و شەڕە چەکدارییەکان دادەنێن.
لە کۆتاییدا، پرۆسەی چەکداماڵین لە کابینەی عەلی زەیدیدا وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی عێراقدا دەبینرێت. هەرچەندە هێشتا چەند لایەنێک ئامادەی خۆیان دەربڕییووە چەک دابنێن و بە تەواوی کۆتایی بە هەموو دیاردە چەکدارییەکان نەهاتووە، سەرکەوتنی کۆتایی بەندە بە بەردەوامیی چاکسازییەکان و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی. ئەگەر عێراق بتوانێت ئەم مۆدێلە بەرجەستە بکات، دەبێتە نموونەیەک بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە کە بە دەست هەمان کێشەوە دەناڵێنن.