بیتکۆین دراوێکی گریمانەیی یان "ئەلیکترۆنی"یە کە مێژووی دروستبوونی نوێیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، دراوەکە لەلایەن کەسێکەوە دروستکرا بەناوی ساتۆشی ناکامۆتۆ، کە تائێستاش زانیارییەکان لەبارەی کەسایەتی و شوێنی نیشتەجێبوونییەوە دیارنییە. 

لە تێڕوانینی بەشێکی زۆر لە شارەزایانی ئابووریی جیهانی و مێژووی هەڵکشان و داکشانە ئابوورییەکانی جیهاندا، ئەو بەرزبوونەوە بەردەوام و زۆرەی دراوی گریمانەیی بیتکۆین بە بڵق یان "بەبڵ"ی ئابووری دادەنرێت، کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا ئەم بڵقە بتەقێت و کێرڤەکە بەخێراییەکی چاوەڕواننەکراو دابەزێتە خوارەوە. 

چیرۆک و مێژووی گوڵی لالەی هۆڵەندی "تولیپ"

لە سەردەمی زێڕینی هۆڵەندا و لە سەدەی حەڤدەدا، ئەو وڵاتە ئاشنابوو بە گوڵی تولیپ "لالە" و دواتر مامەڵەکردن بەو گوڵە و سەوداسەریی سەرجەمی وڵاتەکە بۆ ئەو گوڵەی لە میژووی خۆیدا دڵبەری و قەشەنگییەکەی لەدەستنەداوە، بەڵام ئەم مامەڵە و سەودایەی هۆڵەندییەکان و ئەمستردام بەتایبەتی بەهۆی جوانییەکەیەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی بەرزبوونەوەی رۆژ بە رۆژ و بێوەستانی نرخەکەیەوە بوو. 

نرخی هەر گوڵێکی لالە یان تولیپ بەجۆرێک بەرزدەبووەوە، کە تەنها یەک گوڵ بەهای خانوویەکی گەورەی ناو ئەمستردامی پایتەختی تێپەڕاندبوو. 

نیشتیمان و ڕەچەڵەكی گوڵی لالە هۆڵەندا نییە، بەڵکو بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٥٥٤دا لە تورکیای سەردەمی عوسمانییەکانەوە لەرێگەی باڵیۆزێکییەوە دەنێردرێت بۆ ڤیەننای پایتەختی نەمسا، دواتر بڵاودەبێتەوە بە ئەوروپادا و هۆڵەنداش یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی بە خێرایی تێیدا تەشەنە دەکات. 

لە ساڵی ١٥٩٣دا، زانایەکی رووەکناس بە ناوی “کارلوس کولسیوس” لە زانکۆی لایدن کە خاوەنی کێڵگەیەکی رووەکیی تایبەتی زانستیی خۆی بووە، لە تاقیکردنەوەیدا لەبارەی گوڵەکەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین گۆرانکاریی لە شێواز و رەنگەکەیدا کرد، بەڵام رایگەیاند سروشتی ئەو گوڵە زۆر یارمەتیدەر و گونجاوە لەگەڵ وڵاتەکەیاندا. 

هێدی هێدی، هەبوونی گوڵی لالە بوو بە ئارەزوویەکی شێتانە. زاناکان دەستیانکرد بە کێبڕكێ لە جوانکاری و چاککاری لە جۆرییەتی گوڵەکەدا، دواتر بازرگانەکان هاتنە مەیدانەکە، خواست نەک لەسەر گوڵی لالە بەڵکو لەسەر تۆوەکەشی دروستبوو. بە تێپەڕبوونی کات، گوڵی لالە بوو بە هەبوویەکی سەوداگەرانە و لە کۆتاییەکانی پێش هەرەسکردنیشیدا (1633) بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆڵی دراوی دەبینی لەنێو خەڵکی هۆڵەندادا.

لەگەڵ گەشەکردنی مامەڵەکردن بە تولیپ و بوونی بە ئاماژەیەکی دەوڵەمەندی و رەسەنایەتی و خانەدانی، هەروەها هاوشێوەی زێڕ و خشڵی گرانبەها بۆ نیشاندانی چینی دەوڵەمەندیش بەکاردەهێنرا، بەجۆرێک چەند زۆرتر گوڵی تولیپت هەبووایە لە چینێکی بەرزتر و خانەدانتر بوویت.

