سیستمی ئه‌سیكۆدا سیستمێكی جیهانییه و له زیاتر له 100 وڵاتی جیهان جێبه‌جێده‌كرێت بۆ رێكخستنی گومرگ و خاڵه سنورییه‌كان، جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه‌ش چوار ساڵه له عێراق وه‌ك بڕیار هه‌یه و به‌شێوه‌یه‌كی سنوردار به‌كارهاتووه، به‌ڵام له سه‌ره‌تای مانگی شوباته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر ده‌ست به جێبه‌جێكردنی كراوه.
به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه بۆ عێراق تاڕاده‌یه‌ك نوێ نییه، له تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023ـه‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداد به‌كاردێت، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به‌راورد به ساڵی پێش خۆی 28% له داهاتی عێراق زیادیكرد، له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2024یش له نۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گومرگی وڵاته‌كه كه 81%ـی بازرگانی عێراق پێكده‌هێنێت به‌كارهاتووه و له‌و ماوه‌یه‌شدا داهاته گومرگییه‌كانی عێراق 128% زیادیكردووه.
ئه‌و ده‌روازانه‌ی له ساڵی 2024ـه‌وه ئه‌م سیستمه‌یان تێدا به‌كارهاتووه، ده‌روازه‌ی سنووری عێراق له‌گه‌ڵ كوه‌یت و ئه‌رده‌ن و سعودیه و به‌نده‌ری ئوم قه‌سری گرتووه‌ته‌وه كه دەروازەیەکی سه‌ره‌كیی عێراقه بۆ وڵاتانی كه‌نداو.
ده‌سته‌ی گشتی گومرگی عێراق ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه كه به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه له فڕۆكه‌خانه‌ی وڵاته‌كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا داهاتی 100% به‌رزكردووه‌ته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه كه ئه‌م سیستمه پرۆسه‌ی وردبینی خێرا ده‌كات و توانای ده‌ستكاری و ده‌ستوه‌ردانی كارمه‌ندانی نه‌هێشتووه و رێگریی له گه‌نده‌ڵیش كردووه، به‌م هه‌نگاوه داهاتی عێراق له ساڵی 2025 گه‌یشتووه‌ته 2.2 ترلیۆن دینار كه ئه‌م رێژه‌یه پێشتر بۆ عێراق نزیك بووه له ئه‌سته‌م.
به‌كارهێنانی گشتگیری ئه‌م سیستمه به‌هۆی كێشه سیاسی و ئابورییه‌كان و ناكۆكییه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی دواكه‌وت، تا 7ـی شوباتی ساڵی 2025 كه عێراق بڕیاریدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر ئه‌م سیستمه جێبه‌جێ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌دان بارهه‌ڵگر له خاڵه سنورییه‌كان و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه گلۆپی سوری لای هاوڵاتییان داگیرساند، ترس له گرانبوونی نرخی شمه‌ك و كاڵا و پێداویستییه‌كانی رۆژانه به‌هۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه‌وه بووه مشتومڕی ناو خه‌ڵك و میدیاكان، به‌ڵام له راستییدا كێشه‌كانی ئه‌م سیستمه بۆ عێراق ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌نگاوی دروست بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌نرێت چه‌ند ره‌هه‌ندێكی جیاواز ده‌گرێته‌وه.
هەرچەندە ئه‌سیكۆدا هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كاری و خۆدزینه‌وه له باج، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م شێوازی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی عێراق رێكنه‌خرێت كێشه‌ی گه‌وره له‌نێوان حكومه‌ت و بازرگانان دروستده‌كات، له‌نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێته ناكۆكییه‌كی دیكه.
ئه‌م سیستمه ته‌نها گۆڕینی ئاڵوگۆڕه‌كان نییه له كاغه‌زه‌وه بۆ ئه‌لیكترۆنی، ئه‌گه‌ر سیستمه‌كه وه‌ك خۆی و بێكێشه جێبەجێبکریت، دەکریت چه‌ند سودێكی هه‌بێت، له كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتی مامه‌ڵه‌كان و زیادبوونی داهات تا به‌ده‌ستخستنی داتای راست و ورد كه ده‌كرێت له داڕشتنه‌وه‌ی پلانی ئابووریدا سودی گه‌وره‌ی لێ وەربگیرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و حزب و قۆرخكاری به‌رده‌وام بێت له عێراق، ئەو کات لەبری چارەسەر گرفتی زۆرتر دروست ده‌كات.
ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاتنه‌ناو ئه‌م سیستمه ده‌بێته كێشه‌یه‌كی دیكه بۆ عێراق، چونكه به‌مشێوه‌یه ده‌روازه سنورییه‌كان به‌پێی ویستی عێراق یه‌كناخرێن و گرانی له نرخی شتومه‌كه‌كان به‌هۆی دووباره وه‌رگرتنی گومرگه‌وه زیاد ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه به‌شێك له بازرگانان رێڕه‌وی باره‌كانیان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕن، چونكه تێچووه‌كانیان كه‌متر ده‌بێت له‌وڕێیه‌وه.
به كوورتی سیستمی ئه‌سیكۆدا (Automated System for Customs Data).سیستمێكی ئه‌لیكترۆنیی جیهانی پێشكه‌وتووه، له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ بازرگانی و گه‌شه‌پێدان (ئۆنكتاد) دروستكراوه به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردن و ئاسانكردنی بازرگانیی نێوه‌ده‌وڵه‌تی و سیستمی گومرگ.
ئامانجی ئه‌م سیستمه له جیهاندا:
-ئاسانكاری و یه‌كخستنی رێكاره گومرگییه‌كانه له ده‌روازه سنورییه‌كان
- پرۆسه‌ی بازرگانی خێراتر ده‌كات و داتای ورد و راسته‌قینه‌ی جوڵه بازرگانییه‌كان ده‌ستده‌خات
- رێگه له ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ ده‌گرێت له ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌كاندا
-گه‌نده‌ڵی و سپیكردنه‌وه‌ی پاره و ساخته‌كاری تا راده‌یه‌كی زۆر كۆنتڕۆڵ ده‌كات
-یه‌كگرتنی له‌گه‌ڵ سیستمه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك بانك
ئه‌م خاڵانه‌ی كه ئاماژه‌مان پێداون، سه‌رجه‌میان ئه‌رێنین و ده‌كرێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئابوریی هه‌ر وڵاتێك سودێكی زۆری هه‌بێت، به‌ڵام له عێراق ئه‌گه‌ر هه‌یه ده‌رگا بۆ چه‌ندین كێشه‌ی جیاواز بكاته‌وه كه له هه‌ندێكیان پێده‌چێت هاوڵاتییان زه‌ره‌رمه‌ندبن و له هه‌ندێك باری دیكه‌دا بازرگانه بچووكه‌كان، چونكه له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌م سیستمه ناڕه‌زایه‌تیی بازرگانان و هاوڵاتییان و دوكانداران سه‌ریهه‌ڵدا.
هەرچەندە لەئێستادا بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەڵام لەبنەڕەتدا عێراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت خراپبوونی دۆخی ئابورییه‌وه په‌نای بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه برد وه‌ك هه‌وڵێك بۆ زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، لەبەرامبەردا به‌هۆی نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و فره‌حزبی و ده‌ستڕۆشتوویی به‌شێك له حزبه‌كانی عێراق له ده‌روازه سنورییه‌كان، وایكرد ئه‌و ترسه دروستببێت كه ئه‌م سیستمه ته‌نها بۆ بازرگانه بێ پشتوپه‌ناكان جێبه‌جێ بكرێت و بازرگانه گه‌وره‌كانی سه‌ر به حزب، رێگه‌ی دیكه‌یان به‌ڕودا بكرێته‌وه و به‌مه‌ش قۆرخكاری بازاڕ له‌لایه‌ک و زه‌ره‌رمه‌ندبوونی هه‌زاران بازرگانی دیكه‌ی له‌لایه‌كی دیكه‌وه لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م سیستمه ته‌نها رێگه‌یه‌كی دیجیتاڵییه بۆ تۆماركردن، ناتوانێت رێگریی له‌و رێككه‌وتنه سیاسییه ژێر به‌ژێرانه بكات كه له‌لایه‌ن حیزبه‌كانی عێراقه‌وه ئه‌نجام دەدرێن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌م سیستمه و خۆدزینه‌وه له باج و گومرگ.
