پارێزگای سلێمانی یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی خێرا و بەرچاوی لە بوارە جیاوازەکاندا بینیوە. ئەم گەشەیە بە تایبەتی لەڕووی دانیشتووان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا بەڕوونی دەردەکەوێت. 

ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی بەپێی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لە ساڵی (1991)دا 951 هه‌زار و حەوسەدو 720 کەس بووە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بەپێی سەرژمێری فەرمی ساڵی 2024، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 401 هەزار و 724 كه‌س کە ئەمەش نیشانەی گەشەیەکی خێرا و بەردەوامی پارێزگاکەیە. 

زیادبوونی دانیشتووان لە سلێمانی تەنها ژمارەیەکی ئاماریى نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان، بە تایبەتی سیستمی تەندروستی، کاتێک دانیشتوان زیاد دەبێت، داواکاريى بۆ نەخۆشخانە، پزیشک، و خزمەتگوزارییەکانیش زیاد دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی فشار لەسەر دامەزراوە حکومییەکان.

لە پارێزگای سلێمانی، سیستمی تەندروستی  بۆ  دوو بەشی سەرەکی دابەش دەکرێت: نەخۆشخانە حکومییەکان و نەخۆشخانە تایبەتەکان. نەخۆشخانە حکومییەکان وەک نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی، نەخۆشخانەی  هیوا بۆ شێرپەنجە، نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی منداڵان، و نەخۆشخانەی منداڵبوون، کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشکەشی چارەخوازان دەکەن بە نرخێکی کەم یان خۆڕایی.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم نەخۆشخانانە زۆرجار ڕووبەڕووی کێشەی زۆريى نەخۆش و کەمبوونی پێداویستییە گرنگەکانی چارەسەرکردن دەبنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی هاوڵاتيیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست روو لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی وەرگرتنی چارەسەر و بینینی پزیشکی پسپۆڕ دەکەن و خزمەتگوزاری لە ئاستی پێویستدا نیییە یاخود کەمە، هەندێک لە چارەخوازان روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن کە ئەمەش بەهۆی گرانی نرخی پێداویستییەکان لەو نەخۆشخانانە بارگرانیەکی قوس لەسەر چارەخوازان و خێزانەکانیان دروست دەکات.

لە لایەکی ترەوە، نەخۆشخانە تایبەتەکان وەک شاری پزیشکی فاروق،نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، نەخۆشخانەی ڕۆیال، نەخۆشخانەی ژین، و نەخۆشخانەی ئاسیا، نەخۆشخانەی هەرێم، نەخۆشخانەی بەخشین، تاوەری تەندروستی سمارت، تەلاری پزیشکی هاوڵاتی چەندانی تر، کە خزمەتگوزاری پزیشکی  پێشکەش دەکەن. زۆربەیان بە تەکنەلۆژیای نوێ و پزیشکی پسپۆڕ کار دەکەن، بەڵام نرخیان بەرزە و هەموو هاوڵاتیان ناتوانن سوودیان لێببینن.

بەپێی ئامارەکان، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 60 نەخۆشخانەی جۆراوجۆر کە زۆرینەی خزمەتگوزارییەکان و نەشتەرگەری و بەشی فریاکەوتن و پزیشکی پسپۆڕ تێدا بونی هەیە، کە تێکەڵەی حکومی و تایبەتن. ئەم ژمارەیە نیشانی دەدات کە بەشی تایبەت بە شێوەیەکی خێرا گەشە دەکات، حکومییەکان ئەرکێکی زۆریان لەسەرە.

زیادبوونی دانیشتوان و شارنشینی بووە هۆی زیادبوونی کێشەی تەندروستی و سیستەمەکە پێویستی بە چاکسازی هەیە. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی زۆرجار باس لەوە دەکەن کە پێویستە وەبەرهێنان زیاتر بکرێت لە بواری نەخۆشخانە حکومییەکاندا.

ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلی و حکومییەکانیش گۆڕانکاری گەورەی بەسەرداهاتووە، بە جۆرێک نەخۆشخانەکان هاوتای ژمارەی دانیشتوان زیادیانکردووە، نەخۆشخانەی ئەهلی لە ساڵی 1991 تەنها یەک نەخۆشخانە هەبووە، بەڵام لە ئێستادا نزیکە 20 نەخۆشخانە و تاوەر و کۆمەڵگەی پزیشکی تایبەت لە شارەکەدا بونی هەیە،  ژمارەی نەخۆشخانە حکومییەکانیش بە شێوەی بەرچاو روویان لە زیادبوون کردووە، بەشێوەیەک سێ هێندەی ساڵی 1991 ژمارەیان زیادبووە، بەڵام لە رووی کوالیتی و خزمەتکردنی سەردانیکەران لاوازن و بەردەوام لە لایەن هاوڵاتیيان و چارەخوازانەوە رەخنەیان لێدەگیرێت.

بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و رووبەڕووبونەوەی کێشە تەندروستییەکان وڵاتان چەند پێوەرێکی نێودەوڵەتییان دیاریکردووە، پێوەری ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ رێکخستنی نێوان ژمارەی پزیشک، نەخۆشخانە و دانیشتوان بووە بە مەرجێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی.

بەپێی ڕێنماییەکان (WHO)، کەمترین ئاستی پێویست بۆ ژمارەی پزیشک و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى بریتییە لە بوونی 2.5 كارمه‌ندى ته‌ندروستى بۆ هه‌ر هەزار هاوڵاتييه‌ك. ئەم پێوەرە بە شێوەیەکی گشتی وەک بنەمایەک بەکاردێت بۆ دیاریکردنی توانای سیستەمی تەندروستی، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەم رێژەیە زۆرجار زیاترە و دەگاتە نزيكه‌ى چوار پزیشک و كارمه‌ندى ته‌ندروستى بۆ هەر هەزار کەسێک.

لە هەمان کاتدا، پێوەرێکی گشتی بۆ ژمارەی نەخۆشخانەکانیش هەیە کە پێشنیار دەکات، یەک نەخۆشخانە بۆ 50 هەزار تا 100 هەزار دانیشتوو هەبێت، بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی گشتی جێگیر نییە و دەگۆرێت بە پێی پێویستی ناوچەکان و شێوازی رێکخستنی سیستەمی تەندروستی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی رەنگە تارادەیەک نەخۆشخانەکان بە تایبەت و حکومییەوە رێژەکە پێویست بێت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتيیان.

بەپێی داتاکانی بڵاوکراوە لە شاری سلێمانی بۆ هەزار نە خۆشێک یەک پزیشک بوونی هەیە، بەڵام لەبەشێک  لەوڵاتانی دیکە رێژەکە بەرز تر بەجۆرێک 4 پزیشک بۆ هه‌زار نەخۆشێکە. هاوکات بەهۆی دابەشبوونی جوگرافیەوە لە 70% خزمەتگوزارییە تەندروسیە پسپۆڕییەکان دەکەونە ناو شاری سلێمانیەوە.

لاوازی کەرتی تەندروستی گشتی و حکومی بارگرانی لەسەر باری ئابووری لای هاوڵاتیيان دروستکردووە، بەجۆرێک بۆ هەر نەشتەرگەرییەکی سادە لەنێوان هه‌زار بۆ پێنج هەزار دۆلار لەسەر گیرفانی هاوڵاتيى دەکەوێت ئەمەش بەراورد بە داهاتی ساڵانەی تاک لە هەرێم رێژەیەکی بەرزە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە هاوڵاتیيان رەخنەی ئەوە لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی گشتی دەگرن، کە نرخەکانیان بەرزکردووەتەوە، بەتایبەت لە  پشکنینی خوێن و کاتی نەشتەرگەری، بەجۆرێک نرخی بەشێک لە نەشتەرگەرییەکان نزیکە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، ئەمەش هەندێ جار هاوڵاتی ناچار دەکات لەبری نەخۆشخانە حکومییەکان بچنە نەخۆشخانە تایبەتەکان.

شارەزایان و پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە، دابەشبوونی خزمەتگوزاری زۆر گرنگە؛ چونکە زۆرجار شارە گەورەکان پزیشک و نەخۆشخانەی زیاتری تێدایە، لە کاتێکدا قەزا و ناحیە و گوندەکان کەمتر خزمەتگوزارییە گرنگەکانیان تێدایە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست روو لە شارەکان دەکەن. هەروەها جۆری پسپۆڕی و کوالیتی خزمەتگوزاری، وەک بوونی پزیشکی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی ، رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە باشترکردنی سیستەمەکە.

بە گشتی، پارێزگای سلێمانی لە نێوان گەشە و کێشەدایە. لە لایەکەوە گەشەی دانیشتوان بەریژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لە لایەکی ترەوە، کێشەی زیادبوونی ژمارەی چارەخوازان، ئەمەش فشاری لەسەر نەخۆشخانە حکومییەکان دروست کردووە. پرسە گرنگەکە ئەوەیە بەو جیاوازییە بەر دیارەی هەیە لە رووی گرانی نرخ و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان، تا چەند هاوڵاتیيان پشت بە نەخۆشخانە تایبەتییەکان دەبەستن لە پاڵ نەخۆشخانە حکومییەکان.