سوپای پاسداران دەسەڵاتداری راستەقینەی ئێرانی پاش ساڵی 1997 و شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانه، ئێستا كه رێككهوتنى نێوان ئهمريكا و ئێران له ههر كات نزيكتره له واژۆ كردن پاسداران نیگەرانە لێى. بەشێکی نیگەرانیی و ناڕازیبوونی لەو رێککەوتنە بۆ شێوازی حوکمڕانی داهاتووی ئێران دەگەڕێتەوە، ئەگەر مەرجەکانی ئەمریکا بسەپێندرێت، دەسەڵاتی رەهای سوپاكه کەمدەبێتەوە.
جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2026، گۆڕانکاريى زۆری لە ناوچەکە خوڵقاند. ئێستا ر ێککەوتن لە هەموو کات نزیکترە، خۆپیشاندان لە تاران ئەنجامدەدرێت و دروشم دژی رێککەوتن دەوترێتەوە. لەبەرامبەردا ئەمریکا لەسەر زاری دۆناڵد ترەمپەوە گەیشتن بە کۆتایی هاتنی جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغیکی نوێ باسدەکات.
سوپای پاسداران کە دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر جومگە سەرەکەییەکانی دەسەڵات لە ئێران هەیە، لە بوارەکانی سەربازی، پەیوەندی دەرەوە، ئابوری و میدیا متمانەی بە ئەمریکا نییە و پێیوایە هاوشێوەی خولی یەکەمی سهرۆكايهتيى ترمپ، وێڕای نزیکبونەوە و ئەنجامدانی رێککەوتن، لە کۆتا چرکەدا ئەمریکا دەکشێتەوە و بەندەکانی ئەو رێکەوتنەش جێبەجێ ناکرێت.
سەرەکیترین بەندەکانی رێککەوتن
کردنەوەی گەرووی هورمز
وەستاندنی جەنگ لەهەموو بەرەکان
دانوستانی ئەتۆمی لەماوەی 60 رۆژی داهاتوو
هەڵگرتنی بەشێکی سزاکانی سەر ئێران
ئازادکردنی بەشێک لەپارە بلۆککراوەکان
ئەگەرچی ناکۆکی سەرەکی نێوان ئەمریکا و ئێران پرسی ئەتۆمییە، بەڵام ئەم رێککەوتنەی بڕیارە واژۆ بکرێت، ئەو پرسەی سپاردوە بە ئایندەیەکی نادیار، بەجۆرێک لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا شاندی باڵای هەردوو وڵات لەسەر ئەو بابەتە وتووێژی زیاتر بکەن. ترەمپ دەڵێت: نابێت ئێران ببێت بەخاوەنی چەکی ئەتۆم و ئێرانیش دەڵێت: مافی خۆمانە خاوەنی ئەو چەکە ستراتیجییە گرنگە بین.
لێدوانە دژ بەیەکەکانی ترەمپ لەبارەی جەنگی ئێران جێی سەرنجی میدیا جیهانیەکان بوو. بەجۆرێک بەفەرمی رایدەگهیاند؛ ئەمشەو ئێران وێران دەکەین و جەهەننەمیان پیشاندەدەین، پاش چەند کاتژمێرێک رایدەگهیاند؛ لەگەڵ ئێران رێکدەکەوین و لە نزیکترین کاتدا جێگرەکەم دەنێرم و کۆدەبینەوە، بۆیە لەئێستادا گومان لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت و تا ئەوکاتەی رێکەوتنەکە بەفەرمی واژوو نەکرێت.ئەگەری جەنگ و ئاشتی وەکو یەکن.
هەرچی ناوخۆی ئێرانە لەبارەی ئەم رێکكەوتنەوە دابەشبونێک هەستی پێدەکرێت. بەتایبەت باڵی موحافیزکار و سوپای پاسداران. خۆپێشاندانەکانی تاران و لێدوان دژی وەزیری دەرەوی وڵاتەکەیان و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەو گریمانەیە دەهێنێتە ئاراوە، ئەمە دابەشکردنی رۆڵه و لە دانوستان و تەکنیکی گفتوگۆی درێژ مەودا شارەزاییەکی زۆری هەیە و دهكرێن ئهمانه وهك جوڵهيهك بهكاربهێنێت.
سوپای پاسداران بەم خۆپیشاندانانەی تاران دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، ئێمە نیگەرانین و رازی نین لەم رێكکەوتنە، بەم نمایشە دڵی ئەو لایەنگرانە رازیدەکات کە موحافیزکارن و پێیان دەڵیت: هیشتا لە ئێران دەنگێک ماوەی دژی ئەمریکا بێت. لەهەمانکاتدا ئەو پەیامە بۆ ئەمریکا دەنێرێت کە رێککەوتنکە لەبەرژەوەندی ئێراندا نییە، بەڵام کەس نازانیت پەیامی شاراوەی راستەقینەی پشت ئەم جوڵانە چییە، مەگەر ئەو لایەن و دەستە نهێنی و شاراوە بێت کە خۆێ نەخشەکەی کێشاوە و لە داهاتوودا ئامانجەکانی دەردەکەوێت.
سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زۆرترین زیانی بەرکەوت، لە لێدان لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کوشتنی سەرکردە و فەرماندەکان. لێدان لە بەرژەوەندییە ئابورییەکان گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە و لە ئێستادا دەیەویت لە ئەگەری رێککەوتندا هاوشێوەی زیانەکان؛ بتوانێت قەرەبوو بکرێتەوە بەتایبەت لەبابەتی پارە بلۆککراوەکاندا.
سوپای پاسداران بەجۆرێک دەسەڵاتەکانی فراوانە، جگە لە کۆنترۆڵکردنی بواری سەربازی لە ناوخۆی ئێران و پرسی موشەکی، سنور، بواری ئاسمانی و سیستەمی بەرگری، رۆڵی بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە و ئەو گفتوگۆیانەی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکە ئەنجامیدەدات. کارتەکانی فشار بەئاسانی دەتوانێت لەناوخۆ بەکار بهێنێت بۆئەوەی مەرجەکانی و داواکارییەکانی لە رێکەوتنەکاندا جێبکاتەوە.
ئاژانسی میهر نیوزی ئێرانی راپۆرتێکی لەبارە خاڵەکانی رێكکەوتن بڵاوکردووەتەوە، باس لەوەدەکات ئێران داوای ئازادکردنی 300 ملیار دۆلاری بلۆککراوی وڵاتەکەی دەکات، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی راپۆرتە میدیاییەکان تویتێکی کردووە و دەڵێت: دوورن لە راستییەوە. بەڵام ئێران دەیەوێت لە داهاتوودا بڕێک لە پارە بلۆککراوەکانی بۆ بگهڕێنرێتەوە و بتوانیت ئابووریەکەی ببوژێنێتەوە.
ئیسرائیل لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟
ئەگەرچی سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بوو، ئیسرائیل لە بەرەبەیانی 28ـی شوبات هێرشی دەستپێکرد و رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندەی ئەو وڵاتەی کوشت، بەڵام دواتر ئەمریکا هاتەناو جەنگەکەوە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەی بۆردومان کرد.
پاش هاتنە ناوەوەی ئەمریکا سنوری جەنگەکە فراوانبوو؛ جگە لە ئێران و ئیسرائیل ئاگری شەڕەکە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت کەنداوی گرتەوە، ئەمەش راستەوخۆ بەرژەوەندی ئەمریکای کردە ئامانج کە وڵاتانی کەنداوە. بۆیە لەو کاتەوە زیاتر باس لە ئەمریکا و ئێران دەکرێت نەک ئیسرائیل و ئێران.
دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل لهماوەی 40 ساڵی رابردوودا لەلایەن ئێرانییەکانەوە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. بۆیە ئیسرائیل نیگەرانی خۆی لەم رێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و ئێران ناشارێتەوە. جگە لە راگرتنی جەنگ لە سنوری لوبنان کە پەیوەندی بە ئیسرائیل هەیە، کەمترین باسکردنی ئیسرائیل لەم رێكکەوتنە دەکرێت ئەمەش ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێکەوتوهتەوە.
یائیر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رەخنەی توند لە رێكکەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگرێت و پێیوایە ئیسرائیل ئامانجەکانی لەم جەنگەدا نەپێکاوە. هێرشی توند دەکاتە سەر بنیامین نەتهنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دەڵێت: بەهۆی ئەم جەنگەوە، ئیسرائیل بووە بە وڵاتێکی پاشکۆ، ئاسایشی وڵاتەکەی خۆی و بڕیارەکان لەو بارەیەوە لەدەست وڵاتێکی دیکەدایە.
ئیسرائیل خواست و داواکارییەکانی تەواو جیاوازە لە ئەو داواکارییانەی ئەمریکا لە ئێران هەیەتی، ئیسرائیل دەیەوێت رژێمی و سیستەمی حوکمڕانی لە ئێڕان لەناو ببات و بیگۆڕێت. بەڵام وادیار ئەمریکا دژی ئەم ستراتیجیە و بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە هەیە. ئەمریکا وا دیارە نایەوێت کۆتایی بە یارییەک بهێنێت کە 40 ساڵە لە ناوچەکە بەردەوامە، وەکو ئەوەی هەمیشە ئەمریکا کۆتایی بە ناکۆکییەکان ناهێنیت، بەڵکو ئیدارەی ململانێ و ناکۆکییەکان دەکات.
ئێران سیستەمێکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنی هەیە، لەناوخۆدا چەندین هێزی سەربازی هاوشێوەی سوپای پاسداران، ئەرتەش، بەسیج، خۆبەخشەکان، بوونی هەیە، لەسەر ئاستی سیاسیش بەردەوام باس لە بوونی دوو ئاڕاستەی سیاسی و جیاواز دەکرێت، ئەوانیش ریفۆرمخواز و موحافیزکارەکانە، بەڵام کاتێک قسە لە سەر چارەنووسی ئێران وەکو شارستانیەت گەلی ئێران دەکرێت، ئەوکات هەموو دەنگە جیاوازەکان لەیەک نزیک دەبنەوە، ئەوەی بڕیاری کۆتایی دەدات ئەو لایەنەیە چەک و ئابووری و هێزی دانوستاندنی لەدەستدایە، بڕیارێک دەدەن هەموو ئەگەرە جیاوازەکان خوێندنەوەی بۆکرابێت و لەداهاتوودا ئەگەر جارێکی دیکە جەنگ رووبداتەوە ئێران بتوانێت بەرگری بکات و بەئاسانی خۆبەدەستەوە نەدات.