بڵق "بەبڵ"ی گوڵی لالە (تولیپ) 

لە سییەکانی سەدەی حەڤدەدا، گوڵی تولیپ "لالەی هۆڵەندی" بەجۆرێک نرخەکەی بەرزبووەوە و خواست لەسەری زیادیکرد ناونرا "شێتیی تولیپ" یان نەخۆشیی شێتیی لالە، بەجۆرێک لە ماوەی چەند ساڵێکدا نرخەکەی بەجۆرێک بەرزبووەوە تەنها دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەکان دەیانتوانی بیکڕن. 

سەرەتای ١٦٣٤ بە دەستپێکی بازرگانیکردن بە گوڵی تولیپەوە دادەنرێت، لەو سەردەمەدا هۆڵەندا بەهۆی هێزی دەریایی گەورە و کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی جیهان و خاوەندارێتیی گەورەترین کۆمپانیای جیهانی کە کۆمپانیای هیندیی رۆژهەڵات بوو، هەروەها هەبوونی یەکەم بۆرسە لە جیهاندا، ئەو وڵاتە لە خاڵی بەهێزی خۆیدا بوو کە بە سەردەمی زێڕینی هۆڵەندا ناودەبرێت. 

هەموو ئەم پاڵنەرانە، هۆکارن بۆئەوەی لەو کاتەدا خەڵکی هۆڵەندا خاوەنی پارەیەکی زۆری کاش بوون کە سەرجەم پێداویستییە سەرەکی و چێژبەخشەکانیان بە ئاسانی بۆ فەراهەمبوو، ئەمەش هۆکاربوو بۆئەوەی بوونی گوڵێکی نوێ و ناوازە لە جۆردا پاڵنەربێت بۆ سەرکێشیکردن بە پارەکانیانەوە. 

لەو سەردەمەدا داهاتی رۆژانەی تاکێکی هۆڵەندی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ فلۆرین "دراوی ئەوکاتەی هۆڵەندا" بوو، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە بە هەژار و دەوڵەمەندییانەوە ئامادەبوون پێنج هەزار فلۆرین یان خانوویەكی تەواو پڕ پێداویستی لە ناوەڕاستی ئەمستردام بدەن لەبەرامبەر یەک گوڵی لالە. 

لەو بارەیەوە (گۆڵدگاری) مێژوونووسی گەورەی بەریتانی دەڵێت، “بوونی گوڵی لالەی هۆڵەندی لەو کاتەدا بۆ هۆڵەندییەکان شانازی، شكۆ و سامان بووە، لەکاتێکدا لەلایەن بازرگان و سەرمایەدارەکان و بەشێک لەوانەی دەیانویست قۆرخکاری تیادا بکەن، قۆستنەوەی ئەو هەلە بوو بۆ دەستخستنی دراو و کۆکردنەوەی سامان". 

گۆڵدگار لە کتێبەکەیدا دەڵێت، “ڕۆژێک ماسیگرێکی هۆڵەندی لەگەڵ یەکێک لە بازرگانانی گوڵی لالە دادەنیشێت و ماسیگرەکە بە تامەزرۆییەوە دەڵێت، "خۆمت پێدەبەخشم تەنها یەک گوڵی لالەم دەوێت لە بەرامبەردا، بەڵام بازرگانەکە ڕەتیدەکاتەوە، ئەو مامەڵەیەی بکات". 

