رێککەوتنامەی ئیبراهیم، وەک سەرەتای پڕۆژەکە:
رێككەوتننامەكانی ئیبراهیم کۆمەڵێک رێکكەوتننامەی دیپلۆماسییە کە لە 2020 دا لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و موسڵمان واژۆ کرا. ئەو رێکكەوتننامانە بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەم وڵاتانە و ئیسرائیلی ئاسایی کردەوە، کە زۆربەیان لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی عەرەب - ئیسرائیلەوە دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نەنابوو یان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵدا نەبوو. رێکكەوتننامەكە سەرەتا لە 15ى ئابی 2020دا لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات راگەیەندرا، پاشان لە 15ی ئەیلولی 2020دا، رێکكەوتننامەکان بەفەرمی لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن واژۆ کران، دواتر بەحرەین چووە ناو ئەو رێکكەوتننامەیە و لە دواییشدا سوودان و مەغریب بەشدارییان کرد.
بیرۆکەی رێکكەوتننامەی ئیبراهیم، لە ناوەڕاستی ساڵی 2019دا کاتێک گەشەی کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی (دۆناڵد ترامپ) بە هاوکاریی (جارید کوشنەر) زاوای ترهمپ، "پلانی ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، یان "دەستەوارەی سەدە"ی خستەڕوو. ئەم پلانە بەشێکبوو لە ستراتیجیەتێکی فراوانتر بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نوێ لە ناوچەکەدا.
پێشووتر، لە ساڵانى 2018-2019دا، پەیوەندیی نهێنیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات، پەرەی سەندبوو. راپۆرت و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رێکكەوتننامەكە بەرهەمی چەندین ساڵ بزاڤی دیپلۆماسیی نهێنی بوون، بەتایبەت لەسەر دوو بابەتی سەرەکی چڕ ببوونەوە، یەکەمیان: مەترسیی هاوبەشی ئێران. دووەمیان: دەرفەتی هاوکاریی ئابووری و سەربازی و مرۆیی و تەکنەلۆجی.
هەر بۆیە پڕۆژەکە لەلایەن هەردوو حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییانەوە پشتگیری دەکرێت، سەرەڕای پێشوازیی سعوودییە و وڵاتانی کەنداو لە پڕۆژەکە.
رەهەندی ئابووری
بە گوێرەی توێژینەوەکان، رەهەندی ئابووری بنچینە و پاڵنەرێکی سەرەکیی رێکكەوتننامەكان بووە. لە یەکەم ساڵی دوای واژۆکردنی رێکكەوتننامەكان، بازرگانیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات گەیشتە نزیکەی (یەك ملیار) دۆلار. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 بازرگانیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی رێکكەوتننامەی ئیبراهیم ساڵانە بگاتە 10-12 ملیار دۆلار .
بوارەکانی هاوکاریی ئابووری بریتین لە:
- تەکنەلۆجیا و داهێنان
- گەشتیاری و گواستنەوە
- وزە و ئاو و ئاودێری
- تەندروستی و پەروەردە
- وەبەرهێنانی راستەوخۆ
رێککەوتننامەی ئیبراهیم و کاریگەرییەکانی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەنێوان گەورەترین گۆڕانکاریبە سیاسییەکانی ساڵانی رابردوو، رێککەوتننامەی ئیبراهیم خاڵی پێوانەیەکی گرنگە لە رێکخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ لەژێر چاودێریی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەدەچێت، هەوڵێکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی، وەک ئیمارات، بەحرەین، سعوودییە، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە زۆر لەوە فراوانترە و دەکرێت بەردەوام بێت و شێوازی کارلێکی سیاسی و ستراتیجی لە ناوچەکە بگۆڕێت.
هەرچەندە ترەمپ دەیەوێت نەخشەیەکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێت، بەڵام وا دەردەکەوێت "کێشەی فەڵەستین"هێشتا گەورەترین ئاڵنگاريى بێت لەبەردەم فراوانکردنی رێککەوتنی ئیبراهیم، هەر هەنگاوێکی تاران و واشنتۆنیش کاریگەريى راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و بازاڕی وزە دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، چەندین جار پشتیوانی خۆی دەربڕیووە بۆ فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئەبراهام یان رێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی، کە بە نێوەندگیریی خۆی واژۆ کرا .