پێشتر پشت به سیستمی هه‌ژماركردنی تاك بۆ هه‌ر بابه‌تێك کە ده‌هاته ده‌روازه سنورییه‌كان ده‌به‌سترا، به‌وشێوه‌یه هه‌ر كاڵایه‌ك به‌ته‌نها گومرگ ده‌كرا، به‌پێی ئه‌م سیستمه نوێیه‌ی ئه‌سیكۆدا رێكاره‌كان جیاوازه، هه‌ر بابه‌تێك باجی دیاریكراوی هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و كۆده‌ی (HS) هه‌یه‌تی، باج له 5% ده‌ستپێده‌كات كه كه‌مترین بڕه و دواتر به‌گوێره‌ی كاڵاكان و شێوه‌ی به‌كارهێنانیان كه ئایا پێداویستی سه‌ره‌كییه یان جوانكاری ده‌گۆڕێت.
بۆ نموونه؛ باج له‌سه‌ر كه‌ره‌سته و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان 5% بۆ 10%یه، به‌ڵام بۆ پێداویستییه جوانكارییه‌كان ئه‌م رێژه‌یه بۆ 20% تا 30% به‌رزده‌بێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی دیكه؛ ئه‌گه‌ر له رابردوودا بارێك بهاتایه‌ته ده‌روازه‌كانی عێراق بڕی باره‌كه‌ی ملیۆنێك دۆلار بوایه له سێ تا 4 ملیۆن و 800 هه‌زار دیناری لێوه‌رده‌گیرا، به‌ڵام به‌م سیستمه ئه‌و نرخه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ 40 ملیۆن دینار.
به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌م رێژه‌یه له باج، به‌شێكی زۆر له بازرگانه‌كان دووچاری شۆكێكی گه‌وره بوون له تێچووی هاورده‌كانیان به‌م هۆیه‌وه له‌سه‌ره‌تای جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه‌دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی له ده‌روازه‌ی ته‌ریبیل له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌ن به‌ڕێژه‌ی 15% كه‌مبوه‌وه و به‌شێكی زۆری بازرگانه‌كان كاڵا و باره‌كانیان گه‌یانده ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌م شۆكه گه‌وره‌یه‌ی ئێستا عێراق به‌خۆیه‌وه بینیوه ده‌كرا به چه‌ند هه‌نگاوێك رێگه‌ی لێبگیرێت:
-ده‌كرا پێش ئه‌وه‌ی له ته‌واوی رێكاره‌كان به‌یه‌كه‌وه جێبه‌جێ بكرانایه، سه‌ره‌تا له‌و كاڵایانه‌وه ده‌ستپێبكرایه كه نرخیان به‌رزه و دواتر به‌شێوه‌یه‌كی هێواش كاڵاكانی دیكه‌ی بگرتایه‌ته‌وه.
-ده‌بو سه‌ره‌تا چاو به رێژه‌ی باجی هه‌ندێك له كاڵاكان بخشێنرایه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كاڵا و كه‌لوپه‌له ئه‌لیكترۆنییه‌كان و ئه‌و رێژه دیاریكراوه‌ی بۆ دانه‌نرایه چونكه به‌شێكی زۆری ئه‌و كاڵایانه له‌ناوخۆدا به‌رهه‌م ناهێنرێن.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا له جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه له عێراق روویداوه جێی دڵخۆشی به‌شێك له بازرگانه‌كان نییه، سه‌دان هه‌زار بارهه‌ڵگر له ده‌روازه‌كان به باره‌كانیانه‌وه ئاماده‌نین بێنه عێراق و وه‌ستان و جوڵه‌ی بازرگانی به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك لاواز بوو، به‌شێكی زۆری بازرگانه‌كانیش به‌یه‌كجاری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان جێهێشتووه و روویان له وڵاتانی دیكه‌ی دراوسێ كردووه بۆ درێژه‌دان به كاره‌كانیان، ئه‌م ئاماژانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه پێده‌چێت عێراق له‌بری ئه‌وه‌ی داهاته‌كانی زیاد بكات، به‌یه‌كجاری سیستمی ئابوری وڵاته‌كه‌ی وێران بكات.
جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه له هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بێت؟
سیستمی باجی یه‌كگرتوو هه‌نگاوێكی دیاری سیستمی ئه‌سیكۆدایه، بۆ یه‌كخستنی سیاسه‌تی گومرگی له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم؛ حكومه‌تی عێراق پێشتر داوای له هه‌رێمی كوردستان كردووه هه‌مان سیستمی باج په‌یڕه‌و بكات له ده‌روازه سنورییه‌كانی وه‌ك مه‌رجێك بۆ زیادكردنی هه‌رێم له سیستمی ئه‌سیكۆدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2026ـی دانابوو هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای داراییشی له ئه‌گه‌ری جێبه‌جێنه‌كردنیدا له هه‌رێمی كوردستان كرد.
به جێبه‌جێكردنی سیستمی ئه‌سیكۆدا، كاری ته‌واوی ده‌روازه سنورییه‌كان یه‌كده‌خرێن، هه‌رێمی كوردستان پێناچێت ره‌زامه‌ند بێت به جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه به جۆرێك له ده‌ستوه‌ردانی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌یبینێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م سیستمه له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت، راسته‌وخۆ له‌ڕێی سێرڤه‌ره ناوه‌ندییه‌كانییه‌وه ده‌زانرێت هه‌ر چركه‌یه‌ك چه‌ند بار هاتووه و چه‌ند داهات كۆكراوه‌ته‌وه، به‌مه‌ش فشاره‌كان بۆ راده‌ستكردنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ عێراق زیاد ده‌كات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م سیستمه له ده‌روازه‌كانی ئیبراهیم خه‌لیل و باشماخ و په‌روێزخان جێبه‌جێ بكرێت، چیتر هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ده‌روازه‌كانییدا نامێنێت و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێشی نه‌كات، دوباره وه‌رگرتنه‌وه‌ی گومرگ له بازرگانه‌كان به بیانوی نه‌بونی سیستمی ئه‌سیكۆدا له هه‌رێمی كوردستان، نرخی كه‌لوپه‌ل و كاڵا و پێداویستییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزده‌كاته‌وه و ده‌بێته بارگرانییه‌كی دیكه بۆسه‌ر ژیانی هاوڵاتییان.
لای خۆیانه‌وه هه‌ریه‌كه له بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ئه‌م سیستمه نه‌بێت، ده‌روازه سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له پلاتفۆرمه داراییه‌كانی دورده‌خاته‌وه، به‌مه‌ش بازرگانه‌كان ناتوانن دۆلار به نرخی فه‌رمی وه‌ربگرن یاخود ئاڵوگۆڕی پاره بكه‌ن.
جێبه‌جێكردن یان نه‌كردنی ئه‌م سیستمه له هه‌رێمی كوردستان چه‌ند لایه‌نێك له‌خۆ ده‌گرێت، بریارێك نییه به ساده‌یی بدرێت، نه‌بیل مه‌رسومی، شاره‌زای ئابوری به میدیا عێراقییه‌كانی وتووه: ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندبێت به‌م سیستمه ئه‌وا ناردنی داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ عێراق له 120 ملیار دیناره‌وه به‌رزده‌بێته‌وه بۆ 200 ملیار دینار.
ده‌سته‌ی گومرگی فیدراڵی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته لێكتێگه‌یشتنێك بۆ جێبه‌جێكردنی سیستمی ئه‌سیكۆدا له ده‌روازه سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی زانیاریه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌روازه سنورییه‌كانی عێراق، شه‌ش ده‌روازه‌ی فه‌رمی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه دانیان پێدانراوه، به‌ڵام زیاتر له 20 ده‌روازه‌ی نافه‌رمی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران و سوریا بوونیان هه‌یه.