لە هۆڵەندا-ی ئەو کاتەدا گوڵی لالە ببوه‌ قسە و باسی گەورە و بچووک، هەژار و دەوڵەمەند، مامۆستا و خوێندکار، نۆژدار و نەخۆش، بەقاڵ و کڕیار، تەنانەت هەندێک سەرچاوە دەڵێن سەودا و بۆن و بەرامەی گوڵی لالە لە سەری منداڵانیشی دابوو لە هۆڵەندا. لە ١٦٣٠ـەکاندا نرخی گوڵەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرزدەبێتەوە بە جۆرێک کە تەنها یەک گوڵی لالە، خانوویەکی باشیان لە ئەمستردام پێدەکڕی، لە ساڵی 1633 نرخی تەنها یەک  گوڵی لالە لە جۆری ( semper augustus ) پێنج هەزار و 500 فلۆرین دەبێت، لە ماوەی چوار ساڵ و لەنێوان 1633-1637ـدا نرخی تەنها یەک گوڵ دوو بەرامبەر زیاددەکات و بۆ 10 هەزار فلۆرین بەرزدەبێتەوە هەر ئەمەش هۆکاربوو بۆئەوەی ئەو بڵقە ئابورییە ناوبنرێت "شێتیی تولیپ" یان "TULIPMANIA".

شکست و هەرەسهێنانی تولیپ لە ئەمستردام

لە بەیانییەکی مانگی شوباتی ساڵی 1637دا، بازرگانانی گوڵی لالە لە ئەمستردام، ڕوویانكردە هارلم کە ناوەندی فرۆشتن و بەرزبوونەوەی نرخی گوڵی لالەبوو، بینییان هیچ کڕیارێکی گوڵی لالە لە شارەکەدا نییە، لە چەند ڕۆژێکدا و لەپڕ نرخەکەی بۆ یەک فلۆرین دادەبەزێت.

گۆڵدگار سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی گوڵی لالە دەڵیت، “بەرزبوونەوەی نرخی گوڵی لالە بەهۆی بەهای ڕاستەقینەی خۆیەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی خواست بووە لەسەر ئەو گوڵە لەلایەن هەندێک لەو کەسانەی کە پێیانوابووە دەتوانن بە گرانتر بیفرۆشنەوە و قازانج دەستبخەن بۆی دروستکرابوو.”

پاش ئەوەی لە ساڵی 1637 نرخی گوڵەکە دەگاتە خاڵێک کە چیتر کەم کەس دەتوانێت دەستی بگاتێ و گیرفانی دەرەقەتی بێت، لەنێوان شەو و رۆژێکدا سیحری گوڵی لالە بەتاڵدەبێتەوە و کۆتاییدێت، کاتێک هەندێک لە کڕیارە خاوەن سەرمایەکان ئامادەنین چیتر نرخی زیاتری پێبدەن و دەکشێنەوە لە مامەڵەکردن بە گوڵەکەوە. 

بە جۆرێك باسی مێژووی ڕووداوەکانی بەرزبوونەوە و دواتر هەرەسهێنانی نرخی گوڵی لالە دەکرێت، كە لە دوای شکانی نرخەکەی، هیچ بەهایەکی ئابووری نەماوە و كار گەیشتووە بەو ڕادەیەی لە ماوەیەکی کەمدا، شەقامەکانی ئەمستردام و ئەو شارانەی ناوەندی فرۆشتنی گوڵەکە بوون، بە گوڵی لالە داپۆشران و خەڵک ئەو گوڵەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو سامانەکەی و موڵکەکانی دەدا تاوەکو ببێتە خاوەنی تەنها یەک دانەی، كەچی ئێستا ئیتر ئەو گوڵانەشی هەیەتی فڕێیاندەدات و هیچ بەهایەکیان نەماوە.

لە زانستی ئابووریدا کاتێک بڵقی ئابووری روودەدات، کە نرخ دەگاتە ئاستێکی سەرنجڕاکێش و بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو زێدەڕۆیی زۆری تیادا دەکرێت، لەو کاتەدا خەڵکانی هۆشیار لە کارەکە دەکشێنەوە و دەیانەوێت سوود لە نرخ وەربگرن و هەبووەکانی خۆیان دەکەن بە پارە و سەرمایە، دواتر خەڵکی زۆرتر هەوڵدەدەن هەبووەکانی خۆیان بفرۆشن، ئەوەش دەبێت بەهۆی زۆربوونی خستنەڕوو و کەمبوونەوەی خواست و دابەزینی زیاتری نرخ. ئەوکاتە وەک پوولی دۆمینە هەمووی بە جارێک هەرەسدەهێنێت، وەک ئەوەی بەسەر گوڵی لالەی هۆڵەندیدا هات.