●ئاڵنگارییەکانی بەردەم فراوانکردنی رێکكەوتنەکە و داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە
یەکەم، رایگشتیی. هەرچەند داتا وردەکانی راپرسیی لەم بارەیەوە کەمن، بەڵام دانیشتوانانی موسڵمانی ئەو ناوچەیە وەک شوێنەکانی تری جیهان دەرهەق بە شەڕی غەززە بێ متمانەتر بوون. تەنانەت رژێمە دیکتاتۆرەکانیش گرنگی بەو جۆرە نیگەرانیيانە دەدەن. لە کاتی دەسپێکردنی شەڕەوە، ئەو ر ەوتە تەنانەت لەناو ئەو وڵاتانەی کە واژۆکاری هەوەڵینی رێککەوتنەکە بوون وەک ئیمارات و بەحرەین بەهێزتر بووە و ئەگەری دامەزراندنی پەیوەندیی نوێی کەمکردووهتەوە. زیاتر وڵاتانی ناوچەکە لە بڕیارەکانی ئاگربەست لە غەززە بەردەوام پشتیوانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا وەک بەربەستێکی فهرمی خۆی دەنوێنێت، ئەوە نیشان دەدات کە حکومەتەکان گرنگی بە دەرئەنجامە ئاشکراکانی دەدەن.
دووەم، مەترسی لەسەر رێگا بازرگانییەکان. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەتوانێت رێگا بازرگانی و لۆجیستییەکانی ناوچەکە کە بە بەندەرەکانی ئێران وەک بەندەر عەباس و چابەهار دەبەسترێنەوە، بخاتە مەترسییەوە. گەمارۆ و گوشارە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ئەوەش ئێستا زنجیرە پارێزراوەکانی ناوچەکەی تێکداوە و ئەوانی ناچار کردووە رێگای گرانتر لەڕێی روسیا و چینەوە هەڵبژێرن. ئەم ئەزموونە بۆ ئەوان بەبیرهێنەرەوەیە کە چوونە پاڵ هەڵمەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران باجی ئابووری قورسی دەبێت.
سێیەم: فشاری روسیا و چین. هەرچەند هەردوو وڵات پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام فراوانکردنی رێککەوتننامەکانی ئەبراهام لەژێر رێبەرایهتی ئەمریکا بۆ تەنانەت ئاسیای ناوەڕاست و داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک دەستچوونێک بۆ ناو کایەی کاریگەری نەریتی ئەوان لێکدەدرێتەوە. مۆسکۆ و پەکین بە ئەگەری زۆرەوە بۆ سنووردارکردنی ئەو هاوکارییانە فشار دەکەن .
دەرئەنجام رێی تێدەچێت کە وڵاتانی ناوچەکە تەنها هاوکارییە کەم مەترسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل درێژە پێبدات، وەک تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی و راهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و لە هەنگاوی دیپلۆماسی گەورە خۆی بە دوور بگرێت.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە باشترین حاڵەتدا سەرکەوتنێکی رەمزیی بۆ واشنتۆن لەخۆ دەگرێت و لە خراپترین حاڵەتیشدا دابەزینی کاریگەريى ئەوان لە ئۆڕاسیا دەردەخات.
ستراتیجیی نوێی ترهمپ لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا و گواستنەوەی ئەرکی پاراستنی ئاسایش بۆسەر شانی هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکان بنیات نەنراوە. ئەمەش لەڕێگەی فراوانکردنی "رێککەوتنەکانی ئەبراهام" و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەهێز لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلدا جێبەجێدەکرێت. ئامانجی سەرەکی گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ تۆڕێکی هاوبەشی ئابووری، تەکنەلۆجی و ئەمنی، تاوەکو بەرەیەکی یەکگرتوو بێتە کایەوە کە بتوانێت بەبێ دەستوەردانی راستەوخۆی واشنتۆن، هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا رابگرێت.
●هەژموونی ئێران
ئێران بە دریژایی قۆناغە مێژووییەکان لە ئیمپراتۆریەتی (ئەخمینیەکان) تا دەگاتە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ساڵی (1979) چاوی لەسەر شارستانیەت و پێگەی جوگرافی و ئابووری عێراق بووە، جگە لە گرنگی لایەنی جیۆپۆلەتیکی عێراق بۆ ئیرانیيەکان گرنگترین مەزارگەی شیعەکانیش لە شاری نەجەفدایە ،حەوزەی نەجەف ناوەندێكی گرنگی زانستی شیعەی (12) ئیمامییە و هەزاران زانای ئاینی شیعە لەم ناوەندەدا خوێندنیان تەواو کردووە ، حەوزەی نەجەف مەزاری ئیمام عەلی تیدایە و حەوزەی قوومیش مەزاری فاتیمەی كچی ئیمام مووسای كازمی تیدایە لەگەڵئەوەشدا ئەم دوو حەوزەیە لە کێبڕکێدان لەڕووی زانستی شەرعی و مەرجەعیەتبونی رەهایان بۆ فەرمانڕەوایی شیعی لە تەواوی جیهاندا.
لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئێران وەک کاریگەرترین ئەکتەری دەرەکی له عێراقدا دەرکەوت ، راستە لەنێوان دانیشتوانی عێراق و ئێراندا پەیوەندیی هاوبەشی کهلتوريى و ئایینی هەیە کە ئێرانیەکان لەڕووی سیاسی، ئهمنی و ئابوورییەوە لە بەرژەوەندی خۆیاندا سودیان لێ بینیوە، بەڵام باڵا دەستی شیعە لە عێراق دوای رووخانی سەدام حسێن، ئێرانی كردە هێزێكی ئیقلیمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرچەندە (ئایەتوڵا عەلی سیستانی ) یەکێک بوو لەو کەسایەتيیە ئاینیانەی کە لە دوای سەدام نەیهێشت عێراق ببیتە دەوڵەتیکی ئاینی و توانی نێوماڵی شیعەکان لە عێراق بپارێزێت لە لێکترازان ، یەکەمین هەنگاوی ئێرانيیەکان لە پاڵ دەستوەردان لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا دروستکردنی کۆمەڵێک هێزی میلیشیای تائیفی - مەزهەبی بوو کە لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی دەکردن و لەڕووی سەربازییشەوە مەشق و راهینان و پڕچەکی دەکردن ، به نموونه؛ چەند ساڵێک دوای روخاندنی رژێمی بەعس، ئێران لەڕێگەی سوپای مەهدی و حیزبوڵا و ریکخراوی بەدرەوە پەلاماری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان دەدا، هەر زوو لایخۆیەوە “مایکڵ ئایزنشتات” ووتی : “دهرفهتێکی مێژوویی بۆ ئێرانيیەکان رەخساوە کە بتوانن دەستێوەردان لە کاروباری عێراقیيەکان بکەن و عێراق له دوژمنەوە بکەنە هاوبهش وهاوپهیمان “.
●ئێران، ئەزموون و هەژموون
سێ جەنگی گەورەی دەرەکی لە مێژووی ئێراندا هەیە، هەر سێ جەنگەکە ئەزموونی یەک لەدوای یەکترن بۆ ئێران، هەر ئەوەش وایکردووە، دوای دوو جەنگیان، ئێران هەژموونی زیاتر پەیدا بکات، سێیەم جەنگیش وامانپێدەڵێت، هەم ئەزموونە بۆ ئێران و هەم دەبێتە مایەی هەژموونی زیاتری ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.
پهرچهكرداری ئێران له ناوچهكه زیاتر له عێراق دهردهكهوێت وهك له وڵاتێكی تر. عێراق، ههم زۆرینهی خهڵكهكهی شیعهن، ههم سیستمه سیاسییهكهی و ئهو هێزانهی پێكهێنهری كابینهكهی حكومهتن، به تایبهت شیعهكان، دۆست و له ئێرانهوه نزیكن. تاران لاوازی بهغدا و دۆستایهتی شیعهكانی وهك كارتێك بهكاردههێنێت بۆ ئهوهی لهڕێگهیهوه شكستهكانی له ناوچهكانی تری رۆژههڵاتی ناوهڕاست هاوسهنگ بكات.
باشترین چهك كه بهدهست ئێرانهوه بێت بۆ ئهم سیاسهته گرووپه شیعهكانن. بهڵام ئهمهش ئهگهر له ههندێك حاڵهتدا سوودی به ئێران گهیاندبێت ئهوا لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی ئهو گرووپانه زیانی گهورهیان كردووه بهتایبهت كه ههندێك لهم گرووپانه له لیستی تیرۆری ئهمریكادان .
ئەو یارییەی ئێران دەیکات بەرامبەر ئەمریکا لە ناوچەکە هیچ کاریگەريى نابێت تا ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە بکات لە عێراقدا ئەگەر لای شیعەکان دەرچوونی ئەمریکا تەنها کاریان بێت بۆ رازیکردنی ئێران، ئەمریکا دەیان هۆکاری گرنگی هەیە بۆ مانەوە لە ناوچەکە و عێراق بە تایبەتی، لە ستراتیجی ئەمریکیدا مانەوەیان تا 2030 بەردەوام دەبێت لە فۆرمی جیاوازی سەربازی و دیپلۆماسیدا.