مێژووی بیتکۆین

بیتکۆین دراوێکی گریمانییە کە لە ساڵی 2008 لە لایەن کەسێک بە ناوی “ساتوشی ناکامۆتۆ” دروستکراوە، سەرەتا نرخی 1 بیتکۆین بە 7 سەنت بوو، لە مانگی یەکی ساڵی  2013 نرخی 1 بتکۆین بۆ 13 دۆلار ئەمریکی بەرزبووەوە. لە ناوەڕاستی 2013ـدا نرخەکەی زیاتر بەرزبووەوە، بە جۆرێک کۆتایی 2013 نرخی بتکۆینێک بۆ 980 دۆلار فڕی، مانگی 12ی 2017 نرخی 1 بتکۆین گەیشتە 20 هەزار دۆلار، نرخی هەر بتکۆین-ێک لە سەرەتای ٢٠٢١دا گەیشتە سەروو 40 هەزار دۆلار.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەندین جار نرخی بیتکۆین بەرامبەر دۆلار هەڵکشان و داکشانی زۆری بینیوە، کەمترین نرخی لە ساڵی ٢٠٢٣ بوو گەیشتە ١٦ هەزار دۆلار، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا بازێکی یەکجار گەورەیدا و نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە سەروو ١٠٠ هەزار دۆلار. 

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا نرخەکەی لە ١١٢ هەزار دۆلاردا جێگیربوو، بەڵام ئێستا کە نزیکەی ٪٣٠بەهاکەی لەدەستداوە نرخی هەر بیتکۆینێک ٧٣ هەزار و ٧٠٠ دۆلارە. 

لە ماوەکانی ڕابردوودا نر خی بتکۆین لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەڵکشان و داکشانی زۆری بە خۆوە بینیوە. لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ نرخی بتکۆین بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

مانگی یەکی ٢٠٢٦ – ٧٨.٦٠٠ دۆلار

مانگی دوو ٢٠٢٦ – ٦٦،٧٠٠ دۆلار

مانگی سێ  ٢٠٢٦ – ٧٣،٧٠٠ دۆلار

بتکۆین و نەخۆشیی شێتیی گوڵی لالە

بە پێی وتەی شارەزایانی ئابوری، بڕی ئەو بتکۆینەی کە لە جیهاندا هەیە و خاوەندارێتی دەکرێت و سەرجەمی ئەوانەشی بتکۆین دەکڕن، بە ئامانجی ئەوەیە ڕۆژێک بیگۆڕنەوە بە دۆلار و قازانجی لێبکەن، ئەمە لەکاتێکدا ئەو دراوە جیهانییانەی بە شێوەی دراوی کاش هەن، سەرجەمیان کۆبکرێنەوە، کەمترن لە بڕی ئەو بتکۆینانەی ئێستا هەن و خاوەندارێتی کراون. بۆیە چاوەڕێدەکرێت ئەم بەرزبوونەوە زۆرەی بتکۆین، جۆرێک بێت لە هەڵچوونێکی ئابوریی کاتی و وەک گوڵی لالە لە پڕ لە ماوەیەکی کەمدا نرخەکەی هەرەسبهێنێت، دەشکرێت بڵێین، بتکۆین جۆرێکی مۆدێرنی نەخۆشیی گوڵی لالەی هۆڵەندییە.

وەک دەڵێن “ئەوەی لە مێژوو شارەزا نەبێت، مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی ئەو مێژووە”. بەبڵ و نەخۆشیی گوڵی لالەی هۆڵەندی، بۆ ئەوەن ئەمڕۆ پەندیان لێوەربگرین. پاول دانۆڤان نووسەر و ئابوریناسی بەریتانی و بەڕێوبەر و سەرۆکی کۆمپانیای “UBS”ی سویسری بۆ خزمەتگوزارییە داراییەکان، جۆردن بلفوری شارەزای بواری بۆرسە، بتکۆین بە “نەخۆشی” یان “شێتیی گوڵی لالە”ی هۆڵەندی (‘tulip mania’) بەروارد دەکەن.

دانۆڤان وەڵامی تۆم کین-ی رۆژنامەنووسی بلومبێرگ-ی بە “نەخێر” دایەوە، کاتێک  کە پرسیاری کرد: ئایا بیتکۆین توانا و قابیلییەتی ئەوەی هەیە کە بەشێک بێت لە بازاڕی دراو لە داهاتوودا؟ جۆردن بلفۆر بتکۆینی بە “سکام و دەستبڕینێکی گەورە” وەسفکرد.

ستيفن ئينيس، سەرۆکی بازرگانیی دراوی ئاسیا و شارەزا لە بۆرسەی دراوە جیهانییەکان باوەڕیوایە، بتکۆین هەمان چارەنووسی گوڵی لالەی هۆڵەندی دەبێت. ئەو لە کەناڵی سی ئێن ئین دەڵێت “نرخی بتکۆین بە شێوەیەک بەرزبووەتەوە کە مرۆڤی ئاسایی توانای کڕینی نییە، سەرئەنجام خواست لەسەر بیتکۆین هەرەسدەهێنێت”.

کێن گریفین، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی" Citadel LLC" دەڵێت “بتکۆین دراوی داهاتوو نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆدەکەن، ئەو هەر نەخۆشییەکە وەک شێتیی گوڵی لالەی هۆڵەندی”. دەشڵێت “زۆر نیگەرانم بۆ ئەوانەی پارەی خۆیان لە بتکۆین خەرجدەکەن. ئەوان نازانن بەشداریی چی دەکەن، ئەم  بەبڵە بە گریان و فرمێسک کۆتاییدێت”.

میلیاردێری ئەمریکی و بەڕێوەبەری  (Hedge Fund) کێنێت گریفین وتی، کە هاوشێوەییەکی زۆر هەیە لە نێوان بڵقی تولیپ و ئەوەی ئێستا لەبارەی بیتکۆینەوە ڕوودەدات، بەپێی وتەی ئەو، خەڵک زۆر بۆ بیتکۆین هەستیار بوون و دەست بە کڕینی دەکەن تەنها لەبەرئەوەی کە سەردێڕی هەواڵەکانە، بەبێ ئەوەی تێگەیشتنێکی ڕاستیان هەبێت بۆ ئەو شتەی دەیکڕن.

ئەمەش واتە بیتکۆین لەوانەیە بەڕاستی تووشی هەرەسێکی گەورەی هاوشێوەی گوڵی لالە ببێتەوە و ئەوانەی روویان لە کڕینی کردووە تووشی داڕمانی دارایی ببن. 

بەکارهێنەرانی بتکوین کێن؟

ناکرێت باسی مێژووی بتکوین و گرنگیەکەی بکەین، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ ئەو کەسانە بکەین کە بەکاری دەهێنن. راپۆرتە رۆژنامەوانییە جیهانیەکان لەو بارەوەیە دەڵین، بەشیکی زۆری بەکار هێنەرانی بتکۆین لەم بوارانای خواروەدایە.

١ -  دارک وێب 

٢ – تاوانی ئەلکترۆنی

٣ – سپیکردنەوەی پارە (غسیل اموال)

٤ – بازرگانیکردن بە مرۆڤ 

٥ – قاچاخچێتی و کاری نایاسایی 

بەهۆکاری بەردەست نەبوونی دراوەکەو زۆری نرخەکەی، زۆرینەی بەکارهێنەرانی ئەم دراوە ئەلکترۆنییە لەسەر ئاستی جیهان، لەو کەسانە پێکدێن کە بۆ مەبەستی کاری نایاسایی و نهێنی و تاوانکاری بەکاریدەهێنن. بۆیە پسپۆڕانی بواری دراوی دیجیتاڵی هۆشداری لە بەکارهێنانی دەدەن. هاوکات  لە بواری بازرگانی و کڕین و فرۆش بەدراوەکەوە شارەزایانی بوارەکە دەڵێن، نرخی بتکۆین بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبووەتەوە و ئەگەری هەیە هاوشێوەی گوڵی لالە لە چرکەیەکدا بەهاکەی لەدەستبدات.