بۆ ماوهی نزیكهی 5 دهیهیه، واته له شۆڕشی ئیسلامی ئێرانهوه، ئهم وڵاته ویستوویهتی بارودۆخی ناوچهی رۆرههڵاتی ناوهڕاست بقۆزێتهوه بۆ ئهوهی وڵاتهكه بهدوور بێت له گۆڕانكاریی. باشترین چهكی جێبهجێكردنی ئهم سیاسهتهش پتهوكردنی ئهو ئهكتهره نادهوڵهتییانه بووه كه لهڕووی مهزههبییهوه له تارانهوه نزیكن. ئهمه جگه لهوهی بهردهوام سپۆنسهری تیرۆری كردووه و فیتنە و ئاژاوهی خستوهته ناو دهوڵهته لاوازهكانهوه.
●وزە و ئابووری
لەماوەی خولی دووەمی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، سیاسەتێکی بازرگانی شەڕانگێزانە و رەنگاوڕەنگيى نەتەوەپەرستانە جارێکی دیکە هاتوهتە بەرچاو. ترەمپ بە قسە و باسەکانی وەک “ئەمریکا یەکەم” و بەڵێنێک بۆ گەڕاندنەوەی گەورەیی پیشەسازی وڵاتەکە، زنجیرەیەک گومرگی دەستپێکردووە کە هەردوو هاوپەیمان و رکابەرەکانی دەکاتە ئامانج. ئەم رێوشوێنانە کاریگەريى دەستبەجێ و دوور مەودایان لەسەر بازاڕە داراییە جیهانییەکان، زنجیرە بەرهەمهێنانەکان، فشارەکانی هەڵاوسان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.
ئەوەی پێشتر بە گوتار و تاکتیکی دانوستان دادەنرا، ئێستا بووەتە سیاسەتی دامەزراو. لە 2ی ئاوریل کە لەلایەن ترەمپەوە ناوی لێنرا “رۆژی ئازادی”، حکومەتی ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، پارچە، کانزا و وزە و هتد.. راگەیاند. پاساوەکە پاراستنی هەلیکار و پیشەسازی ئەمریکی بووە، لەهەمانکاتدا گەیشتن بە مەرجی بازرگانی “دادپەروەرانە” بووە. هەروەها شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەم سیاسەتە مەترسی ئەوەی هەیە شەڕێکی بازرگانی تەواو و لێکەوتەی دوور مەودا بۆ ئابووری جیهانی دەستپێبکات.
● پێشینەی دوکتۆرینی سیاسەتی بازرگانی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ بە درێژایی ژیانی سیاسی خۆی داکۆکی لە ڕێوشوێنی سیاسەتی بازرگانی پارێزەرانە کردووە. هەر لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا هۆشداریدا لە پەرەسەندنی کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا و پێشنیاری باجەکانی کرد وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی. بە پێچەوانەی سەرۆک کۆمارییەکانی پێشووی کە بانگەشەیان بۆ بازرگانی ئازاد و رێککەوتنە بازرگانییە فرەلایەنەکان دەکرد، ترامپ بەردەوام گومانیان لەم دامەزراوانە هەبووە و لەبری ئەوە بانگەشە بۆ رێککەوتنی دوو قۆڵی کردووە کە ئەمریکا وەک گەورەترین ئابووری جیهان بتوانێت مەرجەکان دیکتە بکات.
لەماوەی خولی یەکەمیدا ترەمپ ، بەم دیدە دەستی پێکرد. ئەمریکا لە هاوبەشی ترانس پاسیفیک کشایەوە و دانوستانی لەسەر نافتا کردەوە بۆ USMCA و باجی بەسەر کاڵای چینی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار سەپاند.
کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2024دا گەڕایەوە بۆ سەرۆکایەتی، ئەم سیاسەتانە چڕتربوونەوە. بە کۆنتڕۆڵکردنی زیاتر بەسەر پارتی کۆمارییەکان و دەورەدانی راوێژکارە هاوبیرەکانی وەک پیتەر ناڤارۆ و کیڤن هاسێت، قۆناغێکی نوێ لە ناسیۆنالیزمی ئابووری ئەمریکا دەستیپێکرد. باجی نوێ هەم چەکێکی ئابوورییە و هەم پەیامێکی سیاسییە، کە ئەمریکا چیتر بەرگەی کورتهێنانی بازرگانی و پشتبەستن بە زنجیرەی دابینکردنی بیانی یان ئەوەی کە ترەمپ ناوی بردووە “مامەڵەی نادادپەروەرانە” ناگرێت.
●سێ ئامانجی سەرەکی
ئامانجی سەرەکی ستراتیجی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە سێ خاڵی سەرەكیدا دەبینێتەوە کە ئەوانیش بریتیین لە :
1- زامنکردنی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان
2- زامنکردنی ئارامی و ئاسایشی ئیسرائیل
3- بەردەوامیدان بە هەژموونی خۆی لە ناوچەکە
ئەمانە سێ ئامانج و کۆڵەکەی سەرەکی ستراتیجی ئەمریکان و هیچکاتێکیش بە گۆڕینی سەرۆک و حکومەتەکان، گۆڕانکاريى بەسەردا نەهاتووە، بگرە دەتوانین بڵێین رێژەیەکی نەگۆڕن، پێدەچێت لەڕووی ئامڕاز و شێوازی مامەڵەکردنەوە، جیاوازییان هەبوو بێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەک شت بوون.
تا ئێستاش وتەکەی سەرۆک ریچارد نیکسۆن وەکو بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بڕیاربەدەستانی ئەمریکا، کاتێک گوتی:(ئەمریکییەکان ناچنە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و شەرعیەت و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریی، بەڵکو ئێمە بۆیە دەچینە ئەو شوێنانەوە، چونکە ناهێڵین بەرژەوەندیییەکانمان بکەوێتە مەترسیییەوە.) ئەم وتەیەش بۆتە پڕەنسیپی سەرەکی بۆ هەموو سەرۆکەکانی کۆشکی سپی، جا کۆماریی بن یان دیموکرات.
دەتوانین بڵێین: ئەمریکا ناتوانێت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە، ئەوەش لەبەربوونی گرنگییەکی ستراتیجی گەورە و پێگە جوگرافییە بەهێزەکەیی و بوونی سامانێکی گازو نەوتی زۆر و بازاڕێکی گەشەسەندوی بەهێز، جگە لە بوونی کۆمەڵێک دەروازە و مەمەمەڕ و نۆکەندی ئاوی، کە بایەخی گەورەیان لەسەر نەخشەی بازرگانی جیهانیدا هەیە.
دیدی ترامپ بۆ جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە لە پشتێنەیەکی ئابووریی بەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تێیدا وزە وەک چەکێکی سەرەکی بەکاردێت. ئیدارەی نوێ بە زیادکردنی بێپێشینەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئەمریکا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نرخەکانی بازاڕی جیهانی دەدات، ئەمەش هەم هێزی فشار دەداتە واشنتۆن بەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە، هەم رێگريى لە گەشەی ئابووریی چین دەکات. لەڕوانگەیەکی واقیعییەوە، ترامپ دەیەوێت لەبری ململانێی سەربازی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەی رێڕەوە بازرگانی و تەکنەلۆجییە نوێیەکان بێت، چونکە پێی وایە تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە داراییەکان و دروستکردنی بازاڕی هاوبەش، باشترین گەرەنتییە بۆ سەقامگیری و کەمکردنەوەی نفووسی هێزە نەیارەکان.
عێراق لە ناوەڕاستی ئەم هاوکێشە نوێیەدا رووبەڕووی فشارێکی واقیعی دەبێتەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی بێلایەنییەکی توند پەیڕو بکات و خۆی لە ململانێی واشنتۆن و تاران بەدوور بگرێت. ترامپ لەم قۆناغەدا جەخت لەسەر بڕینی شادەمارە دارایی و وزەییەکانی نێوان بەغدا و تاران دەکاتەوە، لە بەرامبەردا پاڵپشتی لە سەربەخۆیی ئابووریی عێراق و تێکەڵبوونی لەگەڵ سستمی وزەی وڵاتانی عەرەبی دەکات. لەڕووی ئەمنییەوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا بەرەو رێککەوتنێکی دوو قۆڵیی سنووردار دەڕوات؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە واشنتۆن دەیەوێت بە کەمترین تێچووی سەربازی و تەنیا لەڕێگەی مەشق و راوێژکارییەوە، عێراق وەک هێڵێکی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا بهێڵێتەوە.
نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دیدی ترامپدا، پێچەوانەی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا، پشت بە گۆڕینی رژێمەکان یان بڵاوکردنەوەی دیموکراسی نابەستێت، بەڵکو لەسەر بنەمای "واقیعگەراییەکی رووت"کار دەکات کە تێیدا ئابووری، هێزی سەربازی، و هاوپەیمانییە بەرژەوەندیخوازەکان بڕیاردەرن و رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.